هەفتەی داهاتوو سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی دانانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە

شەیری بکە لە:
هەفتەی داهاتوو سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی دانانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا میدیا - هەولێر 

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 09-01-2024، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی سوننەکان لەنێوخۆیاندا بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەکە دواخرا.

 

 نزیکەی دوومانگ لە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگەی فیدراڵی تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری نەکراوە، بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکلانەبوونەوەی سوننەکان لەنێو ماڵی خۆیاندا بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن، هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی کۆمەڵێک پرۆژەیاسای گرنگ لەنێویدا "هەمواری یاسای بودجە"ـی وەستاندووە، ئێستا کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێیە و بەبێ سەرۆک هیچ پرۆژەیاسایەک تێناپەڕێت.

 

 تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو 13-01-2024، سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە، دەبێت تاوەکو ئەو کاتە سوننەکان لەسەر بەربژێرێک رێککەون بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەبچێت و سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرێت. ئەمە گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بۆ ئاڤا میدیا.

 

 بەگوتەی هەرێم کەمال ئاغا، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە ئەمڕۆدا "کاتکوشتن" بوو، بۆیە دواخراوە تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە بوار بدرێتە لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرێک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشی وایە "بەبێ سەرۆکی ئەنجوومەن نە دانیشتن دەکرێت نە دەتوانرێت دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدرێت، بەتایبەت هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی."

 

 بەپێی ماددەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نابێت لە یەک دانیشتن زیاتر بەبێ سەرۆکی ئەنجوومەن بەرێوەببات، ئەویش بۆ کارێکی تایبەت و پێویست، دانیشتنی نائاسایی دەکرێت. بە تێڕوانینی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی، "یەکلابوونەوەی سوننەکان، کاریگەریی ئەرێنی بۆ سەرجەم لایەنەکانی دیکە دەبێت."

 

رۆژی یەكشەممە 07-01-2024، هەمواری یاسای بودجە و ناردنی 700 ملیارەکە شاندی هەرێمی کوردستانی بردەوە بەغدا، بەمەبەستی چارەسەری کۆتایی لەسەر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10-01-2024 بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسی هەمواکردنەوەی بودجە و ناردنی 700 ملیاری دیکە بدرێت.

 

پێویستە پرۆژەیاسایەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دواتر بۆ لیژنەی یاسایی ئینجا لیژنەی دارایی و خوێندنەوەی یەکەم، دووەم و سێیەمی بۆ دەکرێت دواتر پەسەند دەکرێت. بە گوێرەی سەرنجی مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاڤا میدیا، دەتوانرێت لە ماوەی 10 رۆژدا پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە تێپەڕێنرێت.

 

مەریوان قەرەنی، بە ئاڤا میدیای راگەیاند: "بەبێ دانانی سەرۆکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەتوانرێت دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە بدرێت، ئەمە لە دانیشتنی نائاسایی دەکرێت تێپەڕێنرێت، بەڵام پێش ئەوە پێویستە پاڵپشتی لایەنەکانی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ کۆبکرێتەوە."

 

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکھاتەی سوننە بووە، دوایین کەس کە لە پشکی سوننەکان ئەو پۆستەی وەرگرت، محەممەد حەلبووسی بوو کە لە 09-01-2022، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژاردرا، تاوەکو رۆژی 14-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەندامێتی حەلبووسی لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندەوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: