هەزاران گەنجی هەرێمی کوردستان ڕاهێنان لە 10 جۆر کارامەیی دەکەن

شەیری بکە لە:
هەزاران گەنجی هەرێمی کوردستان ڕاهێنان لە 10 جۆر کارامەیی دەکەن

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

بڕیارە (ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان - OIC)، ئەمڕۆ شەممە بڕوانامەی بەشداری خولێکی شەش مانگە بداتە چوار هەزار و 200 گەنجی ناوخۆ و تاراوگە، هاوکات یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ (قەتەر فاوەندەیشن) واژۆ بکات. 


وێنە گەورەکە: نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیران بارزانی بیرۆکەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە (ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان - OIC)، بۆ نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی، بڕیارە ئەم خولە بەردەوامی هەبێت.


لێدوانی فەرمی: پێشەوا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان ڕاهێنانی بە چوار هەزار و 200 قوتابی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و گەنجانی تاراوگە کردووە، ڕاهێنانەکان 10 کارامەیی لەخۆگرتبوون، هەریەک لەو کارامەییانە بە ئامانجی پەرەدان بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانسازی و پەرەدان بە خوود بووە.


زانیاریی زیاتر: بەگوتەی پێشەوا ئەحمەد، ئێستا پێنج هەزار قوتابی قۆناغی ئامادەیی بەهەمان شێوە لە ڕاهێنانێکی دیکەن و ئەو خولە بە یەکسانی بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئاڤا میدیا، بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ئەو ڕێوڕەسمە دەکات و زانیارییەکانتان بە وردی بۆ دەگوازێتەوە.


باکگراوند: ڕۆژی 29ی حوزەیرانی 2023 سەرۆکوەزیران بارزانی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکانی کردەوە، ئامانجی دامەزراندنی ئۆفیسەکە بۆ گەیاندنی پەیامی خەڵک بە سەرۆکی حکومەت و  لەهەمان کاتدا گەیاندنی پەیامی سەرۆکوەزیران بارزانییە بەخەڵک. 

 

درێژەی ڕاپۆرت

ئەو یاداشتەی واژۆ دەکرێت چییە؟

ئەمڕۆ شەممە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان (ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان) و (قەتەر فاوەندەیشن) واژۆ دەکرێت. لێکتێگەیشتنەکە بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی گەنجانە لە هەرێمی کوردستان و پشتیوانی قوتابیانی زانکۆ و ڕاهێنانیان لە وڵاتی قەتەر لەبوارە جیاوازەکانی زانستی و پەروەردە و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.

 

بۆچی گرنگە؟
(قەتەر فاوەندەیشن) تا ئێستا سەدان پڕۆژەی پەروەردەیی لە قوتابخانە تا زانکۆکانی چەندین وڵات ئەنجامداوە، یەکەمجارە ئەو دامەزراوەیە دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بەیەکەوەییان دەبێت.

 

چی لەبارەی (قەتەر فاوەندەیشن) دەزانی؟

دامەزراوەی قەتەر یان (Qatar Foundation) کارەکانی لەبواری پەروەردە و زانست و گەشەپێدانی کۆمەڵگەیە، لەساڵی 1995 دامەزراوە، بۆ ئیدارەدانی پڕۆژەکانی پشت بەخۆی دەبەستێت و یارمەتی لە حکومەتی قەتەریش وەردەگرێت، ئێستا شێخە موزا کچی ناسر دایکی میری ئێستای قەتەر سەرپەرشتی (قەتەر فاوەندەیشن) دەکات و هەر خۆشی بیرۆکەی دروستکردنی دامەزراوەکەی هەبووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان