سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی مووچە و چەند پرسێکی گرنگ وەڵامی پرسیاری خەڵک دەداتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

سەرۆکوەزیران بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ هاونیشتمانیان باسی پرسە گرنگەکانی وەک؛ مووچە، هەژماری من، کارەبا، هەلی کار، کۆچی گەنجان، پەروەردە و مامۆستایان، ناوچە ئیدارییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکە دەکات.

وێنە گەورەکە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ئەمشەو بەشی یەکەمی بڵاوکرایەوە، گوێ لە داخوازی و داواکاری و کێشەکانیان دەگرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە. لە پێشەکی قسەکانیشیدا ئامادەیی نیشان دەدات  پێکەوە "گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت" بکەن.

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران بارزانی لە وەڵامی  پرسیارێکدا لەبارەی مووچە دەڵێت: "لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ گەیشتووینەتە تێگەیشتنی هاوبەش و بەردەوام دەبین، مووچە دەکەوێتە سەر ڕێچکەی خۆی و پەنا بەخوا چیتر نابێتە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان".


لەلایەکی دیکەوە: سەرۆكوەزیران بارزانی لە وەڵامی پرسیاری هاونیشتمانییەکدا  كە لێی دەپرسێت بۆچوونتان چییە لەبارەی ئەو تەعریبەی كە ئێستا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، سەرۆكوەزیران بارزانی دەڵێت هەرگیز قبوڵی ناكەین خاكی هەرێمی كوردستان داگیربكرێت.

گۆشەیەکی دیکە: هاونشیتمانییەکی  دیکە لە سەرۆکوەزیران بارزانی دەپرسێت: كەی كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت؟ لە وەڵامدا سەرۆكوەزیران دەڵێت:  "خواست لەسەر كارەبا دوو هێندەی بەرهەمهێنانی كارەبایە، بەڵێنی چاككردنی كارەبا دەدەین و پلانمان هەیە كارەبا بكەین بە 24 كاتژمێر، بەڵام نازانین كەی پلانەكە تەواو دەبێت ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە كاری لەسەر دەكەین".

"بازرگانە سیاسییەکان هۆکاری پشت کۆچی گەنجانن"

لە وەڵامی پرسیاری دانیشتوویەکی سەنگەسەر بە ناوی شەریف ئەبووبەکر سەبارەت بە کۆچکردنی گەنجان بەهۆی نەبوونی دەرفەرتی کار و بەرنامەی حکومەت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، سەرۆکوەزیران بارزانی هۆکارەکەی بۆ ئەو "قاچاخچی و بازرگانە سیاسییانەی کە ژیانی هاووڵاتیانیان کردووەتە کاڵا بۆ بەرژەوەندیی کەسی خۆیان" گەڕاندەوە و  ئەوانی وەک "تاوانباری یەکەم" پێناسەکرد.

سەرۆکوەزیران بارزانی نیگەرانیی خۆشی پیشاندا لەوەی گەنجان "کەوتوونەتە بەر شاڵاوێکی پڕوپاگەندەی نەرێنی سیاسی بۆ ئەوەی بە گەنج بڵێ تۆ نابێت وڵاتەکەت خۆش بووێت، نابێت لێرە بمێنیتەوە، ژیانێکیان بۆیان تەسەور کردووە کە حەقیقەت نییە و وجودی نییە. لەو ڕێگەیە پارەیەکی زۆری لێدەستێنن، تووشی مەترسیی دەکەنەوە، زۆربەیان ناگەن بە ئامانج، زۆریان لە نیوەی ڕێگە گیان لەدەستدەدەن".

سەبارەت بەوەی ئەوان وەکو حکومەت دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی گەنجان کۆچ نەکەن، سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی گرنگی بە فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی ئابووری لە کوردستان بدەین بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە وزەو نەوت و گاز نەبەستین".

"لە ڕێگە پرۆژەکانەوە هەلی زۆرمان بۆ گەنجان ڕەخساندووە"

سەرۆکوەزیران بارزانی نموونەی بە گرنگیدان بە بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری داو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین پرۆژە لە هەرێمی کوردستان لەو بوارانەدا جێبەجێکراون، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێت.

سەرۆکوەزیران بارزانی تکایەکی لە گەنجان و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەبوو  "پێش هەموو کەسێک هاووڵاتی بیر لەوە بکاتەوە ئەم وڵاتە هی خۆیەتی، با هیچ بازرگانێک و بازرگانێکی سیاسیی یاری بە چارەنووسی گەنجەکانمان نەکات، خۆی بڕیاری خۆی بدات".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان بەرنامەیان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزنسی نوێ بۆ خۆیان بکەن و ڕایگەیاند "یارمەتی ئەو کەسانە دەدەین کە بیانەوێت یارمەتی خۆیان بدەن".

لە وەڵامی پرسیاری هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی چوارقوڕنە بە ناوی بڕیار سابر ئیبراهیم سەربارەت بە خزمەتکردنی شاری سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، سەرۆکوەزیران بارزانی بەو هاونیشتمانیە و ئامادەبووانی گوت؛ "هەمیشە خۆم بە خزمەتکار و بچووکی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرمگرتووە، خودا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەکانم کردووە و بەردەوامیش دەبم لەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم ڕازی ببن، ئەمە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵک لێم ڕازی ببێت".

هەر ئەو هاونیشتمانییە گلەیی لە هاندانی حکومەت لە کەرتی کشتوکاڵ و ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان و هاوردەکردنی کاڵای بیانی هەبوو، لە وەڵامدا سەرۆکوەزیران بارزانی ئاماژەی بۆ کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەت کرد و گوتی: پێموایە لەو کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە گرنگی بە بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ دراوە".

"بەرنامەی حکومەت وەکو خۆی لە هەموو ئاستەکان و شوێنەکان جێبەجێ نەکراوە"

بەلای سەرۆکوەزیران بارزانییەوە جێگەی داخ بوو کە لە " هەموو بەرنامەکانی حکومەت وەکو خۆی لە هەموو ئاستەکان و شوێنەکان جێبەجێ نەکراوە، گلەییەکی زۆر هەیە لە هاوردەکردنی شتی قاچاخ یان ماوە بەسەرچوو لە هەندێک لە سنوورەکان، کە داوا دەکرێت ئەو سنوورانە کۆنترۆڵ بکرێن کێشەی سیاسیی دروست دەبێت، کە ئەوەش نەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەرهاووڵاتی دروست دەکات".

سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵا و تەنانەت ئەوەشی کە بە شێوەیەکی یاساییش دێت، سەرۆکوەزیران بارزانی باسی ئەو ئاستەنگانەی کرد کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق هەیانە سەبارەت بە پێناسەی گومرگی و ڕایگەیاند: "ئێمە ئەوەندە دەسەڵاتەمان نییە ئازاد بین بە کەیفی خۆمان بێین کۆدی گومرگی بۆ دابنێین، دەبێت بگونجێت لەگەڵ ئەو کۆدە گومرگییەی  کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دایناوە. ئێمە لە هەندێک شوێن پێوەی پابەند دەبین، بەڵام لە زۆربەی دەروازەکانی دیکەی عێراق ئەسڵەن هەر ئیعترافی پێ ناکەن، بۆیە بە نرخێکی هەرزانتر داخل دەکرێت کە لە ئەنجامدا بە داخەوە جووتیار زەرەرمەندە".

"بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی دەربەندیخان دەکەین"

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی دەربەندیخان باسی کێشە و گرفتەکانی شارۆچکەکەی بۆ سەرۆکوەزیران بارزانی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەی 15 ساڵە بەردی بناغەی پڕۆژەیەک لە دەربەندیخان دانەنراوە، ئەمە جیا لە هەبوونی دەیان پرۆژەی دیکە کە ماوەی 10 ساڵە بە نیوەچڵی جێهێڵدراون.

لە وەڵامی قسەکانی ئەو هاونیشتمانییەی دەربەندیخان سەرۆکوەزیران بارزانی بە داخ بوو بۆ هەبوونی هەموو گیروگرفتە لە شارۆچکەکە و ڕایگەیاند "سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە لە بەرامبەر هەمووی ئەو شتانەی کە ڕوودەدات" و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "دامودەزگا ئیدارییەکان لە هەر شوێنێک کە دادەنرێن، بۆ ئەوە دادەنرێن  کارەکان بەڕێوەببەن، پشتمان بە دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەستووە بۆ ئەوەی بتوانن بەپیر خزمەتگوزاییەکانەوە بێن".

سەرۆکوەزیران بارزانی ئەوەی نەشاردەوە ئەو نایەوێت بەرپرسیاریێتی جێبەجێنەکردنی ئەو پرۆژانە بخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆجێیی ئەو ناوچانە لەوەی کەمتەرخەم بوونە و بەڵێنی دا "پێداچوونەوە لەو بابەتە دەکەین و لێکۆڵینەوە دەکەین لەسەر ئەوەی بۆ نەکراوە و چ دەکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە".

"پشتیوان بە خودا بابەتی مووچە چیتر نابێت بە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان"

هاونیشتمانییەکی دیکە پرسیاری ئەوەی لە سەرۆکوەزیران بارزانی کرد کە بەرنامەی حکومەت چییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی یەکجارەکی مووچە.. وەڵامی سەرۆکوەزیران بارزانی بۆ ئەو هاونیشتمانییە ئەوە بوو کە ئەوان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق "گەیشتووینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی ناردنی مووچە بەردەوام بێت، پێموایە وردەوردە دەکەوێتە سەر ڕێچکە ڕاستەکەی خۆی، پشتیوان بە خودا بابەتی مووچە چیتر نابێت بە هەواڵی ڕۆژنامە و میدیاکان".

بە دوو هۆکار دژایەتی پرۆژەی "هەژماری من" دەکرێت

یەکێک لە ئامادەبووانی گفتوگۆکە پرسیاری لەبارەی پرۆژەی هەژماری من و ئەو دەنگۆیانە کرد کە لەبارەی پرۆژەکەوە دەکرێن و بە دیاریکراویش ناوی سەڵاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی هێنا کە گوتوویەتی "هەژماری من هەمووی فێڵ و تەڵەکەیە"، لە وەڵامدا پرسیاری ئەو هاونیشتمانییە سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: ڕەنگە مامۆستا عەرەبی باشتر تێبگات، بۆیە وەڵامەکەی بە ئایەتێکی قورئان دەدەمەوە " إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ " هەندێک گومان گوناهە، ئەگەر پێیوابێت فێڵکاری هەیە، ئەمە گومانێکە خۆی دەیکات کە ڕاست نییە".

هەر لەبارەی هەژماری من، سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: هەژماری من پرۆژەیەکە، تەنیا و تەنیا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروستکراوە. ئەوانەی دژایەتی هەژماری من دەکەن، یان تێبینیان لەسەر هەژماری من هەیە، یان ئەوەیە لێی نازانن، یان ئەوەیە بۆ مەرامێکی سیاسیی دژایەتی دەکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "هەژماری من نە پرۆژەیەکی کەسییە نە حیزبییە، تەنیا شتێکە کە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە. ئەو فەرمانبەرەی کە مووچە وەردەگرێت تەنیا ئەمجارە لە حکومەت مووچەکەی وردەگرێت، نە لە بەرپرسێکی سیاسی، نە سەربازی، کەس ناتوانێت مەترسی لەسەر مووچەکەی دروست بکات. هاووڵاتی دەبێتە خاوەن ئیرادە و هەژماری بانکی خۆی، سوود لە 19 خزمەتگوزاری بانکی وەردەگرێت، هاووڵاتی دەتوانێت قەرز وەرگرێت، وەک هەموو کەسێکی دونیا دەتوانێت بە کارتی بانکی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پارەکەی خەرج بکات. هاووڵاتییانیش دەتوانن وەک فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من هەژماری بانکی بکەنەوە".

"هۆکار هەبووە ڕێگر بووە لەوەی خزمەتی قەڵادزێ بکەم"

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی قەڵادزێ و کارکردن بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە، سەرۆكوەزیران بارزانی ڕایگەیاند،  ئەو خۆی بە خزمەتکاری هەموو ناوچەکانی کوردستان دەزانێت بێ جیاوازی و گوتیی: "ڕێگە نادەم بڵێم تۆ تەنیا هی ئەو شوێنەیت یان هی ئەو دەڤەرەیت، هەموو کوردستان بۆ من ماڵی منە، سلێمانی، هەڵەبجە، قەڵادزێ، دهۆک و هەولێر، بۆ من هەموو کوردستان وەکو یەک وایە".

سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی پرۆژەکان لە قەڵادزێ جێبەجێ نەکراون، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: "ئەوەی پێم نەکرابێت یان نەمکردبێت، دیارە هۆکاری دیکە هەبووە کە ڕێگر بووە، ئەگینا من خۆم بە هیچ جۆرێک نامەوێت خۆم بچووک بکەمەوە بە سنوورێکی جوگرافی بچووککراو، هەموو کوردستان بە هی خۆم دەزانم، ماڵێکی گەوەرم هەبێت چۆن بە نیوەی ڕازی دەبم".

دڵنیایی بۆ مامۆستایان

خوێندن و پەروەردە لە هەر کۆمەڵگەیەک پەکی بکەوێت، کۆمەڵگاکە بە تەواوەتی دوای دەکەوێت، ئەمە گوتەی سەرۆکوەزیران بارزانی بوو بۆ مامۆستایەکی ڕاهێنەر و ڕایگەیاند: هیچ شتێک شوێنی پەروەردە و خوێندن ناگرێتەوە.

سەرۆکوەزیران هیوای خواست "تەنانەت ئەگەر لایەنە سیاسییەکانیش یاری بە چارەنووسی خەڵک بکەن، دەبێت مامۆستاکان زۆر لەوە بەرزتر بن کە بێن خوێندن و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتووی وڵاتەکەیان بکەنە قوربانی ململانێی سیاسی".

بۆ ئەو مامۆستایانەشی كە دەوامیان  بایکۆت كرد، سەرۆکوەزیران پێیوابوو "کارێکی باش نەبووە" و هیوای خواست "بایکۆت دووبارە نەكەنەوە و مامۆستایان دڵنیا دەكەینەوە حکومەت لەگەڵیدانە و پشتیوانیانەو قەت مافەكانیان نافەوتێت، مامۆستایان پێنج مانگ بایكۆتیان كرد مووچەکانیان نەفەوتا، بەڵام كێ قەرەبووی ئەو پێنج مانگە بۆ قوتابیان دەکاتەوە؟".


مووچە کرا بە بابەتێک بۆ ئەوەی پرسی خاکمان لەبیر ببەنەوە


"لە هەرشوێنێک دەستدرێژی کرابێتە سەر خاکی کوردستان قبوڵمان نەکردووە و قبووڵی ناکەین"، ئەم قسانەی سەرۆکوەزیران لە وەڵامی یەکێک میوانەکان بوو لە دیدارەکە کە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەڕێگەی مووچەوە کێشەی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان لەبیر بردینەوە.

سەرۆکوەزیران پشتڕاستی کردەوە کە مووچە کرا بە بابەتێک بۆ ئەوەی پرسی خاکمان لەبیر ببەنەوە و گوتی: "ئەوەی کراوە بە هیچ جۆرێک دانمان بە هیچ گۆڕانکارییەک نەناوە، ئامادەنین و ناشبین بۆ ئەوەی شتێک بەسەرماندا بسەپێنرێت، جیا لەوەی ئەوەی لە ماددە 140ی دەستووردا هاتووە".

"پلانمان هەیە کارەبا بکەینە 24 کاتژمێر"

سەبارەت بە گرفتی کارەبا وەک کێشەیەکی گشتی لە هەموو کوردستان، سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند پلانیان هەیە کارەبا بکەن بە 24 کاتژمێری. گوتیشی: ئەگەرچی ژمارەی ئێستای دانیشتووان بەراورد بە سەرەتای ڕاپەڕین دووهێندە زیادی کردووە، بەڵام  بەرهەمهێنانی کارەبا 10 هێندە زیادی کردووە، ئینجا بەش ناکات، چونکە خواست لەسەر کارەبا زیاتر بووە.

سەرۆکوەزیران بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای دا و ڕاشیگەیاند: پلانمان هەیە کارەبا بکەین بە 24 کاتژمێر، بەڵام بەڵێنی کاتەکەی نادەم، چونکە خەریکە کاری لەسەر دەکرێت تاوەکو زیاتر دڵنیا دەبین".


وەڵامی سەرۆکوەزیران کە بۆچی لای لایەنە سیاسییەکان خوازراو نییە


یەکێک لە میوانەکان بە سەرسوڕمانەوە لە سەرۆکوەزیران دەپرسێت و دەڵێت: سەرەڕای ئەو کارانەی دەیکەن بۆچی لایەنە سیاسییەکان لە جەنابتان ڕازی نین و لای ئەوان خوازراو نین؟ سەرۆکوەزیرانیش بە پێکەنینەوە هیوای  خواست "وانەبێت" و گوتی: "هەموو کەسێک بەرژەوەندی هەیە. من بەرژوەندی خەڵکم خستووەتە پێش بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکان و شانازیشی پێوە دەکەم و بەردەوامیش دەبم، ئەوەی بۆ من جێی شانازییە خزمەتکردنی ئێوەیە، ئەگەر لایەنی سیاسی لەسەر ئەمە لەمن ڕازی بێت زۆر سوپاسیان دەکەم، ڕازیش نەبن کەیفی خۆیانە".

"پلانی دروستکردنی چەندین بەنداوی مامناوەند و بچووک و پۆندمان هەیە"

کێشەکانی شارباژێر و نەبوونی بەنداو بۆ بنبڕکردنی گرفتی ئاو، کە دانیشتوویەکی شارباژێر لە سەرۆکوەزیران بارزانی کرد، ئەویش لە وەڵامدا جەختی لەسەر پێویستی بوونی بەنداوەکان لە کوردستان کردەوەو ڕایگەیاند: هەندێکجار جوگرافیای ناوچەکە رۆڵ دەبینێت لەوەی بەنداو لەکوێ دروست بکرێت".

سەرۆکوەزیران گوتیشی: هەوڵێکی زۆرمان داوە، چەندین بەنداوی مامناوەند و بچووک و پۆند لە سەرانسەری کوردستان دروست بکەین، زۆریش دروستکراون، زۆریش لە بەرنامەدایە دروست بکرێت، پلانی دروستکردنی چوار بەنداویش هەیە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش هەوڵی ئەوەمانداوە پارەی بۆ خەرج بکەن چونکە تێچووی زۆری دەوێت".

 

"گوێ لە هونەرمەندە کۆن و نوێکانیش دەگرم"

ئەو هاونیشتمانییەی دەڤەری شارباژێر پرسیاری ئەوەی لە سەرۆکوەزیران کرد چەند لە میوزیک دەزانێت و گوێ لە کامە گۆرانیبێژ دەگرێت، وەڵامەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی ئەوەیە کە ئەو "هیچی لێ نازانم، بەڵام ئارەزووم لە گوێگرتن لە میوزیک هەیە، گوێ لە گۆرانیی گۆرانیبێژە کۆن و نوێیەکانیش دەگرم و زۆر ئارەزوو بە ئاوازی کوردی دەکەم".

شەیری بکە لە: