چین لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی چییە؟

شەیری بکە لە:
چین لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی چییە؟

ئاڤا نیوز

ناپلیۆن لە وەسفی چین دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی دوور زەبەلاحێکی خەوتوو هەیە، وازی لێبێنن چونکە ئەو کاتەی لە خەو هەڵدەستێت دونیا دەهەژێنێت. لەوە دەچێت ئێستا ئەوکاتە بێت کە چین بەئاگا هاتووە و گەیشتووەتە شادەماری ئابووری بەشی زۆری جیهان.

وێنە گەورەکە: لە بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەگمەن دووکانێک دەدۆزیتەوە لەسەر کاڵاکەی نەنووسرابێت Made in China، چەند ساڵێکە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل پڕن لە ئۆتۆمبێلی چینی وەک MG، Chery، HAVAL، Gelly، Jetour، بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی هەرزانی نرخیان خواستیان لەسەرە.

لێدوانی فەرمی: نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: چین بەتەواوی بازاڕی هەرێمی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردووە، لە بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی 30 کۆمەڵەی بازرگانی پۆلێنیان بۆ کراوە هەر کۆمەڵەیەک 50 ئایتم لەخۆدەگرێت، بەشی هەرەزۆری ئەو ئایتمانە بەر کاڵای چینی دەکەوێت.

زانیاریی زیاتر: نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: بەنزیکی هەموو کەلوپەلێکی کارەبایی لە چینەوە دێت ئەمە جگە لە بابەتەکانی وەک جلوبەرگ و کەرەستەی بیناسازی و ئۆتۆمبێل و سەدان جۆر کاڵای تر، بەشی زۆریان بەهۆی هەرزانی نرخیان کواڵیتییان باش نییە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ هیشام عەلەوی، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق گەیشتووەتە 50 ملیار دۆلار و، وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ناوی هێناوە.

چیرۆکی هاتنی چین بۆ عێراق

نیو سەدە لەمەوبەر، عێراق بەشی زۆری کاڵاو کەلوپەلە هاوردەکانی لە یەکێتیی سۆڤیەت و بەڕازیل هاوردە دەکرد، ئەو کاتە چین لە عێراق تەنیا گۆڤارێکی بە زمانی عەرەبی هەبوو، بەڵام ئێستا کاڵای چینی هەموو گۆشەیەکی گرتووە، ئەوان لە دەرزی تا ئۆتۆمبێل و ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیتەوە دروستی دەکەن و بە کۆنتێنەر دەینێرن بۆ عێراق.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 ئەو کاتەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، ڕێککەوتنێکی ئابووری لەگەڵ چین واژۆ کرد، بە ناوی "نەوت بەرامبەر دووبارە بونیادنانەوە" بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە عێراق ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە چین و دەیان کۆمپانیای چین بەشداری دەکەن لە دروستکردنی قوتابخانە و بونیادنانی بیناسازی، پێنج ساڵ دەبێت چین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بەرەو قوڵایی ئابوری عێراق دێت.

مانگی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پەرەدان بە کێڵگەکانی نەوت و گاز مۆڵەتی کێڵگەکانی خستە کێبڕکێ، لە کۆی 29 کێڵگە، چینییەکان گرێبەستی نۆ کێڵگەی نەوت و گازیان وەرگرت.

"ڕێگای ئاوریشم" خەونی هەزاران ساڵەی چینییەکان

دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر چینییەکان دەیانویست بگەن بە وڵاتی دەوروبەر، ڕێگای ئاوریشمیان کردە ستراتیژی خۆیان، بەڵام ئەمساڵ شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکان کە کاڵا و شتومەکیان هەڵگرتبوو لە چینەوە گەیشتوونەتە 223 شار لە 25 وڵاتی ئەوروپا، هاوکات دەگەنە 100 شار لە 11 وڵاتی ئاسیا.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی چین، ساڵی ڕابردوو ئەو وڵاتە لە داهاتی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پاتری لیتیۆم 138 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، هاوکات لە ساڵی 2023 بە بەهای 17 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێلی بەنزینی فرۆشتووە، جگە لەوە ئێستا خواست لە سەر کەشتیسازی چین نزیکەی 70%ی داواکاری هەموو جیهان پێکەدەهێنێت. ئێستا چین زەبەلاحە ئابوورییە بەئاگاکەی جیهانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: