کورد کەمترین و خوراسانییەکان زۆرترین بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئێراندا هەبووە

شەیری بکە لە:
کورد کەمترین و خوراسانییەکان زۆرترین بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئێراندا هەبووە

کۆمەڵێک دەنگدەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی دەنگدان، سەرچاوە: ئیرنا

ئاڤا نیوز

ڕێژەی بەشداریی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی  کوردستان لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەگوێرەی پارێزگاکان ڕاگەیێنرا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران کەمترین بەشداربوونیان  هەبووە.

وێنە گەورەکە: ڕێژەی گشتیی بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن 49.8٪ بووە. زۆرترین ڕێژەی بەشداربوون تایبەت بە پارێزگای خوراسانی باشوور بووە کە 70.8٪ و کەمترینیش تایبەت بوو بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە 29.2٪ بووە. 

هۆکارە زانراوەکان: چەندین هەڵبژاردنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بانگەوازی حیزبە کوردییەکان و جیاوازی دانانی دەسەڵات، کەمترین کەس دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

سەرەڕای فشار و بەڵێنی گەورە، 'شۆڕشی ژن ژیان ئازادی'ـش کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەقەکەی بوو، هۆکارێکی دیکەی کەمی ڕێژەی بەشداربوون. تەنیا لە پارێزگای سنە، پزیشکیان 284هەزار دەنگ و جەلیلی 76هەزار دەنگی بەدەست هێناوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕێژەی بەشداربوون لە گەڕی یەکەم لە پارێزگای سنە 23٪ و لە خوراسانی باشووریش 64٪ بوو.

ژمارەکان وا دەڵێن: لە کۆی 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 دەنگدەر، 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 کەس دەنگی داوە. لەو ژمارەیە، 29 ملیۆن و 922 هەزار و 582 دەنگیان درووست بوون.

پزیشکیان 16ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە  54.76٪، لەبەرامبەردا جەلیلی 13ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 45.24٪.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان