هێرشی "میلیشیاکان" و وەڵامی ئەمریکا.. عێراق بەرەو تونێلی داخراو

شەیری بکە لە:
هێرشی "میلیشیاکان" و وەڵامی ئەمریکا.. عێراق بەرەو تونێلی داخراو

ئاڤا میدیا – هەولێر 

"لە نێوان هێرشی گرووپە چەکدارەکان و وەڵامەکانی ئەمریکا" حکومەتەکەی سوودانی زۆرترین زیانی بەردەکەوێت و تووشی شەرمندەیی دەبێت، چونکە لەلایەک قەرزاری گرووپە چەکدارەکان و حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی یە کە سوودانیان کردە سەرۆکوەزیران، لەلایەکی دیکەش وەکو سەرۆکوەزیران دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتنە ئەمنییانە بێت کە لە نێوان بەغدا و واشنتن کراون کە تێیدا گەرەنتی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات و ئەرکی پاراستنیشیان لە ئەستۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی رێککەوتنەکان ئەو هێزانە راوێژ و مەشق بە سوپای عێراق دەکەن.

 

مەترسییەکە: دوور لە کاریگەریی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان لەسەر ئایندەی سیاسی سوودانی بە مانەوە یان رۆشتنی لە پۆستی سەرۆکوەزیران، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە عێراق بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، بەهۆی هەڵوێستی فەرمیی حکومەتەکەیەوە کە هاوڕایە لەگەڵ هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان لە پرسی کۆتاییهێنان بەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، پەیوەندی نێوان حکومەت و حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی  ناکۆکی تێکەوتووە بەتایبەتی بەشێک لە گرووپەکانی ناو چوارچێوەکە گومانیان هەیە لە رژدیی حکومەتی فیدراڵ لە پرسی کۆتاییهێنان بەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ناکۆکییەکەش ئەوکاتە زیادبوو کە لایەنی ئەمریکا زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە بۆ بۆردوومانکردنی  بارەگای گرووپە چەکدارەکان هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە.
هەندێک سەرچاوەی سیاسی شیعە باسی ئەوە دەکەن کە بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جموجۆڵیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ شوێنەکەی سوودانی و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بەتایبەت ئەگەر هاتوو ناکۆکییەکانیان بگاتە خاڵی بنبەست.

 

هەڵوێست: حەیدەر موسەوی، لێکۆڵەر ئاماژەوەی بەوە کرد، کە کارێکی مەحاڵە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکۆکیان لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەبێت، سودانی خۆی مانگی ئابی ساڵی رابردوو شاندێکی رەوانەی واشنتن کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سرووشتی مانەوەی ئەو هێزانە و پێکهێنانی لیژنەیەک لە نێوان هەردوو وڵات بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە.

بەگوێرەی قسەکانی موسەوی، پێش پێکهێنانی حکومەتەکەی سوودانی حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان رێککەوتبوون کە کاتی زیاتر بدرێت بە حکومەت بۆ ئەوەی گفتوگۆ و دانوستاندن لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات.

گرووپە چەکدارەکانیش ئاگربەستێکیان لای خۆیانەوە راگەیاندبوو کە هێرش نەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام رووداوەکانی غەزە هاوکێشەکەی گۆڕی و وای کرد هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ئاگربەست بشکێنن و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.

موسەوی بە دووریشی دەزانێت، سوودانی لە بەرامبەردا و بە "هەڵوێستی لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق" لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، چونکە ویستێکی هاوبەش لەنێوان لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی  و حکومەت هەیە، بەڵام جیاوازییەکەیان لەسەر کاتەکەیە، سوودانی لە بنەڕەتتدا دژی هێرشی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی.

 

تونێلێکی تاریک: غانم عابد، لێکۆڵەر لەمبارەیەوە دەڵێت، گرژی و ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان، عێراق دەخاتە دۆخێکی مەترسییەوە، بەشێوەیەک تووشی کێشەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری وایان دەکات، دەیانگەڕێنێتەوە دۆخەی ساڵانی نەوەدەکان کە تێیدا دابڕابوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

عابد ئەوەشی خستەڕوو، وەڵامی ئەمریکا بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان فراوانتر دەبێت، رەنگە واشنتن پەنا بباتە بەر سەپاندنی سزای ئابووری و دیپلۆماسی بەسەر عێراقدا کە لە 95%ـی پارە و داهاتی نەوت لە بانکی فیدراڵی هی ئەمریکایە، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی زیاتری نرخی دیناری عێراقی و زیادبوونی رێژەی بێکاری و دروستبوونی پشێوییەکی چاوەڕاننەکراو.

لەگەڵ زیادبوونی ناکۆکی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکا و هاتنە سەر خەتی حکومەتیش بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق وادەکات کۆتایی بە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی بهێندرێت.

 

شەیری بکە لە: