بێشبینی کۆچی بەلێشاوی دانیشتووانی باشووری عێراق دەکرێت

شەیری بکە لە:
یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردن پیسبوون وگۆڕانی کەشوهەوایە

یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردن پیسبوون وگۆڕانی کەشوهەوایە - وێنە: ئەلمۆنیتەر

ئاڤا نیوز 


وێڕای ئەوەی زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی عێراق بەڕەگەز خەڵکی باشوورن، بەڵام دۆخی دانیشتووانی ناوچەکە لەوپەڕی خراپیدایە، ساڵ لە دوای ساڵیش کۆچکردن بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بەتایبەتی بەغدای پایتەخت وهەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە.

 

وێنە گەورەکە: گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و وشکەساڵی بە بیابانبوونی خاکەکەیان، هەڕەشەی گەورەن لەسەر ناوچەکانی باشووری عێراق و پێشبینی کۆچێکی بەلێشاوی دانیشتووانەکەی دەکرێت بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو کۆچەش کاریگەریی سەرەکی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و پشکی مەترسییەکانی بەر دەکەوێ.

 

لێدوانی فەرمی: حەیدەر سەعدی، سەرۆکی ڕێکخراوی بیابانبوون و قەیرانی وشکەساڵی ڕایگەیاند: عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی ژینگەیی جددی دەبێتەوە کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و دابەزینی پشکی ئاو و تێکچوونی زەوی و بیابانبوون و تۆز و خۆڵ و خاشاک دروستبووە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق لە ڕیزبەندی ئەو پێنج وڵاتەیە کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاری کەشوهەوایان بەرکەوتووە و ڕیزبەندی 39ـەیەمینی ئەو وڵاتانەیە کە ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی کەمئاوی بوونەتەوە، حکومەتی عێراقیش هێشتا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات، کە لێکەوتە زیانبەخشەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر نیوەی خەڵکی عێراق دەبێت.

 

درێژەی ڕاپۆرت...


لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان چی دەڵێن؟


لێکۆڵینەوەیەک کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ کردوویەتی بە پاڵپشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا - نووسینگەی دانیشتووان و پەنابەران و کۆچ (PRM)، ڕاستییەکانی سەبارەت بە کۆچکردن لە شارەکانی باشووری عێراقدا ئاشکرا کرد، کە دیارترینیان خراپبوونی ژینگە و کەمی ئاو و پیسبوونی هەوایە، بەو هۆیەوە تەنیا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 21 هەزار خێزان لە 12 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق کۆچیان کردووە، 74%ـی ئەوانەی بەهۆی کەشوهەوا ئاوارەبوون، بەرەو ناوەندی شارەکانی زیقار، میسان، دیوانیە و موسەننا ڕۆیشتوون، ئەوانەشی بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار و چارەسەری تەندروستی و خوشگوزەرانی کۆچیان کردووە، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەشارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نیشتەجێبوون.

 

لێکەوتە مەترسیدارەکان


قەیرانی بەبیابانبوون و وشکەساڵی، کاریگەری و کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی گشتی دانیشتووانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست کردووە، لەوانە هەژاری و نەبوونی دەرفەتی ژیانی شایستە. بەو هۆیەوە ئیدارە ناوخۆییەکانی ئەو پارێزگایانە ئامادە نین پێشوازی لەو خێزانانە بکەن کە لە گوند و ناوچە گوندنشینەکانەوە ئاوارە بوون، بەهۆیەوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەوتەوە وەک کێشەی نیشتەجێبوون و ودەرفەتی کار و مافی خوێندن و کێشەی پاکوخاوێنی و کارەبا و تەندروستی، کە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور لە بنەڕەتدا بەدەستییەوە دەناڵێنن.

 

ژینگەی عێراق خراپە 


بەپێی ئاماری وەزارەتی ژینگەی عێراق، ساڵانە عێراق 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەست دەدات، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر زیاتر لە 52%ـی ئەو زەوییانەی کە بۆ کشتوکاڵ گونجاون لەدەست دەچن، لە پارێزگای بەسرە چوار ملیۆن کەس ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە، جگە لەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات ساڵانە بەڕێژەی بەرچاو کەم دەکات. ئەو گۆڕانکارییانە وایانکردووە 60 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی بێ سوود بێت و 30 هەزار دار لەناوبچێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە 33%ـی خەڵکی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، بەڵام زەنگە مەترسیدارەکە ئەوەیە لەگەڵ زیادبوونی وشکەساڵی کۆچکردن لەو ناوچانە زیاد دەکەن.

 

مەترسییە گەورەکە


ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان دەری دەخات تاوەکو دوو ساڵ لەمەوبەر لە هەشت پارێزگای عێراق سێ هەزار خێزان وەک ئاوارەی گۆڕانی کەشوهەوا دیاریکراون، بەشێکیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێستا هۆشدارییەکان زیاتر بوونە لەبارەی مەترسییەکانی کۆچی دانیشتووانی کۆمەڵگەیەکی عێراقی بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە و کاریگەرییەکانی لەسەر خۆراک، تەندروستی، ژینگە و ئاسایشی کۆمەڵگە و کولتووری گشتیدا، ئەمە لەکاتێکدایە مەترسی ئەو کۆچە بەلێشاوەی پێشبینی دەکرێت ڕووی نەداوە کە دەرئەنجامەکەی هەڵهاتنە بەرەو ناوچەکانی باکووری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە و ئەم بابەتەش کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.

شەیری بکە لە: