مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران کێیە؟

شەیری بکە لە:
مەسعود پزیشكیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران کێیە؟

مەسعود پزیشکیان لە مهاباد لەدایک بووە و بە کوردییەکی ڕەوان قسە دەکات

ئاڤا نیوز


مەسعود پزیشكیان لە هەڵبژاردنی دوێنێدا بە  بەدەستهێنانی 52%ی دەنگەکان بووە سەرۆککۆماری نوێی ئێران. پزیشکیان دەبێتە نۆیەم سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.

 

وێنە گەورەكە: دوێنێ هەینی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران بەڕێوەچوو؛ هەریەكە لە مەسعود پزیشكیان و سەعید جەلیلی كێبڕكێی بردنەوەی زۆرترین دەنگیان دەكرد بۆ ئەوەی ببنە سەرۆككۆماری ئێران، لە ئەنجامیشدا پزیشکیان لە جەلیلی بردەوە.

 

پزیشكیان كێیە؟

‎مەسعود پزیشكیان لەدایکبووی 29ـی ئەیلوولی 1954ـە، سیاسەتوانێکی چاکسازیخوازیی ئێرانییە و نوێنەری تەورێزە لە پەرلەمانی ئێران؛ لە کابینەی محەممەد خاتەمی لە ساڵی 2001 تاوەکو 2005، وەزیری تەندروستی بوو، پزیشکیان وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی 2016 تاوەکو 2020 کاری کردووە.

 
لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2013 خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر کشایەوە و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2021دا جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە کە لە ھەڵبژاردنەکە بێبەش کرا و دواتر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2024 سەرکەوتنی بەدەستھێنا.

 


ژیانی سەرەتایی

پزیشکیان لە 29ـی ئەیلوولی 1954 لە شاری مەھاباد لە باوکێکی ئازەربایجانی و دایکێکی کورد لەدایکبوو، دوای وەرگرتنی دیبلۆم لە ساڵی 1973، ڕووی لە زابۆل کرد بۆ ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی ئەنجام بدات، ھەر لەم ماوەیەدا حەزی لە پزیشکی بوو. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ھەم سەرباز و ھەمیش پزیشک بوو.


پزیشکیان بە کوردییەکی  ڕەوان قسە  دەکات و لە کاتی هەڵمەتی  هەڵبژاردن لە شاری کرمانشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا بە زمانی کوردی گوتی "بژی کوردستان".

پزیشکیان لە ساڵی 1985، خولی پزیشکیی گشتی تەواو کرد و لە کۆلێژی پزیشکی دەستی بە وانەگوتنەوە لە فیزیۆلۆژی کرد. لە ساڵی 1990، پسپۆڕیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز بەدەستھێنا.

 

ئەركە حكومییەكانی پزیشكیان

پزیشکیان لە ساڵی 2001 تا 2005لە کابینەی محەممەد خاتەمیدا بووە وەزیری تەندروستی. لە ساڵی 2010دا ھەوڵەکانی بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان شکستیان ھێنا، پزیشکیان مامۆستای قورئان و بێژەری نەھجولبەلاغەیە کە دەقێکی سەرەکییە بۆ شیعەکان و لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2008 لە تەورێزەوە وەک یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ھەڵبژێردرا. پزیشکیان ئێستاش نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران و ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵگەی ھاوڕێیەتیی ئێران و تورکیایە. 

 

پزیشکیان داوای کردووە کە ماددەی 15ـی دەستووری ئێران بۆ ھەموو نەتەوەکان جێبەجێ بکرێت، ئەم ماددەیە دەڵێت: «زمان و ڕێنووسی فەرمی و ھاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامەکان، نامەنووسەکان، دەقە فەرمییەکان و کتێبە دەرسییەکان دەبێت بەم زمان و ڕێنووسە بێت، بەڵام بەکارھێنانی زمانە خۆماڵی و ئێتنیکییەکان لە ڕاگەیاندن و میدیا گشتییەکاندا و فێرکردنی وێژەی ئەم زمانانە لەگەڵ زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا ڕێگەپێدراوە.

پوختە

سەرچاوەکان خێزانەکەی بە دوور لە پەراوێز دەزانن و خۆشی لە بابەتە ئابوورییەکاندا خاوەنی پێشینەیەکی ڕوونە، بەڵام نەیارانی سیاسیی پزیشکیان وەک عەلیڕەزا زاکانی تۆمەتبار کردووە کە بەرگری لە کەسانی گەندەڵ دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان