دوای داخستنی سایلۆكان گەنمی زیادە لە جووتیاران دەكردڕێتەوە

شەیری بکە لە:
دوای داخستنی سایلۆكان گەنمی زیادە لە جووتیاران دەكردڕێتەوە

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، تاوەكو ئێستا 210 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە کۆمپانیاکان وەریدەگرن.


وێنە گەورەكە: 19 ڕۆژە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، هەر تۆنێكیش بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت و كار بۆ ئەوەش دەكرێت گەنمی زیادەی دوای داخستنی سایلۆكان لە جووتیاران بكڕدرێتەوە.


لێدوانی فەرمی: نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بێ گرفت بەڕێوەدەچێت و ناردنی پارەكەی و دابەشكردنی بەسەر جووتیارانیشدا بەردەوامە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە، چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمەكە زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار تۆن بێت.


درێژەی ڕاپۆرت.....


ڕێژەی گەنمی وەرگیراو 
بەپێی نوێترین ئامار تاوەكو 23-06-2024، ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆیەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتیی گەیشتووەتە 210 هەزار تۆن و دابەشبوونەكەی بەم شێوەیەیە؛
-    هەولێر 62 هەزار
-    سلێمانی 80 هەزار تۆن 
-    دهۆك 66 هەزار تۆن


پارەی دابەشكراو بەسەر جووتیاراندا
پرۆسەی ناردنی پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا 26 ملیار دینار گەیشتووە و ئەوانی شەش ملیاریان بەسەر جووتیاراندا دابەشكردووە و ڕێكارەكان بۆ دابەشكردنی 20 ملیارەكەی دیكە دەستپێكراوە و دابەش دەكرێت بەسەر سێ پارێزگاكە.

 

ڕێژەی گەنمی دیاریكراو بۆ پارێزگاكان
ساڵی ڕابردوو بەغدا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی وەرگرت، بۆ ئەمساڵ بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت كە 10 سایلۆ و دوو كۆگا بۆ وەرگرتنی تەرخانكراون و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەبێت؛
-    پارێزگای هەولێر: 229 هەزار تۆن
-    پارێزگای سلێمانی:282 هەزار تۆن
-    پارێزگای دهۆك: 189 هەزار تۆن

 

كۆمپانیاكان گەنمی زیادەی جووتیاران دەكڕنەوە
ڕۆژی 06-06-2024، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستانی دەستپێكرد و 45 بۆ 50 ڕۆژ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكان دیاریكراوە، هەر لە ئێستاشەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو  و بازرگانی و پیشەسازی سەرقاڵی دۆزینەوەی شوێنگرەوەن بۆ ئەو گەنمەی جووتیاران كە دەمێنێتەوە.

 لەو بارەیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دەڵێت دوای تەواوبوونی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆكان، ئەگەر گەنمی‌ زیادە هەبێت‌ لە جووتیاران بكڕنەوە، گفتوگۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا نازانن چەند گەنم دەمێنێتەوە و كواڵێتی چۆنە، بۆیە نرخی وەرگرتنەكەی دیار نییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: