حیزبوڵا پلانە سەربازییەكانی دژی ئیسرائیل دەگۆڕێت

شەیری بکە لە:
حیزبوڵا پلانە سەربازییەكانی دژی ئیسرائیل دەگۆڕێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


دوای کوژرانی چەندین بەرپرسی سەربازی حیزبوڵای لوبنان، ئەو گرووپە پلانە سەربازییەکانی دژی ئیسرائیل دەگۆڕێت و بنکە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج.


وێنە گەورەکە: لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ گەورە بەرپرسی سەربازی حیزبوڵا لەلایەن فڕۆکە ئێف شانزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەو گرووپە چەکدارە دروست کردووە.


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، ڕۆژی یەکشەممە دوو پێگەی سەربازی ئیسرائیلیان لە باکووری وڵات بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج، ئەمە لە تۆڵەی کوشتنی فەرماندەیەکی گرووپەکەیە، هەرچەندە زیانی نەبووە بەڵام مەترسی گەورەی دروست کردووە.


باکگراوند: نزیکەی دوو هەفتەیە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا گرژی و ئاگرکەوتنەوە و  سنووربەزاندنەکان پەرەیان سەندووە، ئەمەش ترسی شەڕێکی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زیاد کردووە.

 

درێژەی ڕاپۆرت
حیزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و هاوپەیمانی حەماسە، لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستی کردووە بە بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر دۆخەکە دروست کردووە.


گرووپێکی ئیسلامی تووندڕەو
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، گرووپێکی دیکەی چەکدار بە ناوی جەماعەی ئیسلامی، کوژرانی یەکێک لە فەرماندەکانی بە ناوی 'ئەیمەن غۆتمە' ڕاگەیاند کە  لەلایەن ئیسرائیلەوە لە  خیارای ناوچەی بێکاعەی ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە نزیک سووریا کوژرا.

 

"ئێمە کوشتمان"

دواتر ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکەی ئەنجام داوە و ڕایگەیاند " غوتمە بەرپرسیارە لە دابینکردنی چەک بۆ هێزەکانی فەجر و باڵی چەکداری جەماعەی ئیسلامی و حەماس لەو ناوچەیە".

 

حیزبوڵا هێرش دەکات
حیزبوڵای لوبنان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند،  هێرشێکیان "بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان" کردووەتە سەر پێگەیەکی سەرکردایەتیی سەربازی لە سەربازگەی بەیت هیلێلی باکووری ئیسرائیل "لە وەڵامی ئەو هێرشەکی کە غوتمەی کردە ئامانج".

 

تێلئەڤیڤ پشتڕاستی کردەوە
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان "لە لوبنانەوە پەڕیوەتەوە و لە ناوچەی بەیت هیلێل کەوتووەتە خوارەوە" بەڵام "هیچ کەسێک بریندار نەبووە".

 

“ بە سەختی بریندار بووە”

حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند فەوجێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر بارەگای فیرقەی تازەدروستکراوی 91ی لە نزیک شاری سەفێدی ئیسرائیلی کردە ئامانج.

 

ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یەکێک لە سەربازەکانی "بە تووندی بریندار بووە" و بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

 

ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر لوبنانی کردووە
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، پلانەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان "پەسەندکراون و چەسپێنراون"، وەک خۆی جێبەجێ دەکرێن و ئەگەری هەیە بە بەردەوامی هێرش بکرێتە سەر بەشە گەورەکەی لوبنان.

 

نەسروڵا تووڕەیە
حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند: ”لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی سەرتاسەری هیچ بەشێک لە ئیسرائیل ڕزگاری نابێت”.

 

حیزبوڵڵا ڤیدیۆی نهێنی ئیسرائیلی هەیە
حیزبوڵای لوبنان دوو گرتە ڤیدیۆیی بڵاو کردوەتەوە، یەکێکیان نیشانی دەدات کە بنکە و بارەگا ئابووری وسەربازییەکانی ئیسرائیل بەتەواوەتی دەبینرێن و ڤیدیۆیی دووەمیش بەتەواوتی خاکی ئیسرائیل نیشان دەدات کە چۆن توانیویانە بچنە ناو خاکەکەوە و ئەو ڤیدیۆ کوالێتی بەرزە جێبەجێ بکەن، ئەمە بۆ ئیسرائیل خراپە بەڵام پەیامیکی زۆر گرنکە.

 

ئامارەکان مەترسیدارن
لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی نێوان  ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان لانیکەم 480 کەس لە لوبنان کوژراون، زۆرینەیان چەکداری حیزبوڵان و 93ـیان هاووڵاتین، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن لانیکەم 15 سەرباز و 11 هاووڵاتی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون.

 

ئیسرائیل لەگەڵ سێ گرووپی نزیک لە ئێران لەشەڕدایە
ئێستا ئیسرائیل بەڕاستەوخۆ لەگەڵ سێ گرووپی نزیک لە ئێران لەشەڕدایە، لەلایەک بزوتنەوەی حەماس و لە لایەک حووسییەکان و لەلایەکی دیکە حیزبوڵای لوبنان، ئەوە جگە لەوەی جار جارەش گورزی بچووک دەخوات بە دەست گرووپە چەکدارە شیعە عێراقییەکانەوە.
نزیکەی 15 گرووپی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا لەشەڕدان (حەماس، حیزبوڵای لوبنان، حیزبوڵای عێراق، حووسییەکان، کەتائیب)  ئەمانە گرنگترین و گەورەترینیانن بەڵام ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئامادەن بۆ جەنگ و شەڕ دەکەن.

 

وێنەکە بەڕوونی

هێشتا نەتانیاهۆ دەستی لە شەڕی غەززە نەشۆردوە، بە سوپای وتووە "ئامادەبن بۆ هێرشکردنە سەر باکوری لوبنان و ئەگەر زۆر پێویست بکات سووپا دابەزێننە ناو خاکەکەوە و بەتەواوەتی کۆنترۆڵی بکەن"، ئەمریکاش ئایزنهاوەری هێناوەتە دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوەی فڕۆکەکان ئامادە بن بۆ جەنگ و حەسەن نەسروڵاش دەڵێت موشەکی بەهێزیان هەیە کە دەتوانن بگەنە تێلئەڤیڤ، لەلایەکی دیکەشەوە ئێرانییەکان بەردەوامن لە پشتیوانی حیزبوڵا.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان