ڕۆژ کەریم: زیاتر لە 60 بەرھەمی ھونەریم ئامادەیە

شەیری بکە لە:
هونەرمەند ڕۆژ کەریم - وێنە: محەممەد شوانی

هونەرمەند ڕۆژ کەریم - وێنە: محەممەد شوانی

ئاڤا دیجیتاڵ

 

هونەرمەند ڕۆژ کەریم، لە سلێمانی لەدایکبووە، ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی لە وڵاتی سوێد دادەنیشێت و خاوەنی دوو منداڵی کوڕن، بەهۆی باری تەندروستییەوە هیچ کارێکی دیکە ناکات و تەنیا سەرقاڵی میوزیک و گۆرانییە.

 

ڕۆژ کەریم لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاڤا نیوز وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە:

 

- هونەر و میوزیک بۆ ڕۆژ چی دەگەیەنن؟
"سەرەتا خولیا و حەزی خۆم، دواتر چەندین ساڵ ئەزموون و لەم سەردەمەدا ژیان و بژێوی، کە بەدڵنیاییەوە ژیانێکی پێرفێکتت بۆ دابین ناکات، بەڵام دەتوانیت ھەندێک بۆشایی ژیانی پێ پڕبکەیتەوە، چونکە بیرمان نەچێت قسەیەکی جوان ھەیە دەڵێت کەسی بەبەخت ئەوەیە بەھرەکەی بدۆزێتەوە، کەسی ژیر ئەوەیە پەرەی پێبدا، کەسی سەرکەوتوو ئەوەیە بتوانێ پێی بژی".


- نزیکەی 40 ساڵ بەردەوامی چی بە تۆ بەخشی و چی لێ سەندیتەوە؟
"ڕێزی خەڵک، بەتایبەت ھونەردۆستان، بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک دەرگات لێ دەکاتەوە و هەندێکی دیکەشت لەسەر دادەخات، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە پێشەنگ بۆ کەسانێک کە ڕەنگە چاو لەتۆ بکەن لە خۆشەویستیان بۆت، تۆ ئاراستەیان دەکەیت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بۆیە ئاگاداربوونێکی زۆر لە ھەڵسوکەوت و قسەکانت و جۆر و چۆنیەتی گۆرانییەکانت و زۆر شتی دیکەش".

 


- جیاوازیی هونەر لە ئێستا و ڕابردوو چییە؟

"ئەو گۆڕانکارییانەی ڕوویان داوە ھەموو جیهانی گرتووەتەوە، ناتوانین ئێمە وەکو کورد لێی بێبەری بین، ناشکرێ ھیچی ئێستا بەسەر کۆن بسەپێنی و ناشکرێ بە پێوەرەکانی پێشووتر بڕیار لەسەر ئێستا بدەی، ئێستاش و پێشووتریش لایەنی باش و خراپی خۆی ھەبووە، ڕەنگە ئەو جیاوازییەی بەخەیاڵی ھەمووماندابێت بوونی ھەست و سۆز و ڕاستگۆیی بووە لە پێشوودا، کە ئێستا ھەستی پێناکەی، شتەکان سادەتر بوونەتەوە و خێراتربوون، ئەم ھەست و سۆزەش ھەموو کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە نەک تەنیا ھونەر و میوزیک، ھەر لە خزمایەتی و ھاوڕێیەتی و خێزان و ….هتد بۆ خێرائامادەکردنی بەرھەمەکانیش وەک خواردنە خێراکان دێتە بەرچاوم کە چەند زیان بە جەستە دەگەیەنێ گۆرانییەکانیش بەو جۆرەن بۆ گوێیەکان".

 

- تەکنەلۆژیا کارئاسانی بۆ کردوون ؟
"بێگومان کارئاسانی کردووە، بەڵام پێموایە تەکنەلۆژیاش تاکەھۆکارە بۆ تەمەڵبوونی مرۆڤەکان و نەھێشتنی ھەست و سۆز، بە نموونە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز کردووە، پێچەوانەی ناوەکەی خۆی تەنیا ئەوەیە ڕێگەکانی گەیاندن ئاسانتربوون بۆمان لە گۆرانی، وێنە، ڤیدیۆ و ھەموو شتێکی دیکە.

 

- بەرهەم و پرۆژەی نوێتان چییە بۆ ساڵی 2024 ؟
"زیاتر لە 60 بەرھەمی ھونەریمان دوو قۆڵی لەگەڵ مازیار دروست کردووە، وەک دیمۆیەک ئامادەیە بۆ خۆمان و ھەندێکیشی بۆ ئەو گەنجانەی داوای گۆرانیمان لێدەکەن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: