جیهان پێشوازی لە "بەربژێرە تووندەکە" دەکات؟

شەیری بکە لە:
جیهان پێشوازی لە "بەربژێرە تووندەکە" دەکات؟

دوو بەربژێرەکەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران

ئاڤا نیوز

 

لەبەر ئەوەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پشتیوانی تەواوەتی سەعید جەلیلیان دەكات، ئەگەرێكی زۆر هەیە ببێتە سەرۆكکۆماری ئێران ئەمەش لەڕووی نێودەوڵەتییەوە كاریگەری لەسەر ئێران دەبێت.

 

وێنە گەورەكە: ئێرانییەكان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی جەلیلی یان پزیشكیان هەڵبژێرن، زۆرینەی پێشبینییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە ئەوەیە كە جەلیلیان براوە دەبێت، لەڕووی نێودەوڵەتییەوە كاریگەری دەبێت لەسەر ئێران و پێناچێت بتوانێت گۆڕانكاری لە پرسی مامەڵەی دەرەكی لەگەڵ ئێراندا بكرێت.

 

بۆچی گرنگە: ئەگەر جەلیلی بیباتەوە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕەوتی موحافزكاران لە ئێران، ئەگەریش پزیشكیان بیباتەوە وڵاتەكە بەڕووی جیهاندا دەكرێتەوە.

 

 

جیهان پشتی لە ئێران كردووە

لە دیبەیتی دوو ڕۆژەی نێوان دوو بەربژێرەكەی ئێراندا زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە جەلیلیان زۆر موحافزكارانە باس لە دەسەڵاتی پێشووی ئێران و مامەڵەی سیاسیی جیهان دەكات لەگەڵ ئێراندا، ئەو دەیگوت ئێران سیاسەتێكی "حەكیمانەی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام جیهان پشتی لە ئێران كردووە، پزیشكیانیش دەڵێت، لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات بەهۆی هەڵەی سیاسییەكانی ئێمەوەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەرەوەدا و ئێوە تۆڕێكی گەورەتان بەسەر ئێراندا داوە كە لە جیهانی دەرەوەی دابڕیوە.

 

جیهان لەگەڵ موحافزكارەكاندا نییە

لە دەیەی ڕابردوودا موحافزكارەكان براوەی پۆستی سەرۆكی ئێران بوون، ئەمەش كاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر مامەڵەی جیهان لەگەڵ ئێران، چونكە هەم لە پرسی ئەتۆمیدا نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی زۆر باش مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، نە لەڕووی نێوخۆیشەوە توانیویانە دەنگی خەڵكی بە ئەنجامدانی داواكارییەكان جێبەجێ بكەن.

 

ئەمریكا نیگەرانە

ئەگەر موحافزكارەكان ببنە براوەی هەڵبژاردنەكان، ئەمریكا تووشی نیگەرانییەكی گەورەی دەبێت، چونكە ئەوان لە پشت هاوكاریگردنی گروپەكانی دەرەوەی ئێرانن كە بە مورتەزەقە و بە نەیاری ئەمریكا ناسراون و هەروەها تۆڕێكی گەورەی هەواڵگری و سەربازییان بۆ ئێران دروستكردووە كە بوونەتە سەرئێشە بۆ ئەمریكا، لەژێر سایە و سێبەری موحافزكارەكاندا ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا 36 ملیار دۆلاری بۆ گرووپە چەكدارەكان خەرج كردووە، ئەمەش مەترسییەكی گەورە دروست دەكات لە چوار ساڵی داهاتووی ئێراندا، چونكە ئەمریكا نایەوێت ئەم گرووپانە بەمشێوەیە بەردەوام بن.

 

ئەوروپا نایەوێت

موحافزكارەكان لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەكی لاوازیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەبووە، ئەمەش وایكردووە كە ئەوروپا زۆر دووربكەوێتەوە لە ئێران، ئەگەر جارێكی تر، جەلیلی موحافزكار و ڕادیكاڵ بیباتەوە، ببێتە هۆی ئەوەی كە مەترسییەكی گەورە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەوروپا دروست ببێت، چونكە ئەوروپا جارێكی دیكە ئامادە نییە لەگەڵ ئێراندا ئاسنی سارد بكوتێت و ئەو دۆخە دووبارە ببێتەوە.

 

بەرجام بێ ئەنجامە

پرسی ئەتۆمی ئێران كە بە بەرجام ناسراوە لە ئێران، لە كاتی سەركەوتنی موحافزكارەكاندا بێگومان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت، جەلیلی لە دیبەتی دوو ڕۆژە لەگەڵ پزیشكیاندا گوتی، ئێمە بە ڕاست و ڕوون گوتومانە كە ئامادەی بەهێزكردنی بەرجامین و هەروەها ئەوەتا دەرگامان كراوەتەوە، بەڵام ئەوروپا و ئەمریكا خۆیان ئامادەنین كە بێنە پێشەوە، ئەوان دەیانەوێت بەدڵی خۆیان ئێمە یۆرانیۆم بپیتێنین، لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیە كە ئێمە بچینە ژێر سێبەر و دەستی بیانییەكان، لەكاتێكدا پزیشکیان دەیگوت، ئێمە مووشەكمان بۆ چییە ئەگەر نان نەبێت بیخۆین، بۆیە لە ئەگەری بردنەوەی موحافزكارەكاندا بەرجام بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و چارەسەر نابێت.

 

جیهان پشتی لە ئێران دەبێت

ئەگەر جەلیلی سەركەوتووبێت، جارێكی دیكە پرسی ئێران لە جیهاندا وەك قەوانێكی كۆنی لێدێت و هیچ كەس ئامادە نییە مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئێراندا بكات چونكە ئێران هەمان سیاسەتی دوو سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەی هەیە، نەبوونی پشتیوانیی ئێرانییەكان لە پزیشكیان هۆكارێک دەبێت بۆ ئەوەی جەلیلی بیباتەوە و كاریگەری هەبێت لەسەر تەواوی دۆخی ئەو وڵاتە.


پوختە

لەڕاستیدا ئێران لە دۆخێكی ناهەمواری سیاسی نێودەوڵەتیدا دەگلێتەوە، بەڵام ڕێبەری باڵا نایەوێت ئەو ڕەوتە بگۆڕێت هەر لەبەر ئەوەشە پشتیوانی جەلیلی دەكات، موحافزكارەكان سیاسەتێكی نەگۆڕیان هەیە لەژێر سێبەر و سایەی ڕێبەردا، كە ناكرێت و نابێت ئەم پرسانەی كە خامنەیی باوەڕی پێیەتی، دەستكاری بكرێن، هەر لەبەر ئەوەشە كە ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە..

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان