لە ڕۆژئاوای كوردستان چی دەگوزەرێت؟

شەیری بکە لە:
لە ڕۆژئاوای كوردستان چی دەگوزەرێت؟

دیمەنێکی ناڕەزایی دژ بە نزیکبوونەوەی سووریا و تورکیا- میدیای سووریا

ئاڤا نیوز

 

تورکیا و سووریا نیازیان هەیە پەیوەندییە دیبلۆماسی، سیاسی و ئابورییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و لەو نێوەندەشدا کورد بەدوای چارەنوسی خۆیدا دەگەڕێت.


وێنە گەورەکە: دواین هەینی هەفتەی مانگی شەشی 2024 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی:"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکەینەوە، “بەڕێز ئەسەد” ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەم کارە".


ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەکارهێنانی چەمکی بەڕێز ئەسەد دوای چەندین ساڵ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەرگایەکی بەسەر  پەیوەندی ئەو دوو وڵاتەدا کردەوە، کە بتوانن جارێکی دیکە وەک دوو وڵاتی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش پێکەوە کاربکەن.


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: لەدوای قسەکانی ئەردۆغان، سووریا لەسەر ئاستی باڵا ئامادەی نیشانداوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تورکیا کۆببنەوە و کار لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان بکەن، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا کە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجامدەدرێت شاندی باڵای هەردوولا پێشوازیەکی گەرم لەیەکتر بکەن.


درێژەی ڕاپۆرت
تورکیا بەناچاری پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکاتەوە، هەم تورکیا و هەمیش سوریا پێویستیان بەیەکترە لە هەموو ڕوویەکەوە، قەبارەی بازرگانی نێوان سووریا و تورکیا لە 2022دا 700 ملیۆن دۆلاری تێپەراندووە،هەردوو وڵات 909 کیلۆمەتر سنووریان پێکەوە هەیە، ئەمە لە رووی ئاسایشی و سەربازی و سیاسییەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە.


ئەسەد پێشوازی لێدەکات
دروستکردنەوەی پەیوەندی بەهێز لە نێوان تورکیا و سووریا وەک مژدەیەکی خۆش و بەهێزە بۆ بەشار ئەسەد، چونکە داننانە بە دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییەکەی بەشار ئەسەددا لە لایەن تورکیاوە.


هەموو شتێک تێکدەچێت
لە ناوچەی مەلیکگازی قەیسەر لە تورکیا پیاوێک” دەستدرێژی” دەکاتە سەر منداڵێکی ئاوارەی سووریا کە خێزانەکەی لەو ناوچەیە نیشتەجێییە، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی هاووڵاتیانی سووریای لێدەکەوێتەوە و دەبێتە شەڕو پێکدادان و ئاژاوە و چوار کەسیش دەکوژرێن.


لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان دەکرێت
ڕووداوی “ دەستدرێژی” کردنە سەر منداڵەکەی سووریا لە تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە وهاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دژی تورکیا خۆپیشاندان دەکەن و دەیان کەس لێیان دەدرێت و سەدان شوێنیش دەسوتێنرێن.


“ئاڵای تورکیا دادەگیرێت”
لەوکاتەوەی تورکیا عەفرینی “کۆنترۆڵکردووە” هیچ هێزێک و هیچ کەسێک هێرشی نەکردووەتە سەر تورکیا و ئاڵای ئەو وڵاتە لە عەفرین هەڵکراوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ توڕەیی خەڵک لە ڕەفتارەکانی سوپا و لە خۆپیشاندانەکاندا ئاڵای تورکیا داگیرا.

 

لە "مورتەزەقە"کان نیگەرانن
لە سنووری عەفرین و دەوروبەری هێزێکی زۆری "مورتەزەقە"ی تورکیا هەیە کە لە ڕووی لۆجستی و سەربازی و هێزەوە تورکیا سەرپەرشتییان دەکات و ڕێنوێنییان دەکات،ئەمە خەڵکی بەتەواوەتی بێزار کردووە، بۆیە لەم خۆپیشاندانانەشدا ئەوانیش کەوتنە بەر لێشاوی “تووندی” خۆپیشاندەرانەوە.


“هەمووی سیناریۆیە”
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و سووریا، دیمەشق داوای لە ئەنقەرە کردووە کە سەروەری خاکەکەی بپارێزێت،  تورکیا ڕاستەوخۆ گوتویەتی کە هەتا هێزە دەرەکییەکان لە سووریا بن ئەوانیش دەمێننەوە، بەڵام پێدەچێت ڕێککەوتبن لەسەر ئەوەی ئەم خۆپیشاندانە بکەنە هۆکارێکی ساددە بۆ ئەوەی عەفرین جێبهێڵن و سوپای سووریا لە بری سوپای هێزەکانی سوریای دیموکرات بچنە شوێنەکە.


کورد چی بەسەر دێت؟
هەموو هەوڵەکانی تورکیا لە سووریا ئەوەیە، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ پێگەیەکی سیاسی نەبێت، ئەگەر بکشێتەوە، بەمەرجێک دەکشێتەوە هێزەکانی سوپای ئەسەد بچنە شوێنەکە و لەوێ جێگیرببن، تا ئێستا دیار نییە کورد پلانی چییە لەم گۆڕانکارییەدا، بەڵام ئەمریکا هێشتا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە و پێکەوە ناوچەکە دەپارێزن.


تورکیا نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت
بڕیارە لە مانگی 11 ی  ئەمساڵدا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتیک نەکراوە، لەکاتێکدا جاری یەکەم هەڵبژاردنەکە دواخرا، ئێستا ئەگەری هەیە ئەم خۆپیشاندان و “هەرایە” هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان