دوای هەڵبژاردن ئابووری ئێران بەرەو كوێ؟

شەیری بکە لە:
دوای هەڵبژاردن ئابووری ئێران بەرەو كوێ؟

ئاڵای ئێران

ئاڤا نیوز

 

خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئێران بەڕێوەدەچێت و ئێرانییەکان لەنێوان سیاسەتی نەریتخوازی پشتبەستوو بە ئابووریی ناوخۆ و ڕیفۆرمخوازی و کرانەوەی ئێران بەڕووی جیهان، یەکێکیان هەڵدەبژێرن.


وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ 61 ملیۆن دەنگدەری ئێران مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەیە، دوای کەوتنە خوارەوەی هیلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەڕۆژی 19-5-2024 چاوی ئێرانییەکان لەسەر ئەوەیە جێگرەوەی ڕەئیسی کێ دەبێت و چی بۆ ئابوری ئێران پێدەبێت.


درێژەی ڕاپۆرت


ئابووری ئێران لە سیاسەتی جەلیلی و پزیشکی
لەکاتی بەڕێوەچوونی دیبەیتی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئێران، سەعید جەلیلی بەربژێری نەریتخوازەکان وەک کارکردنی سیاسەتی داهاتووی، گوتی " بەردەوام دەبین لەسەر بەدەستهێنانی گەشەی ئابوری %8  لەکاتێکدا ئەمە هەمان خواستی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی پێشووی ئێران بوو، لەبەرامبەردا پزیشکیان لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکان بەردوام جەختی لەسەر سیاسەتی کرانەوەی ئێران بەڕووی جیهان دەکردەوە. 


ئێران لەبەردەم زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان
ئاستی پێوانەکردنی هەڵاوسان لە ئێران لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانی بە (پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر (CPI دەکرێت، پێوەرێکی مانگانەیە بۆ ڕێژەی هەڵاوسان، بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە ماڵپەڕی بانکی ناوەندی ئێران بڵاوکراوەتەوە، ساڵی 2022 ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتە %46.5 لە کاتێکدا ساڵێک پێشتر ئەو ڕێژەیە %46.2 ئەمە لەکاتێکدایە ئەو ڕێژەیە 10 ساڵ پێش خۆی %30.5 بووە.

 

داهاتی ڕۆژانە و مانگانەی ئێرانییەکان چەندە؟
ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئێران گەیشتووەتە 89 ملیۆن کەس، بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئابورییەکانی ئێران بێت، ئەوانەی ئێستا بەدوای کاردا دەگەڕێن یان لە هێزی کارکردن دەرچوون واتا (بێکارن) ڕێژەی %71 ی دانیشتووان پێکدەهێنن. 
ئێستا لە ئێران بەرزترین مووچەی پزیشکێکی زانکۆ کە پلەکەی پڕۆفیسۆر بێت 36 ملیۆن تمەنە واتا 600 دۆلار.
مامۆستایەکی سەرەتایی کە تازە دامەزرابێت 12 ملیۆن تمەن وەردەگرێت واتا بەنزیکی 200 دۆلار، ئەگەر چەند ساڵێک بێت دامەزرابێت، مووچەکەی دەگاتە 24 ملیۆن واتا 400 دۆلار، ڕۆژانەی کرێکارێک لە ئیران 800 هەزار تومەنە واتا نزیکەی 12 دۆلارە.


چیرۆکی بێ بەها بوونی تومەنی ئێرانی
 ئەگەرچی ناوی دراوی فەرمی ئێران (ڕیاڵ)ە، بەڵام ئێرانییەکان و بازاڕی کوردستانیش هەر پێی دەڵێن تومەن، هۆکاری مانەوەی ناوەکەی ئەوەیە، تا ساڵی 1932 دراوی ئێران ناوی تومەن بووە. وشەی تومەن لە (تومین)ی تورکی وەرگیراوە واتا 10 هەزار.
ساڵێک بەر لەوەی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەساڵی 1979 ڕووبدات، بەهای تومەنی ئێرانی لەڕیزبەندی 16-یەمین بەهێزترین دراوی جیهانی بوو، بەڵام دواتر تومەن لەڕیزبەندی بەهێزی دراوە جیهانییەکان هاتە دەرەوە، لەم چەند ڕۆژە هەر 100 دۆلار نزیکەی شەش ملیۆن تومەنی ئێرانییە، نازانرێت ئەمشەو دەردەکەوێت ئێرانییەکان کرانەوە بەڕووی جیهان هەڵدەبژێرن یان بەردەوام دەبن لەسەر نەریتخوازی و دوورە پەرێزی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان