کێشەی خەوزڕان و بینینی خەوی ناخۆشیان هەیە

شەیری بکە لە:
کێشەی خەوزڕان و بینینی خەوی ناخۆشیان هەیە

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

شەڕی غەززە زۆرترین زیانی بە منداڵان گەیاندووە، ڕێکخراوە مرۆییەکان لەم بارەوە هۆشداری دەدەن.


وێنە گەورەکە: ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوانی غەززە منداڵن. زۆربەی ئەو منداڵانەشی کە ماونەتەوە، بریندارن یان چەند کەسێکیان لە ئەندامانی خێزانەکەیان لە دەست داوە و لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە پێویستییان بە چارەسەر و چاودێری هەیە.


زانیاریی زیاتر: لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، زیاتر لە 38 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و زیاتر لە 89 هەزار کەسیش بریندار بوون، بەشی زۆری قوربانیان ژن و منداڵن.


درێژەی ڕاپۆرت


داتاکان
بە گوێرەی داتاکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی ڕزگارکردنی منداڵان، نزیکەی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار منداڵی غەززە، واتە بە نزیکەیی هەموو منداڵانی غەززە پێویستییان بە چاودێری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە. 


کارەساتی نەخۆشخانەی شیفا
یەکێک لە زیانە گەورەکان کە بەر منداڵانی غەززە کەوت هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا و دواتر وێرانکردنی نەخۆشخانەکە بوو، کە بە هۆیەوە هەزاران منداڵ بێ چاودێریی تەندرووستی مانەوە. 

 

سۆزی دایکایەتی
بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی غەززە یەکێک یان زیاتر لە ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەستداوە. ئەو دایک و باوکانەشی کە ماونەتەوە لە دۆخێکی خراپی دەروونیدان، بە جۆرێک کە شەڕ وایکردووە کەمتر لە جاران بتوانن نازی منداڵەکانیان هەڵبگرن و بە دەمیانەوە بن.


ماڵ بە کۆڵ و خەم لە دڵ
زۆر لە منداڵانی غەززە بە چاوی خۆیان کوژرانی ئەندامانی خێزان و هاوڕێیانی خۆیان لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا بینیوە، زۆریشیان بریندار یان کەمئەندام بوون. ئەوان بەم هەموو خەمبارییەوە ئێستا لە ئاوارەییدا و لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین. نزیکەی  ملیۆنێک 900 هەزار کەس لە کۆی دوو ملیۆن 300 هەزار دانیشتووی غەززە ئاوارە بوون. ئاوارەیی و ژیانی ژێر خێوەتەکانیش زۆر درێژە ناکێشێت لە ئاوارەییشدا جارێکی دیکە بۆردوومان دەکرێنەوە و ناچار دەبن دووبارە و چەند بارە ئاوارە ببنەوە.


کێشەی خەوزڕان و بینینی خەوی ناخۆشیان هەیە 
پزیشکان و شارەزایان دەڵێن ترس، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، بێخەوی و توڕەیی لە ناو خەڵکی غەززە بڵاو بووەتەوە. منداڵانیش لە هەموو چینەکانی دیکە زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو دۆخە دەروونییەی کە دایک و باوک و کەسوکاریان تووشی دەبن. بەتایبەت کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دایک و باوکان ناتوانن بە ئاسانی کۆنترۆڵی هەستەکانیان بکەن. جیا لە گەورەکان، منداڵانیش دوچاری نائارامیی دەروونی بوونەتەوە و بە زۆری کێشەی خەوزڕان و بینینی خەوی ناخۆشیان هەیە. 

 

چارەسەر
شارەزیان لەو باوەڕەدان کە هەر شتێک، تەنانەت بەرنامەی سادەی وەک یاریکردن یان فێرکاری و وانە هونەرییەکان، دەتوانن کەمێک لە دۆخی دەروونی منداڵانی غەززە باش بکەن، ئەوان لە دۆخێکدان کە تەنانەت پێویستییان بە بچووکترین یارمەتی هەیە، جا هەر شتێک و هەر جۆرێک بێت. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان