خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق؛ دوو ساڵ شکست

شەیری بکە لە:
پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق

ئاڤا دیجیتاڵ

 

قەیرانە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکان کە بەرۆکی عێراقییان گرتووە، کاری پەرلەمانیان پەکخستووە، تەنانەت ئاراستەی کارکردنیشیان گۆڕی، لەبری ئەوەی سەرقاڵ بێت بە پەسندکردنی یاساکانەوە، بووە هاوبەشێکی سەرەکیی لە ناکۆکی نێوان کوتلە سیاسییەکان، گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و بارمتەی مەزاجە سیاسییەکان.


خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق، بەراورد بە خولەکانی پێشتر، زۆرترین ناکۆکی تێدابووە و کاری پەکخراوە، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێک قەیرانە سیاسییەکان بەردەوام بوون، دواتر پەرلەمان دەستی کردەوە بە کاری ئاسایی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا شکستیهێناوە لە ئەنجامدانی ژمارەی ئەو کۆبوونەوانەی لەپەیڕەوی ناوخۆدا ئاماژەی پێکراوە و بۆ پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان نەگەیشتووە بەچارەسەر.

 

دوای 19 ساڵ لە دەستپێکردنی ئەزموونی کاری پەرلەمانی لە عێراق، پەرلەمان پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەقسەی هەندێک پەرلەمانتار ئەم خولەی ئێستاش زۆرترین پاشەکشەی کردووە.


عارف حەمامی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر یاسا هەن بەهۆی گرنگییانەوە دەبوو پەسەند بکرێن، بەڵام پەرلەمان شکستیهێنا لە پەسەندکردنیان، بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییە سیاسی و یاساییەکان لەسەریان، جگە لەوەی بەهۆی چەقبەستوویی سیاسی ساڵی 2022  پێش پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی پەرلەمان پەکیان کەوت. 


بەگوتەی حەمامی، ئەم خولەی پەرلەمان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی زۆر گەورە و مەترسیدار بووەوە، بێگومان ئەوەش کاریگەری لەسەر کار و ئەدای پەرلەمان لەسەر ئاستی یاسادانان و چاودێری هەبوو.


سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە، قەیرانی درووخستنەوەی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانیشی هاتە سەر، بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی درووخستنەوەی حەلبووسی کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر بەردەوامی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەتایبەت ئەو بابەتە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانان، تاوەکو ئێستاش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پەکیان کەوتووە. 


لە 13ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەرزی یەکەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان دەستیپێکرد، دووساڵ بەسەر تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تێپەڕی کە پڕبوو لە قەیران و دواینیشیان دوورخستنەوەی سەرۆکەکەی بوو.

 

ژمارەی کۆبوونەوەکان


یەکەم کۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان لە 19ـی کانوونی دووەمی 2022 بوو، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد حەلبووسی بە سەرۆک هەڵبژێردرا، تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی یاسادانان تەنیا 11 کۆبوونەوەی کرد.


لە وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی یەکەم کە لە تەمموزی 2022 دەستیپێکرد، پەرلەمان تەنیا 16 کۆبوونەوەی کرد، لەگەڵ 11 کۆبوونەوەکەی وەرزی یەکەمی یاسادانان دەکاتە 27 کۆبوونەوە بۆ ساڵی یەکەمی یاسادانان، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوو 64 کۆبوونەوە بکات.


دوای کۆتاییهاتنی ساڵی یەکەمی یاسادانان و دەستپێکردنی پشووی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێک، لە کانوونی دووەمی 2023 وەرزی یەکەمی ساڵی دووەمی یاسادانان دەستیپێکرد، لەو وەرزەدا 31 کۆبوونەوەی کرد، چوار کۆبوونەوەیان تایبەت بوون بە پەسەندکردنی یاسای بودجە کە پێنج شەوی خایاند.


لە ڕێکەوتی 15ـی تەمموز، وەرزی دووەمی ساڵی دووەمی یاسادانان دەستپێکرد، 25 کۆبوونەوەی کرد و وەرزەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو کۆتایی هات.


پەرلەمانی عێراق ئێستا دووساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕیوە، لەکۆی 128 کۆبوونەوە کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بڕیاری داوە لەماوەی چوار ساڵدا دەبێت بکرێن، تەنیا 82 کۆبوونەوە کراون.


لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە، دەبێت لەهەر وەرزێکی یاساداناندا 32 کۆبوونەوە بکرێن، واتە لە مانگێکدا هەشت کۆبوونەوە، هەر وەرزێکیش چوار مانگ بەردەوام دەبێت.

 

بەرژەوەندی و ناکۆکی


هادی سەلامی پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەڵێت، ئەم خولەی پەرلەمان لەڕووی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و پەسەندکردنی یاساوە پاشەکشەی زۆری کردووە، هۆکارەکەشی ناکۆکی و ململانێی لایەنە سیاسییە باڵا دەستەکان بوو لەسەر پلە و پۆست و هەژموون.


"پەرلەمان چەند لایەنێکی باڵادەستی دیاریکراو بەڕێوەی دەبەن، ئەو لایەنانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەرکی چاودێری و یاسادانانی پەرلەمان هەیە، هەروەها هەندێک لایەن بەمەبەست پەسەندکردنی هەندێک یاسا و ئەرکی چاودێریی تایبەت بە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک بەرپرس کە گومانیان لەسەرە ئەرکەکانیان بەباشی جێبەجێ نەکردووە پەک دەخەن" هادی سەلامی وا دەڵێت.


جگە لە چەند هۆکارێکی دیکە، وەکو ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە باسیان دەکات "پەرلەمان بەگوێرەی بەرژەوەندییە سیاسی و حزبییەکان و پشکپشکێنە بەڕێوە دەبرێت" ئەوەش کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان.


نەبوونی سەقامگیری


نەهال شەممەری، پەرلەمانتاری حزبی تەقەدووم کە لەلایەن محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکرێت، دەڵێت،  پێشخستنی کار و ئەدای پەرلەمان پێویستی بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن هەیە، بۆ ئەوەی ناکۆکی ڕوونەدات، بەڵام لە پەرلەمان هەر یاسایەک ئیتر لەسەر هەر پرسێک بێت ناکۆکی لەسەر دروست دەبێت، ئەو ناکۆکی و دابەشبوونە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی یاسادانان هەبووە، بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر سەقامگیری سیاسیی دەکەنەوە.


شەممەری ڕوونیشی دەکاتەوە، بەهۆی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان، کارەکان پەکیان کەوتووە، دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی ئەو قەیرانەش کاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەی یاسادانان دەبێت، لەبەرئەوەی هەندێک پرۆژەیاسا هەن پێویستیان بەدواداچوون و پەسەندکردنە، ناکرێت پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زۆر هەرئاوا بە پەکخراوی بمێنێتەوە، ئەوە لە ماوەی ڕۆژەکانی کۆبوونەوەکان کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوەی وەرزی یاسادانان بەردەوامە و کۆبوونەوەش ناکرێت.


یاسای نەوت و گاز، لە دیارترین ئەو یاسایانەیە لە پەرلەمان پەکی کەوتووە، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەی پرۆژەیاساکە، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە، جگە لە چەندین یاسای دیکە وەکو یاسای دادگەی فیدراڵی.

 

شکستی تەواوەتی


لەکۆتاییدا، وەکو محەممەد عەلی حەکیم شرۆڤەکاری سیاسی باسی دەکات، ئەم خولە شکستخواردووترین خولی پەرلەمان بووە، لەسەر ئاستی ئەرکی یاسادانان، چاودێریی و کۆبوونەوە، هۆکارەکەش ناکۆکی و ململانێی سیاسی بووە بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دەستکەوتەکان و زیادکردنی هەژموون، بەتایبەتیش کە لەماوەکانی ڕابردوودا پرۆسەی سیاسی ناکۆکی سیاسی بەخۆیەوە بینی و هەندێکیشیان گەیشتنە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، ئەمانە لەسەر هەموو ئاستەکان کاریگەریی نەرێنییان کردووەتە سەر کار و ئەدای پەرلەمان.


بەتەماشاکردنی ئەو دوو ساڵەی تەمەنی پەرلەمانی پێدا تێپەڕبووە، حەکیم "بەدووری دەزانێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتووشدا ئەدای پەرلەمان باش ببێت، ڕەنگە پاشەکشەی زیاتریش بکات، بەتایبەتی ئێستا کە تاکەلایەنێک کۆنترۆڵی پەرلەمانی کردووە".

 
خزمەتگوزاری ئەلجیبال

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان