منداڵانی دووڕەگ؛ کێشەیەکی گەورەی نێوان کینیا و بەریتانیا

شەیری بکە لە:
منداڵانی دووڕەگ؛ کێشەیەکی گەورەی نێوان کینیا و بەریتانیا

دایکێکی کینی لەکاتێکدا لەگەڵ دوو منداڵی وەستاوە، خەمبارە و دەگریت؛ وێنە: africanews

ئاڤا نیوز

ئەو سەربازانەی بەریتانیا کە بەمەبەستی مەشقی سەربازی لە کینیا بوون، دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنانی ئەو وڵاتە و منداڵیان لێخستوونەتەوە.

 

وێنە گەورەکە: چەندین ساڵە سوپای بەریتانیا بەگوێرەی ڕێککەوتنێک و لە بەرامبەر 400 هەزار دۆلاردا، بەشێک لە مەشق و ڕاهێنانەکانی لە کینیا دەکات.

 

کێشەی سەرەکی: ئەنجامی دەستدرێژیی سەربازە بەریتانییەکان سەدان و هەزاران منداڵی دووڕەگەن، بەڵام ئێستا سەربازەکان خۆیان بە باوکی منداڵەکان نازانن و منداڵەکانیش لەبەرئەوەی دووڕەگەن لەنێو خەڵکی ڕەشپێستی کینیا تەواو دیار و بەرچاون.

 

شوێنی مەشقی سەربازەکان

بەشی زۆری مەشقەکان لە شارۆچکەکانی 'لایکیپیا' و 'سامبورو'دەکرێن و بەزۆریش منداڵانی دووڕەگ لە گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارۆچکانە لەدایک دەبن.

 

پەرلەمانی بەریتانیا لێکۆڵینەوە دەکات

'یەکەی تایبەتی مەشقی سوپای بەریتانیا' کە بنکە سەرەکییەکەی لە شارۆچکەی سامبوروی کینیایە، بە دەستدرێژی و خراپ کەڵوەرگرتن تۆمەتبار کراوە. ئێستا کۆمیتەی زانیاری و پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەمانی بەریتانا لێکۆڵینەوەکانی لەوبارەوە دەستپێکردووە و چەندین دانیشتنی بۆ گوێگرتن لە بەرپرسانی یەکەکە ڕێکخستووە.

 

دۆسیەکان

هەزاران ژنی کینیایی سکاڵایان لە سەربازانی بەریتانی هەیە بەوەی لەلایەن سەربازانەوە ڕفێنراون و دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر. یەکێک لە دۆسیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 کە سەربازانی بەریتانی دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵیان کردووەتە سەر 30 ژنی کینیایی.

 

دۆسیەیەکی ئاڵۆز

یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان کە لە دژی سەربازانی بەریتانی جوڵێنراوە، دۆسیەی ژنێکی تەمەن 21 ساڵی کینیایە بە ناوی 'ئەگنس وانجیرو'. ساڵی 2012 دوای ئەوەی ئەم ژنە دەچێتە هۆتێلێک کە سەربازانی بەریتانی تێدا نیشتەجێ بوون، دیار نامێنێت. دواتر تەرمی ژنەکە لەنێو بیری ئاوەڕۆیەکدا دەدۆزرێتەوە.

 

تاوانبار سزانەدرا

هەرچەندە دادگاکانی کینیا هۆکاری مردنی ژنەکەیان بە 'کوشتن' ناوبرد و سەربازانی بەریتانیاش کەسێکیان وەک گومانلێکراو ناساند، بەڵام هیچ کات ئەو گومانلێکراوە بە تاوانبار نەناسێنرا و سزانەدرا.

 

پەنابردنە بەر پادشای بەریتانیا

کەسوکاری ئەگنس لەو باوەڕەدان کە بەریتانیا لە بەرامبەر داواکەیان خەمساردە. بۆیە لە کاتی سەردانی پاشا چارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، داوای هاوکارییان لێکرد.

 

مێژوویەکی 70 ساڵە لە دەستدرێژیی سێکسیی سەربازانی بەریتانی

سەربازانی بەریتانیا مێژوویەکی 70 ساڵەیان لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی کینیا هەیە. سەرەتای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1950 و لەو کاتەوە چەندین تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسییان ئاراستە کراوە. تەنیا لە ساڵی 2007ـدا، دوو هەزار و 187 ژنی کینیایی سکاڵایان لە سەر تۆمار کرد بەوەی لەلایەن سەربازانی بەریتانییەوە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر.

 

بەرپرسانی بەریتانیا چی دەڵێن؟

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و هەروەها پۆلیسی سەربازیی بەریتانیا تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنین پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەو منداڵە دووڕەگانە بکرێت کە بەرهەمی دەستدرێژیی سێکسیی سەربازانی بەریتانیان.

 

حکومەتی کینیا چی دەکات؟

ساڵی 2008، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، دادپەروەری و ئاشتی لە کینیا چەندین دانیشتنی بۆ گوێگرتن لە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی ساڵانی نێوان 1963 تاوەکو 2008 ئەنجام دا. دواتر کۆمیتەکە ڕایگەیاند حکومەتی کینیا بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دۆسییەکانی پەیوەست بە دەستدرێژیی سەربازانی بەریتانیی بێسەروشوێن کردوون.

 

هەنگاوی داهاتوو

ساڵی 2021، سەرەڕای ناڕەزاییە فراوانە ناوخۆییەکان، حکومەتی کینیا ڕێککەوتننامەی بەرگریی لەگەڵ بەریتانیا درێژ کردەوە و یەکەی مەشقی سوپای بەریتانیا بارەگایەکی هەمیشەیی لە شاری 'نانیوکی' کردەوە. بەگوێرەی پاشکۆیەکی ڕێککەوتنەکە ڕێگە دەدرێت لە دادگاکانی کینیا سکاڵا لە دژی سەربازانی بەریتانی تۆمار بکرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ سکاڵاکان بکرێت، ئەمە واتە لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک لەم سەربازانە دادگایی بکرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان