لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی عێراق چی گوترا؟

شەیری بکە لە:
لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی عێراق چی گوترا؟

وێنەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش: سەرچاوە: گێتی

ئاڤا دیجیتاڵ


لەسەر داوای ڕووسیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریا کۆبووەوە، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر و هەڕەشەی میلیشیاکان، داوایان لە بەغدا کرد، کێشەکانی بە گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر چارەسەر بکات و گەورە ئەندامەکانی ئەنجوومەنەکەش داوایانکرد هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت.


وێنەگەورەکە:هێرشی گرووپە میلیشیاکان و هێرشەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق و سووریا و هێرشە مووشەکیەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بووەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات و داوای چارەسەرکردنی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بکات.


لایەنەکان چییان گوت؟
جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق   گوتی "سوپاسی ئەندامانی ئەنجوومەن دەکەم، بەداخەوەم بۆ ئەو دۆخەی کە لە غەزە و عێراق و ناوچەکە هەیە، ئێستا هەوڵەکانی عێراق  بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەگەر  ئەم هێرشانە بەردەوامبن، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان هەیە لەسەر دۆخی عێراق، ئێمە پێویستمان بە چەندین دەیەیە بۆ پەیداکردنی ئاسایش لە عێراق.


میلیشیاکان مەترسین
جێنین پلاسخارت گوتی "ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتدان لە عێراق، هۆکارن بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتربێت، بەشێوەیەکی دیاریکراو دەبێت ئاسمانی عێراق ئازادبێت و هەروەها دەبێت کار بکرێت بۆ پاراستنی ناوچەکە و دەبێت هەموو لایەنەکان رۆڵبگێڕن بۆ ئاشتی.


هێرشەکەی سەر هەولێر شۆکی کردین
ئەو گرژیيانەی هەیە بوونەتەهۆی ئەوەی خەڵکی زیاتر بکوژرێت، کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکا بوونەهۆی ئەوەی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ناوچەکە، لە راستیدا ئێمە شۆکبووین لەسەر ئەو هێرشانەی کەئێران کردییە سەر هەولێر و بووە هۆی کوشتنی چەند کەسێک و کچێکی منداڵ کوژرا، عێراق بە شێوەیەکی تووند سەرکۆنەی ئەمەی کردووە، ئەوەی ڕوویدا رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێرانی تێکدا، هەروەها هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

 

"داوا لە هەموولایەنەکان دەکەین هەوڵبدەن  بۆ چارەسەری کێشەکان و دەبێت هەموو هێرشەکان بوەستێنرێن، عێراق لە دۆخێکی خراپدایە و ئەگەری هێرشی دیکە هەیە، هەڵبژاردنەکان لە عێراق گرنگییەکی گەورەیان هەبوو، بوونەهۆی  ئاشتی لە عێراق و هەروەها بەشێک لە کێشەکانی چارەسەرکرد، ئێمە دەبێت هۆشیار بین لەوەی کە ڕوودەدات" جێنین پلاسخارت وای گوت.


"عێراق ئێستا لەبەردەم گۆڕانکاری کەش و هەوادایە، عێراقیەکان کاردەکان بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە وڵاتەکەدا باشببێت و بەڵێن دراوە کە چەندین چاکسازی بکرێت لە بوارە جیاوازەکانی ژینگەدا، سەخت نییە بزانین بۆچی دۆخی عێراق بۆ هێندە لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئێستا دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات کێشەکان چارەسەر بکات".


هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی "هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دواخراون، ئێستا کار لەسەر رێککەوتنێک دەکرێت کە هەڵبژاردن بکرێت، دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان باش نین بۆ سەقامگیری عێراق، هەروەها دۆخی پەیوەندییە ئابووریەکانی نێوان هەرێمی کورستان و عێراق لە ئاستێکی خراپدایە و دەبێت رێکخستنێکی باشی بۆ بکرێت، دەبێت چارەسەرێکی جێگیر بۆ پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەبێت ئەو پارەیەی بۆی دیاریکراوە پێیبدرێت کە بۆ مووچەی خەڵکە".

 

"دەبێت هەوڵبدەین لایەنە سیاسەکانی عێراق بتوانن پێکەوە کۆببنەوە قسە لەسەر دۆخەکە بکەن و کاری سیاسی بکەن، تەنها ئەوان دەتوانن خەڵکی عێراق بەڕێوەبەرن، ژیانێکی باشتر لە عێراق پێویستی بە کاری زیاتر هەیە و حکومەت پێویستی بە پشتیوانی هەیە و کاتی دەوێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن".
"پێویستە چارەسەرێک بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق بدۆزرێتەوە، شتێکی دیکە کە زۆر گرنگە ئەوەیە، ئێستا کاتی ئەوەی من پێتان بڵێم، لە کۆتایی مانگی پێنجدا دەستلەکارەکەم هەڵدەگرم و لە پۆستەکەم نامێنم و ئەمە کۆتا ڕاپۆرتی منە لەو پۆستەدا". پلاسخارت وای گوت.


ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش قسە دەکەن
بەریتانیا کە نوێنەری هەمیشەیی و مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە، لەبارەی دۆخی عێراقەوە تەنها پێنج خولەک قسەیکرد و گوتی "سوپاسی پلاسخارت دەکەین کە ڕۆڵی زۆر باشی گێڕاوە لە عێراقدا و لە چارەسەری کێشەکاندا ڕۆڵی بینیوە".


دام باربارا، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی " من تەنها سێ خاڵم لەسەر دۆخی ئێستای ناوخۆی عێراق هەیە کە بریتییە لەم خاڵانە".

یەکەم: سوپاسی حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ چارەسەری کێشە داراییەکان و ڕێکخستنەوەی ئابووری وڵات و ڕۆڵی یونامیش بەگرنگ دەزانین لەسەر ئەم دۆخە.

دووەم:عێراق توانای هەیە ببێتە وڵاتێکی زۆر گرنگ لەناوچەکەدا و پێویستە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەکارنەهێنرێت کە عێراقیان تووشی گرفت کردووە.

سێیەم: هانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین بەزووترین کات هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان لە وڵاتدا بکرێت.

 

نوێنەری فەڕەنسا چی گوت؟
لەپاش بەریتانیا، نیکۆڵاس دی ریڤیار، نوێنەری فەڕەنسا قسەیکرد و گوتی "دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەم بۆ چاکسازیەکانیان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گرنگیەکی زۆر باشی هەبوو، فەڕەنسا ئومێدەوارە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە دیالۆگ چارەسەر ببن و دەبێت عێراق کارێکی وەها بکات سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، دوای نەمانی پلاسخارد دەمانەوێت بزانین کاری یۆنامی لە عێراق چی دەبێت.


فەڕەنسا نیگەرانە لەو گرووپانەی کە پارەی عێراق بەکاردەهێنن بۆ کاری دیکە ، ئێمە زۆر  نیگەرانین لەوەی کە دۆخی غەزە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی عێراق هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی عێراق باشتر ببێت و ئارام ببێت.


 " ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئێران دەکەین کە کرانە سەر هەولێری پایتەخی هەرێمی کوردستان و دەبێت بەباشترین شێوە دۆخەکە چارەسەربکرێت، گرووپە میلیشیاکان لە عێراق کێشەکان گەورەتر دەکەن، فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاووپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقدا دەمێنێتەوە".


سویسراش قسەی لەسەر دۆخەکە هەبوو
پاسکال بێریستویل، نوێنەری سویسرا لە ئەنجوومەنی ئاسایش قسەی کرد و گوتی "هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرنگییەکی گەورەی هەبووە، پشتیوانی عێراق دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکان و دڵخۆشین ژنان دەنگێکی زۆریان هێناوە لە هەڵبژاردنەکاندا، دەبێت لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد بکرێت، دەبێت سنوورەکانی عێراق پارێزراوبن،پێویستە دراوسێکانی عێراق رێزبگرن لە سەروەری خاکی عێراق، دەبێت لە عێراق دەستوور پارێزراوبێت".

 

نوێنەری ڕووسیا جیاواز قسەیکرد
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لەسەر داواکاری ڕووسیا بوو، نوێنەری ڕووسیا جیاواز لە هەموو نوێنەرەکانی دیکە قسەیکرد و گوتی " سوپاسی سوودانی دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکان، هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگ بوون، دەبێت لە عێراق ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، دەبێت بەدیالۆگ عێراق کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات".

 

" ئەمریکا ئەجێندای خۆی لە عێراق جێبەجێ دەکات، ئەوەش شکاندنی سەروەری عێراقە لە لایەن ئەمریکاوە و حکومەتی عێراق پێویستی بە پاراستنی زیاترە" نوێنەری ڕووسیا لەئەنجوومەنەی ئاسایش وای گوت.


ئەمریکا قسەی هەیە
ڕۆبەرت هوود، نوێنەری ئەمریکا لەکۆبوونەوەکەدا قسەیکردو گوتی "سوپاسی هەوڵەکانی یۆنامی دەکەین لە چارەسەری کێشەکانی عێراقدا و پشتیوانی بەرەوپێشەوەچوونی کێشەکان دەکەین، ئەمریکا پابەندە رێککەوتنی لەگەڵ عێراقدا و گرووپە میلیشیاکانی ئێران هەڕەشەن لەسەر سەروەری عێراق و هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا".

 

"ناکرێت هێرش بۆسەر هێزەکانی هاووپەیمانان بەردەوامبێت لە عێراق، ئێمە پابەندین بە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و بەردەوام دەبین لەڕووبەڕوبونەوەی ئاستەنگییەکان، پێداچوونەوەی زۆر دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکان، ئامانجمان ئاسایشی عێراقە و دەبێت مافی پێکهاتەکان پارێزراوبێت". نوێنەری ئەمریکا وای گوت.


"پاراستنی مافی مرۆڤ لە عێراق ئەرکی ئێمەیە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کارێکی گرنگ بوو، دەبێت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکرێن، ئەمریکا پشتیوانی هەموو کارەکانی یۆنامی دەکات لە عێراق".

 

نوێنەری عێراق سوپاسی پلاسخارتی کرد
عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە کۆبوونەوەکانی یۆنامی قسەی کرد و گوتی "پێش هەموو شتێک سوپاسی خاتوو پلاسخارت دەکەین کە لە عێراق زۆر ماندوو بووە، ئێمە پابەندین بە چارەسەری کێشەکان، سوپاسی وڵاتانی جیهان دەکەین لەچارەسەری کێشەکان، سەرکردەکانی وڵاتەکەمان کاردەکەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر ببن".

 

"تادێت ژیانی خەڵک باشتر دەبێت، ئێمە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە، هەلی کار زیاد دەکەین، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەین بۆ ئەوەی کێشەکان بەشێوەیەکی باش چارەسەر ببن لەسەر بوودجەی هەرێمی کوردستانیش چەندین کۆبوونەوە کراون، هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەدەستوور کێشەکان چارەسەر ببن، هەنگاوی جددی نراوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، سوپای عێراق زۆر بەباشی کاریکردووە بۆ پاراستنی دۆخەکە".

 

"پڕۆژەی گەورەمان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، پێویستمان بەوڵاتانی جیهانیش هەیە کە هاوتەریب لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کاربکات بۆ ئەوەی چارەسەری تەواوەتی کێشەکان بکرێت".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: