نەوت؛ بکوژە بێدەنگەکەی عێراق

شەیری بکە لە:
نەوت؛ بکوژە بێدەنگەکەی عێراق

باوکێک بە دیار بکوژی جگەرگۆشەکەیەوە. وێنە: AFP

ئاڤا نیوز

 

بەسرە دووەم گەورەترین شاری عێراقە و 2.9 ملیۆن کەس تێیدا دەژیت. جگە لەمەش، هەزاران کەسی دیکە بۆ پەیداکردنی هەلی کار لە کەرتی نەوت ڕوویان لە شارەکە کردووە. 

 

وێنە گەورەکە: سەرەڕای کارکردنی کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکان لە بەسرە، بەڵام بێکاری لە ئاستێکی بەرزدایە. هاوکات، کەرتەکانی تەندرووستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان فەرامۆش کراون و ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکیی خۆپیشاندانەکانی 'جوڵانەوەی تشرینی 2019' بوون.

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: پیسبوونی ژینگە بە هۆی چالاکیی کەرتی نەوتەوە بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لە سەر دانیشتوانی شارەکە. زۆربوونی دەردرانی گازە ژەهراوییەکان بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری شێرپەنجە.

 

 

شێرپەنجە چووەتە ناو گوندەکانەوە
لە گوندی 'نەهران عومەر'، کە 15 کیلۆمەتر لە بەسرەوە دوورە، کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لە بەر پیشەسازیی نەوت بە تەواوی دیارن. لەوێ کەسانێک تووشی شێرپەنجە بوون. رەغەد کەریم، 44 ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی کە توشبوونی شێرپەنجەی کۆڵۆنە؛ ئەو بە 'زە نیو ێجن'ـی گوتووە "چەندین ساڵە ئێمە دووکەڵ هەڵدەمژین و ئەمەش بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین جۆری شێرپەنجە. براکەم ساڵی 2007 بە شێرپەنجە مرد." 

تووشبووانی شێرپەنجە، جگە لە ئازارەکانی نەخۆشییەکە، کێشەی نەتوانینی دابینکردنی چاودێری پزیشکی و چارەسەری کیمیاییان هەیە کە تێچوویەکی زۆری هەیە. بە گوتەی ڕەغەد کەریم حکومەت و دامەزراوە خێرخوازییەکان هیچ هاوکارییەک پێشکەش ناکەن. 

 

ترس لە ئەنجامی پشکنینەکان
لە گوندەکە زۆر کەس لە ترسی ئەوەی نەوەک پزیشک پێیان بڵێت کە تووشی شێرپەنجە بوون، ناوێرن بچن پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن. چونکە ئەگەریش تووش بووبن هیچی وایان پێ ناکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق، بە گوێرەی داتاکانی وۆرڵد میتەر لە ساڵی 2016ـدا خاوەنی نزیکەی 143 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەکە. بەڵام بەشی خەڵکەکەی لەم نەوتە لەوانەیە تەنیا دوکەڵ و شێرپەنجە بێت.

 

چیرۆکی پیاوێک کە شێرپەنجە کوڕەکەی لێ برد
حوسێن جولوود، خەڵکی بەسرەیە و لەگەڵ خێزانەکەی لە ناوچەی ڕومەیلا لە نزیک ئەو کێڵگە نەوتییانە دەژیت کە کۆمپانیای بی پی بەریتانی کاریان تێدا دەکات. ساڵی ڕابردوو، عەلی، کوڕە 21 ساڵانەکەی حوسێن، دوای شەش ساڵ بە تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێن و دوای وەرگرتنی چەندین چارەسەر، گیانی لەدەست دا. 

عەلی یاریزانێكی باشی تۆپی پێ بوو و خەونی ئەوە بوو ببێتە یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ. ئەو لە گوندەکەیان دوکانێکی بچووکی بۆ جوانکارییەکانی مۆبایل هەبوو. 

حوسێن پێی وایە کۆمپانیاکانی نەوت هۆکاری مردنی کوڕەکەین و کۆمپانیای بی پی داوەتە دادگا. ئەو دەڵێت هیچ شتێک ناتوانێت لەدەستدانی کوڕەکەی قەرەبوو بکاتەوە؛ ئەوەش دەڵێت کە 180 ملیۆن دیناری عێراقی لە چارەسەردا خەرج کردووە. دەیان و سەدان کەسی دیکەش چاوەڕێی هەمان چارەنووسی عەلین.

 


ڕۆمەیلا، نەوت و شێرپەنجە
لە کێڵگەی نەوتی ڕۆمەیلا، کە 50 کیلۆمەتر لە بەسرەوە دوورە، ڕۆژانە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت و بەمەش دەبێتە سێیەم بەبەرهەمترین کیڵگە لە سەر ئاستی جیهان. لە دووریی کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لەم کێڵگەیە چەندین خێزان دەژین، کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی عێراقە بەوەی دەبێت کێڵگەکان لانیکەم 10 کیلۆمەتر لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونەوە دوور بن. هەر ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە. 

 

منداڵان لەژێر هەڕەشەدان
دەرهێنانی نەوت، دەردانی گازە ژەهراوییەکان و پیسیی ژینگەکە منداڵانی خستووەتە ژێر هەڕەشەی تووشبوون بە شێرپەنجەوە. بە گوێرەی پشکنینێکی پزیشکی کە بۆ منداڵانی ڕومەیلا کراوە دەرکەوتووە کە 70٪ـی منداڵان ڕێژەیەکی بەرزی نەفتالین لە ناو میزیاندا بوونی هەیە کە هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجە. 

 

کێشەیەکی دیکە
لێکەوتەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو 50 پلەی سەدی، کێشەکانی هێندەی دیکە ئاستەم کردووە. لە پاڵ ئەمیشەوە، لاوازیی کەرتی تەندرووستیی عێراق وایکردووە عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵات بە دوای چارەسەردا بگەڕێن کە ئەوەش لە توانای دارایی هەموو کەسێکدا نییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان