کەناری کالابریا؛ گۆڕستانی کۆچبەرانی کورد

شەیری بکە لە:
کەناری کالابریا؛ گۆڕستانی کۆچبەرانی کورد

ئاڤا  نیوز

 

ئەم چەند ڕۆژە کەناراوەکانی نیمچەدوورگەی هەرێمی کالابریای ئیتاڵیا بووەتە کابووسی چەندین خانەوادەی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنەی دەروازەی پەڕینەوەی کۆچبەرانە لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

 

وێنە گەرورەکە

گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ئیتاڵیا بووەتە هەواڵێکی ئاسایی بەردەوامی ڕۆژانە و ئەو ڕووداوانە چەندبارە دەبنەوە، ڕۆژێک لە لامپێدوسیای سیچیلیای ئیتاڵیا بەلەمی کۆچبەرانی ئەفریقیا ژێرئاو دەکەوێت، ڕۆژێکی تر لە هەرێمی کالابریای ئەم وڵاتە تەرمی کۆچبەرانی کورد دەدۆزرێتەوە.

 

چی ڕووی دا؟ 

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە بەلەمێکی کۆچبەران لە تورکیاوە بەرەو کەناری نیمچەدوورگەی کالابریای ئیتاڵیا بەڕێکەوت، بەڵام ڕۆژی 17-6-2024 میدیای ئیتاڵیا ڕایگەیاند کەشتیوانێکی فەرەنسی پۆلیسی ئیتاڵیایان ئاگادارکردوەتەوە و هەواڵی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا هەیە، دوای بەدواداچوون دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی سەر بەلەمە تێکشکاوەکە کورد بوون، خەڵکی باشوور و ڕۆهەڵاتی کوردستان بوون و ژمارەیەکیشیان خەڵکی ئەفغانستان بوون.

 تا ئێستا ڕزگاربوونی 12 کەس و مردنی 20 کەس پشتڕاست کراوەتەوە، خاچی سووری ئیتاڵیا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ڕووداوی تێکشکانی بەلەمەکە 120 میل لە دووری دەروازەی بەندەری ڕۆچێلا یۆنیکا بووە.

 

 

هۆکارە دووبارەکان

بەردەوام ڕووداوی نقومبوونی بەلەمی کۆچبەران هۆکارەکەی لەیەک دەچێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە دەرکەوتووە ئەو بەلەمەی بڕیار بوو بگاتە کەناراوەکانی کالابریای ئیتاڵیا لە بنەڕەتدا توانای هەڵگرتنی 45 کەسی هەبووە، بەڵام قاچاخچییەکان 60 بۆ 78 کەسیان سەرخستووە، ئەمەش هۆکاری دروستبوونی فشار بووە لەسەر بەلەمەکە.

 

ئیتاڵیا چی دەڵێت؟ 

رۆبێرتۆ ئۆکیتۆ، سەرۆکی هەرێمی کالابریا دەڵێت، ئەم ڕووداوە هەموومانی دڵگران کرد، بەداخەوە بەهۆی جەنگ و خراپبوونی باردۆخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاووڵاتییەکانیان ڕێگای خراپ و قورس هەڵدەبژێرن بۆ گەیشتن بە وڵاتی ئێمە و ناوچەکانی دیکە.

گوتیشی "ئێمە ئەوەمان پێدەکرێت بتوانین سۆراغی قوربانییەکان بکەین و هاوکاری و شوێنی ئارام بۆ ئەوانەش دابین بکەین کە لە ژیاندا ماون".

خاچی سووری ئیتاڵی دەڵێت، دۆزینەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە ئاسان نییە، چونکە ئەو کاتەی پێیان زانییوە ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە، ئەمە جگە لەوەی دەریاکە شەپۆل دەداو ئاوی ئەم سنوورە وەکو ناوچەیەکی هێمن و ئارام نییە تا تەرمی قوربانییەکان بەسەر ئاو بکەون یان بکەونە کەناری دەریاکەوە.

ئێلی شەهلین، سکرتێری پارتی دیموکراتی ئیتاڵی، کە ئێستا هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن جەماوەرن و ساڵانێک لە دەسەڵات بوون ڕەخنەی تووند لە "جۆرجا میلۆنی" سەرۆکوەزیران دەگرێت و دەڵێت: ئێوە وەکو دەسەڵات بەردەوام بێباکن و بێدەنگن لەئاست ئەم ڕووداوە تراژیدیانە بەئاشکرا کەسانێک گیان لەدەست دەدەن لەنێو دەریاکان، ئێوەش هەڵوێستتان نییە، پێویستە میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە.

ڕووداوە تراژیدییەکەی کەناری کالابریا لەکاتێکدایە، ئەمساڵ لە ڕۆژانی 13 تاوەکو 15ی ئەم مانگە دانیشتنی کۆمەڵەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکە لە باشووری ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. تەوەرێکی کۆبوونەوەکە پرسی کۆچی نایاسایی بووە و ڕێگری لە بازرگانی بووە بە ژیانی مرۆڤەوە.

 

ژمارەکان وا دەڵێن

بەگوێرەی زانیارییەکان لەماوەی ئەمساڵدا ژمارەی ئەوانەی لە سنووری دەریای ناوەڕاست بەهۆی کۆچەوە مردوون گەیشتووەتە هەزار کەس. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمساڵ نۆ هەزار و 477 کەس گەیشتوونەتە وڵاتی ئیتاڵیا.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان