بیرەوەرییەکانی سەرۆک بارزانی لە بنیاتنان و یەکخستنەوەی ماڵی عێراقییەکان

شەیری بکە لە:
بیرەوەرییەکانی سەرۆک بارزانی لە بنیاتنان و یەکخستنەوەی ماڵی عێراقییەکان

وێنەیەکی سەرۆک بارزانی لە شاخ

ئاڤا نیوز

ئەمەی دەیخوێننەوە، بەشێکە لە ڕوانگەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبی 'بۆ مێژوو' ـ چاپی سێیەمی تشرینی دووەمی 2020 سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کورد بە دەسەڵاتدارە شیعە و سوننە و ھەوڵەکانی کورد بۆ یەکڕیزی و دروستکردنەوەی ماڵی عێراق.

وێنە گەورەکە: دوو ڕۆژە سەرۆک بارزانی بە سەردانێک لە بەغدایە و نزیکەی 20 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی عێراق و نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتان هەبووە. سەردانەکە بووەتە مژاری گەرمی گۆڕەپانی سیاسی و هەمووان بە دەرچەی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشە ناوخۆییەکانی عێراقیشی دەزانن.

مەترسییەکان:
سەرۆک بارزانی  لە کتێبەکەیدا دەڵێت حوکمڕانە تازەکانی عێراق پەندیان لە مێژوو وەرنەگرت و ھەڵەکانی ڕابردوویان دووبارە کردنەوە و کاریان لەسەر پەراوێزخسن و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی ھەردوو پێکھاتەی کورد و سوننە کرد.

چارەسەرەکان: سەرۆک بارزانی ھێندە سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد و نەتەوەکانی تری عێراق کە ھەمیشە ئامادە بووە لەگەڵ دوژمنەکەشیدا دانوستان بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەر.

سەرۆک بارزانی لە پێشەکی کتێبەکەیدا، دان بەو خواست و فەرھەنگە گەورەیەی کورددا دەنێت کە لە خۆگری چەمکە ئەرێنییەکانی 'لێبوردەیی' و 'پێکەوەژێان'ـە و دەنووسێت: 

"کورد نەتەوەیەکە، خاوەن مێژوو و جیۆگرافیا و زمان و فەرھەنگ و دابونەریتی تایبەت بەخۆیەتی و ھەزاران ساڵ لەسەر خاکی خۆی ژیاوە. لەو ماوەیەدا پابەندی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان بووە و جێگەی شانازییە کە فەرھەنگی پێکەوەژیان لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی تر لەناو گەلی کورددا ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و مێژوویی ھەیە. لە 500 ساڵی ڕابردوودا نەتەوەی کورد توانیویەتی لە زۆر ھەوڵی تواندنەوە و لەناوبردن خۆی ڕزگار بکات".

پاشان باسی دەوڵەتی نوێی عێراقی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ھاوبەشیکردنی کورد لەگەڵی دەکات و دەڵێت:

"دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە ھەتا قۆناغی 2003، شەراکەت و ھاوبەشیی کوردی جێبەجێ نەکرد و ھەوڵی دا کورد وەک پاشکۆیەک بھێڵێتەوە و لەناو نەتەوەی سەردەستی عەرەبی عێراقدا بیتوێنێتەوە، بەڵام لەوەدا سەرنەکەوت. دوای ساڵی 2003، کورد پاش دابڕانێکی دوازدە ساڵە لە دەوڵەتی عێراق، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕایەوە بۆ ناو عێراق و بەشدار بوو لە بنیاتنانی عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ کە تێیدا دەستوور مافی ھەموو لایەک زامن بکات.

بەداخەوە دوای ئەو دەرفەتە، حوکمڕانە تازەکانی عێراق پەندیان لە مێژوو وەرنەگرت و ھەڵەکانی ڕابردوویان دووبارە کردنەوە. دەوڵەتی دیموکراتی فیدڕاڵی، شێوەی دەوڵەتێکی تایەفی وەرگرت کە کاری بۆ پەراوێزخسن و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی ھەردوو پێکھاتەی کورد و سوننە دەکرد" و "دەستەڵاتدارانی نوێی عێراق ڕێگەی تۆڵەسەندنەوەیان گرتە بەر.

بڕیار و ھەڵسوکەوتەکانی دەستەڵاتی عێراق تایەفیانە بوون و ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگە بوو کە دەستەڵاتدارانی تازەی عێراق خۆیان بە ئاراستەی دابەشبوونی وڵات ھەنگاویان نا. لە دوای 2005ەوە، وردە وردە کە جێ پێیان قایم کرد، پشتیان لە دەستوور و شەراکەت و پرەنسیپەکانی تەوافوق و تەوازون کرد. پەنجاوپێنج ماددەی دەستوورییان پێشێل کرد. پێشێلکردنی دەستوور و کارکردن بە نەفەسی تایەفی ھیچ مانایەکی بۆ یەکپارچەییی عێراق و ھاودەنگیی نیشتمانی نەھێشتەوە".

سەرۆک بارزانی لە بەشی 'کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو' باسی دانیشتن و دانوستانی کورد لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق و ھەوڵەکانی کورد بۆ پێکوەکارکردنیان دەکات و دەنووسێت:

"لە کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا لە لەندەن، چالاکانە بەشداریمان کرد. ئەوکاتیش ھەموو ھەوڵمان دا بۆ ئەوەی دوای ھەر گۆڕانکارییەک لە عێراق، پێویستە کەس بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە. لە کۆنگرەکەدا بە ڕوونی بە لایەنە عێراقییەکانم ڕاگەیاند، ئەگەر بێتو ھەموو بیر لە تۆڵە بکەنەوە ئەوا کەس لە عێراقدا نامێنێت.

لە کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا کە لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی کانوونی یەکەمی 2002 لە لەندەن بەسرا، لایەنە کوردستانییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد کە لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بکەنەوە. کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە لەندەن لە پڕۆژەی قۆناغی گواستنەوە و ڕاگەیێندراوی سیاسیی خۆیدا بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە عێراقی داھاتوو عێراقێکی دیموکراتی و پارلەمانی و فرەلایەن و فیدڕاڵی (بۆ ھەموو عێراق) بێت. ھەروەھا بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق لە نێوان پێکھاتەکان ببنە زەمینەی دروستکردنەوەی دەوڵەت".


دەستوور لە ھەر وڵاتێکی دیموکرات بنەمایە و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە وڵات بەرەو پێشەوە ببرێت بو بەدیموکراسی بکرێت. لەم بارەوە سەرۆک بارزانی دەنووسێت:


"لە 2005، دەستوورێکی تازە بۆ عێراق نووسرا و لە لایەن گەلانی عێراقەوە پەسەند کرا. دەستووری تازە بۆ ئەوە بوو کە عێراقێکی دیموکراتی و فرەلایەن و فیدڕاڵی بنیات بنرێت و شەراکەتی نێوان پێکھاتەکان ھەبێت و مافی ھەموو لایەک پارێزراو بێت. لایەنە کوردستانییەکان لە داڕشتن و دەنگدان و سەرخستنی دەستووری تازەی عێراق ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان ھەبوو لە جێگیرکردنی مافی پێکھاتەکان و سیمای شەراکەت و دیموکراسی لە دەقی دەستووردا و، ئەگەر کوردستان بەشدار نەبا لە نووسینەوەی دەستوور بەمشێوەیە نەدەنووسرا.

ئەگەریش ئەو دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ کرابا، ئێستا عێراق زۆرێک لەو کێشانەی نەبوو کە ئێستا لەگەڵیدا دەستەویەخەیە. تیمە کوردستانییەکە لە نووسینەوەی دەستوور و سەرخستنیدا و ھەروەھا لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی عێراقدا ھەماھەنگی و یەکگرتوویی و تەباییی زۆر باش و مێژووییان لەگەڵ یەکتردا ھەبوو".

لە لاپەڕە 70ی کتێبی 'بۆ مێژوو'، سەرۆک بارزانی باسی سەردانی دوای شکستی داعش بۆ بەغدا دەکات و دەنووسێت:

"لەگەڵ شاندێکی باڵای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد. یەکەم وێستگەی سەردانەکەمان دیتنی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بوو.. پێم ڕاگەیاند شاندی کوردستان بۆ ئەوە ھاتووە ڕۆشنایی بخاتە سەر ئایندەی پێوەندییەکان و جۆری پێوەندی و ھەوڵی ھاوبەشی ھەردوو لا بۆ سەقامگیری و ئاسایش و بووژانەوەی ئابووری و دووبارە ئاوەدانکردنەوە"..

"کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە شیعەکان لە ماڵی سەید عەمار حەکیم ئەنجام دا و لەو کۆبوونەوەیەدا وتەیەکم پێشکەشی ئامادەبووان کرد و باسم لەوە کرد کە ھاتنی ئێمە پەیامە بۆ چارەکردنی گرفتە سەد ساڵەکەی نێوانمان. بە ھەوڵی ھەموو لایەک وا داعش ڕووی لە شکستە و پێویستە خۆمان بۆ قۆناغی دوای داعش ئامادە بکەین. بە ڕاشکاوی بۆ نوێنەر و کەسایەتییە شیعەکانم ڕوون کردەوە کە کورد لە دوای 2003وە وایدەزانی دەستوور بنەمای پڕۆسەی سیاسی و ژیانی تازەیە. بە داخەوە ترازانێک دروست بووە".

سەرۆک بارزانی ھێندە سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد و نەتەوەکانی تری عێراق کە ھەمیشە ئامادە بووە لەگەڵ دوژمنەکەشیدا دانوستان بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەر و ھەر بۆیەشە لە کتێبی 'بۆ مێژوو' باسی سەردانی خۆی بۆ بەغدا لە دوای ساڵی ١٩٩١ دەکات و دەنووسێت: 

"لە پاش 1991 لەپێناو عێراق و بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازە و ئاشتی، لەگەڵ تاوانباراندا دانیشتین و تۆقەمان لەگەڵ ئەو دەستانەدا کرد کە بە خوێنی میللەتەکەمان سوور بوون. من کە ئەو کات ھامتە بەغدا بەنێو ڕووباری خوێنی گەلەکەمدا ھاتمە بەغدا. بەڵام بۆ ئەوە ھاتینە بەغدا کە لەبەر خاتری عێراق و لەبەر خاتری پێکەوەژیان و ئاشتی لاپەڕەیەکی تازە ھەڵدەینەوە. کەچی ئەوەیشیان پێ ڕەوا نەبینین و وەک تاوانبار سەیری ئێمەیان دەکرد".


سەردانی ئەم دوو ڕۆژەی سەرۆک بارزانی، لە کاتێکی جیاواز بەڵام بە ھەمان نیەت و دونیابینیی ڕابردووەوەیە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دووبارە بە بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانی نێو پانتایی سیاسەتی عێراق بڵێت: 


"عێراق ھی ھەموو عێراقییەکانە. پەراوێزخستن و پیلانگێڕان بەرامبەر بە یەکتر، تەمەن کورت و سەرکەوتوو نابێت. تەنیا پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن دەبێتە ھەوێنی ھێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان