عادل باخەوان: ئەگەر ڕاستڕەوە توندڕەوەكان بیبەنەوە دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت

شەیری بکە لە:
عادل باخەوان: ئەگەر ڕاستڕەوە توندڕەوەكان بیبەنەوە دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاڤا باس لە دۆخی فەڕەنسا و هەڵبژاردنەكان و ئەگەری بردنەوەی ڕاستڕەوەكان دەكات.


وێنە گەورەكە: گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت، وەك ئەوروپا و بەریتانیا ئەگەرێكی زۆرە كە ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان لە فەڕەنساش زۆرینەی دەنگ بەدەستبهێنن و ئەوەش كاریگەری گەورە لەسەر هەموو پرسەكان بەتایبەتی كۆچبەران دەبێت.


تەواوی گفتوگۆكە


ئاڤا نیوز: ئەم هەڵبژاردنە بۆ فەڕەنسا چ گرنگییەكی هەیە؟


عادل باخەوان: گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە كە سەرلەنوێ فەڕەنسا دادەمەزرێتەوە.


ئاڤا نیوز: سەركەوتنی ڕاستڕەوەكان چ كارییگەرییەكەی لەسەر فەڕەنسا دەبێت؟


عادل باخەوان: بەدرێژایەتی كۆماری فەڕەنسا هەرگیز ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان لەسەر حوكم نەبوون و دەسەڵاتیان نەگرتووەتە دەست، تەنیا ئەو چوار ساڵە نەبێت كە هیتلەر  فەڕەنسای داگیركرد، هیتلەر هەرێمێكی بۆ دروستكردن ئەم هەرێمە لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوەكانەوە بەڕێوەدەچوو، دوای تەواوبوونی داگیركاری ئەڵمانیا دەسەڵاتی ئەو ڕاستڕەوانەش  كۆتایی پێهات، ئەگەر ئەمجارە لەم هەڵبژاردنە، ڕاستڕەوە توندڕەوەكان لە فەڕەنسا دەسەڵات بگرنەدەست واتە مێژوویەك كۆتایی دێت و مێژوویەكی نوێ دەستپێدەكات، بەڵام بەپێی ئامارەكان ڕاستڕەوە توندڕەوەكان ناتوانن زۆرینەی ڕەهای فەڕەنسا بەدەستبهێنن.


ئاڤا نیوز: پرسی كۆچبەران و بابەتی ئیسلامۆفۆبیا چی لێدێت؟


عادل باخەوان: لە هەرشوێنێك ڕاستی ڕادیكاڵ دەسەڵات بگرێتە دەست ، پرسی ئیسلام و كۆچ دەچێتە دۆخێكی زۆر خراپەوە.


ئاڤا نیوز: سەبارەت بە كورد و ئەو كوردانەی لە فەرەنسان ئەوان چیان لێدێت؟


عادل باخەوان: لە فەڕەنسا شتێك نییە بەناوی تایبەتمەندی كورد یان لە ئەوروپا، ئەوەی كە هەیە پێیدەگوترێت كۆچبەر، یان وەك موسوڵمان مامەڵەت لەگەڵ دەكرێت، تۆ ئەگەر جووبیت یان موسوڵمان بیت یان مەسیحی بیت وە یان مولحید بیت مادام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕۆشتوویتە فەرەنسا یان وەك كۆچبەر مامەڵەت لەگەڵ دەكرێت یان لە چوارچێوەی موسڵماندا مامەڵەت لەگەڵ دەكرێت.

 

ئاڤا نیوز: لەە كۆی گشتی هاوكێشەكەدا مامەڵەی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟


عادل باخەوان: لەبەر ئەوەی سەرۆك ماكڕۆن لە شوێنەكەی خۆی دەمێنێتەوە و لانابرێت و دەمێنێتەوە تا 2027، بابەتی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە تایبەتمەندی سەرۆككۆمارە، هیچ گۆڕانكارییەك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و فەڕەنسا نابێت، ئەگەر سەرۆك ماكرۆن بڕۆشتایە ئەو كاتە بەدڵنیاییەوە شتێكی گرنگ ڕووی دەدا، بۆیە هیچ گۆڕانكارییەك ڕوونادات.


ئاڤا نیوز: ئەی لەناوخۆی فەڕەنسا چی ڕوودەدات؟


عادل باخەوان: بەڵێ گۆڕانكاری گەورە ڕوودەدات ئەگەر ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان دەسەڵات بگرنەدەست هەموو شتێك لەناوخۆی فەرەنسا دەگۆڕێت.


ئاڤا نیوز: بابەتی ئۆكراینا و غەززە چی لێدێت؟


عادل باخەوان: ئەگەر ڕاستڕەوەی توندڕەو دەسەڵات بگرنەدەست، ئەوا بۆ ئۆكراینا خراپە چونكە دۆستایەتییەكی زۆر باشیان لەگەڵ ڤلادیمێر پووتیندا هەیە، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی  سەربازی لە دەستی سەرۆككۆماردایە ئەگەر دەسەڵات بكەوێتە دەست ڕاستڕەوەكان ئەوا ئەو كارە دەكەن و لایەنگری پووتین دەكەن.


ئاڤا نیوز: ئەگەری دورستبوونی ئاڵۆزی لە ناوخۆی فەڕەنسادا هەیە؟


عادل باخەوان: ئەگەر ڕاستڕەوە توندڕەوەكان دەنگی ڕەها ببەن، وەك سەرۆك ماكڕۆن دەڵێت جەنگی ناوخۆ لە فەرەنسا ڕوودەدات، ئەگەر جەنگی ناوخۆش ڕوونەدات دۆخەكە زۆر زۆر ئاڵۆزدەبێت، هەردوای دەرچوونی ئەنجامەكان ئەگەر ڕاستڕەوەكان 283 كورسی بەدەسبهێنێت فەڕەنسا توشی زەبر و زەنگێكی گەورە دەبێتەوە.


ئاڤا نیوز: بۆچی ڕاستڕەوەكان لە ئەوروپا بەرەو پێشەوە دەچن پەیامی ئەمە چییە؟


عادل باخەوان: پەیامی سەرەكی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی ڕاستڕەوەكان واتە تەنیا سیاسەت نەگۆڕاوە، بەڵكو هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵگەی فەرەنسی گۆرانكاری بەسەردا هاتووە وئەگەر ئەمەش گۆڕا واتە دەبێت خۆمان بۆ قۆناغێكی نوێ ئامادەبكەی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: