حووسییەکان و رۆڵیان لە ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شەیری بکە لە:
حووسییەکان لە یەمەن

حووسییەکان لە یەمەن

 
ئاڤا میدیا – هەولێر 
 
"رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسی و ئابووریدایە"، ئەوە ئەنجامی زۆربەی ناوەندەکانی توێژینەوەیە کە لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توێژینەوە دەکەن. ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، گرووپێکی دیکەی گەورەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پەلکێشی نێو مەیدانی ململانێکە کردووە،  کە وەک یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان چاوی لێدەکرێت، ئەوانیش حووسییەکانی یەمەنن.
 
 
 
گرووپێکی بچووک و ھێزێکی گەورە: یەمەن، وڵاتە ستراتیژییەکەی نێوان رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی جیھان، لەڕووی ئابوورییەوە، لەبەرئەوەی پشتی لە سعوودییە و رووی لە یەکێک لە گەورەترین دەریا گەورەکانی جیھانە و لە رێگەی ئەو دەریایەوە %70ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەریایی جیھان دەکرێت.
 
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە یەمەن دابەش دەبێت بەسەر چەند پێکھاتەیەکی جیاوازدا، پێکھاتەی حووسییەکان یەکێکن لە خێڵ و گرووپە جیاوازەکان، کە بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوو لەبەردەم ھەڕەشەی لەناوچووندا بوون و ھەمیشە جوداخوازانە بەرھەڵستی دەسەڵاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان کردووە .ھەندێک جاریش لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە بەکارھێنراون بۆ ئەوەی وەک گوشارێک بەکاربێن بۆ یەکلاییکردنەوەی ھاوکێشەیەک یاخود دروستکردنی ئاڵۆزییەک.
 
 
 
حووسییەکان کێن؟: لە یەمەن نیشتەجێن، ژمارەیان نزیکەی نیوملیۆن کەسە. دشداشە لەبەردەکەن، لەگەڵیدا چاکەتی ئەورووپی دەپۆشن، بۆ ئەوەی کولتووری خۆیان بپارێزێن جامانە لەسەر دەکەن و پشتێنێکیش دەبەستن. خانەدانەکانیان شمشێرێکی بچووک بە بەر کەمەریانەوە دەکەن.
 
کاتێک ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەیان روودەدات، بە ژن و پیاو و منداڵەوە چەک ھەڵدەگرن، ئەوەی گەورەکەیان بیڵێت وەک خۆی جێبەجێی دەکەن.
 
 ماوەیەکی کەم نییە لەسەر گۆڕەپانی یەمەن جموجووڵیان ھەیە، ئەوان لەم چەند ساڵەی دواییدا دەستیان بە فراوانخوازی کرد.
 
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا، گرووپێکی  سیاسیی ئایینیی چەکدارە،  پارێزگای سەعدە بنکەی سەرەکی ئەوانە، ناوی حووسی بۆ دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە، کە ناوی (حوسێن حووسی) بوو و  لە ساڵی 2004 بە دەستی ھێزەکانی یەمەن کوژرا، بە باوکی رۆحیی گرووپەکە دادەنرێت.
 
بەدیاریکراوی  ئەم گرووپە لە ساڵی  1992  زیاتر دەرکەوتن بەھۆی فەرامۆشکردنیان لە لایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی یەمەنەوە،گرووپەکە شیعەن و سەر بە مەزھەبی زەیدین، لەسەر بنەمای ویلایەتی ئیمام دامەزراون و پەیڕەوی ویلایەتی فەقیهن، مەزهەبی 12 ئیمامی شیعە، بە ھەمان شێوەی شیعەکانی ئێران.
 
 
پەیوەندییەکی بەرژەوەندیخوازانە و ئایینی: لایەنە سوننەکانی یەمەن تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حووسییەکان، کە "لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن" و لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانیش لە "جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھیلالی شیعە لە ناوچەکەدا ھاوبەشن" و رۆڵێکی گرنگیان ھەیە لە بوونیادنانی ئەو پڕۆژە گەورەیەی کە ئێران بەنیازی دروستکردنییەتی، بەڵام ئەو تۆمەتە لەلایەن حووسییەکانەوە رەتدەکرێتەوە و دەڵێن، ئەوان سەر بە مەزھەبی زەیدین، ئەگەرچی لە ھەندێک پرسدا لەگەڵ مەزهەبی 12 ئیمامەکە یەکدەگرنەوە و کۆکن. تاوەکو ئێستاش ھیچ بەرپرسێکی باڵایان دانی بەوەدا نەناوە، کە پەیوەندییەکی بەھێزیان لەگەڵ ئێراندا ھەیە.
 
 
یاخیبوونی حووسییەکان: لەسەردەمی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، حووسییەکان بەتەواوەتی فەرامۆش کرابوون، ئەوان بەردەوام خواست و داواکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسییان ھەیە و دەجەنگن لە پێناو بەدیھێنانی سەرجەم داواکارییەکانیان لە چوار چێوەی یەمەندا. ھەروەھا دووپاتی دەکەنەوە کە دەبێت رۆڵێکی گەورەیان ھەبێت لە  دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.
 
 
 
بەھۆی ئەو ئاڵۆزییانەی دۆخی یەمەن کە ئەم ساڵانەی دوایی بەخۆیەوەی بینی و چەندین رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی حووسییەکان لەدژی ھێزەکانی حکومەتی یەمەن و کەوتنی چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە بەدوای یەک بە دەستی حووسییەکانەوە، ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر رووبەڕێکی فراوان لەو وڵاتە سەپاند و توانییان بەشێکی گەورەی یەمەن کۆنترۆڵ بکەن.
 
عەبد رەبە مەنسوور ھادی، سەرۆکی ئێستای یەمەن لەگەڵیان کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات بەمەرجێک چەکدارەکانیان لە سەنعای پایتەخت بکێشێنەوە و واز لە داگیرکارییەکانیان لە تەلار و بارەگای حکومەت و وەزارەتەکان و کۆمپانیا و کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بھێنن، بەڵام ئەوەیان نەکرد و بەوھۆیەشەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە پلانێکی مەزهەبی جێبەجێ دەکەن. ئەوەش بە یاخیبوونێکی گەورە ناونرا
 
 
ئەوەی پێویستە بزانرێت: رووبەری گشتیی وڵاتی یەمەن ٥٢٧.٩٧٠ کیلۆمەتر سێجایە و خاوەنی ٢٠٠ دوورگەیە لە دەریای سوور و دەریای عەرەب و بەپێی چەند ئامارێک ژمارەی ھۆزەکانی یەمەن ٢٠٠ ھۆز دەبن و ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتەش دەگاتە ٢٩ ملیۆن کەس، کە زۆربەیان کەوتوونەتە ناوچەکانی سەروو یەمەنەوە، واتە لە سنووری نزیک سعوودییە، چونکە سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەیە.
 
لە ٢٠٠٤ حوسێن حووسی بەدەستی ھێزەکانی یەمەن کوژرا و دوای ئەوە باوکی بەدرەدین حووسی بووە سەرکردەی گرووپەکە و دوای ئەویش عەبدولمەلیک حووسی کوڕە بچووکەکەی کە ئێستاش سەرکردایەتی گرووپەکە دەکات .
 
لە ٢٠٠٤ لەدژی حکومەت دەستیان بە جەنگ کرد لەو کاتەی دەسەڵاتدارانی یەمەن نەیانھێشت ئەوان لەناو مزگەوتەکانیان ھوتاف لەدژی ئەمەریکا و ئیسرائیل بڵێنەوە، کە بە کوشتنی حوسێن حووسی کۆتایی پێھات، دوای ساڵێک بەدرەدین حووسی دەستی بە جەنگی حکومەتی یەمەن کرد، تاوەکو کاتی ھاتنی عەبدولمەلیک حووسی و لە ٢٠٠٧تاوەکو  ٢٠١٠ ناوە ناوە جەنگ دروست دەبوو.
 
لە ٢٠١١ حووسییەکان بەشدارییان لە راپەڕینی جەماوەری لە دژی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کرد و لە ٢٠١٤ جەنگ لە دژی حکومەتی نوێی یەمەن دەستی پێکردەوە و کۆنترۆڵی سەنعای پایەتەختیان کرد.    
 
حووسییەکان لە ناوچەکانی سەعدە، زمار، عەمران، محوێت، تەعز، ئیب، ناوچەکانی باشوور نیشتەجێن، دیاریکردنی پارێزگەی سەعدە وەک ناوەندی سەرەکیی حووسییەکان تەنیا ئەوەندە نییە کە شوێنی سەرەکی نیشتەجێیانە، بەڵکو بەھۆی نزیکی لە سنوورەکانی سعوودیەیە کە نەیارێکی سەرسەختی ئێرانە، ھەروەھا نزیکی لە سعوودیە بەھۆی نزیکی ناوچەکە لە شیعەکانی سعوودیە.
 
ژمارەی لایەنگرانی حووسی دەگاتە ٣٥٠ ھەزار کەس کە ١٠ ھەزاریان چەکداری کارامەن، سەرچاوەی پارەدارکردن و چەکداریکردنی حووسییەکان تەواو روون نییە، بەڵام زۆر جار بە لایەنگری ئێران باسیان لێوە دەکرێت.
 
 
 لاوازیی ژێرخانی یەمەن و فەرامۆشکردنی خەڵکەکەی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە وای کرد خەڵکەکە لێی یاخی ببن و پاڵپشتی لە حووسییەکان بکەن، ئەگەر لە بیروباوەڕیش جیاوازبن لەگەڵیاندا. ھەروەھا پەنابردنی حووسییەکان بۆ درووشمی وا کە سەرنجی گەنج و سەرۆک ھۆزەکان بۆخۆیان رادەکێشن، چەند ھۆکارێک بوون کە وایان کرد حووسییەکان کۆنترۆڵی سەنعا و زۆرینەی شارە گەورەکانی یەمەن بکەن.
 
 
وێنە گەورەکە: بەھۆی ئەوەی یەمەن کەوتووەتە سەر دەریای ناوەڕاست و دەریایی سوور، حووسییەکان چانسێکی زۆر باشیان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن ھەژموونێکی گەورەیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
 
سنوورێکی دەریایی فراوانی ھەیە، ھەر لە بەندەر عەباسەوە تا دەگاتە نۆکەندی سوێس وھەروەھا دەگاتە ناوچەکانی حقل و تابا کە بە ئاسانی دەڕوانێت بەسەر ئیسرائیلداو مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن. لەلایەک دەڕوانن بەسەر سعودییەدا کە کۆمپانیایی ئارامکۆی لێیە ، لەلایەکی دیکە دەڕوانن بەسەر دەریای سووردا کە گەورەترین بەندەرە ئابوورییەکانی جیھانی لێیە ، لەلایەکی دیکەش دەبنە پردی نێوان رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا. ئەوەش وایکردووە بتوانن بە ئاسانی کاریگەری راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی سیاسی و ئابووری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا تێکبدەن.
 
ئەگەر حووسییەکان لە سەعدەوە مووشەک ئاراستەی ئارامکۆی سعوودیە بکەن لەیەک خولەکدا نرخی نەوت لە %٥ یان زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەوەش یەکێکە لە مەترسییە گەورەکانی جیھان.
لەلایەکی دیکە دەتوانن مووشەک ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان بکەن و ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئابووری دەریایی بە ئاسانی تووشی داڕمان ببێت، چونکە لە٪٣٠ کۆی تەواوی گەشتە بازرگانییە دەریاییەکان لە سنووری حووسییەکانەوە دەکرێت.
 
لە ١٦-٩-٢٠١٩ حووسییەکان بەمووشەک ھێرشیان کردە سەر بنکەی ئارامکۆ و ١٧ مووشەکی بالیستی بەھێزیان  ئاراستەی بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە کرد.
لە سەرەتای ھەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان، حووسیەکان جارێکی دیکە دەستیان بەھەڕەشەکرد. چەندین جار مووشەکیان گرتە ئیسرائیل و زیانی گەورەیان لە ئاسایشی ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل دروستکرد.
لە دەریای سووریش پەیتا پەیتا ھێرشی مووشەکی دەکەنە سەر چەند کەشتییەک ئەوەش بووە خۆی ئەوەی ٤٠ کۆمپانیای دەریایی لە دەریای سوور بکێشنەوە کە زیانی گەورەی بە بەریتانیا، ئەمریکا و ھەموو ئەوروپا گەیاند.
 
 
دیوێکی دیکە: لەوەتەی جەنگ ھەیە لە کەرتی غەزە، حووسییەکان کەوتوونەتە خۆیان و پەیتا پەیتا ھێرش دەکەنە سەر کەشتییە جەنگی و بازرگانی و سەربازییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسپانیا لە دەریای سوور.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانە، دەڵێت، تاوەکو ئیسرائیل لە غەزە نەکشێتەوە، بەردەوامن لە ھێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور.
 
ئەو دەڵێت چەکی پێویستیان ھەیە کە ھەرچی بیانەوێت بیکەن لەناو یەمەن و لە دەریای سوور و لە ئیسرائیلیش، ئەوەش واتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئەمریکا، ئەورپا و ئیسرائیل.
 
دەریای سوور، ستراتیژیترین ناوەندی دەریاییە بۆ جیھان، کە لە رووی قەبارەوە ١٢%ی بازرگانیی دەریای جیھانی لەو دەریایەدا تێدەپەڕێت و نزیکەی ٣٠%ی ھاتووچۆی کۆنتێنەرەکانی جیھان لەو رێڕەوەیە.
 
 
هێزی حووسییەکان: حووسییەکان بەنزیکەی ملیۆنێک چەکی وردەیان ھەیە لە جۆری دەمانچە، کڵاشیکۆڤ و ئارپیچی و هتد...
سێ جۆر مووشەکی ھەیە کە بریتین لە بالیستی یەک و دوو، شەھاب یەک و دوو ، ھەروەھا مووشەکی خورەمشەھر، کە ئەمانە دروستکراوی سوپای پاسدارانی ئێران و لەبنەڕەتدا مووشەکی رووسین و دەستکاری کراون.
 
فڕۆکەی جۆری ئاپاچی یەک و فڕۆکەی نەفەرھەڵگری بچووک و فڕۆکەی شەڕکەری ئاراستە مامناوەند. لەگەڵ گرووپێکی ھەواڵگریی تۆکمەی زۆر نھێنی.
 
 
لە دوورەوە: بەریتانیا زۆر لە دۆخەکە نیگەرانە لەبەر ئەوەی دەریای سوور گەورەترین رێڕەوی ئابوورییە کە ئەوروپا و بەریتانیا بەتایبەتی قازانجێکی گەورەی لێدەکەن. ئەمریکاش دوایین ھۆشداری خۆی داوەتە حووسییەکان کە لە رێگەی ئەو ھاوپەیمانێتییەی رایگەیاندووە ھێرشی بەرفراوان دەکەنە سەریان، ئەوانیش دەڵێن بەرگریی لە خۆیان دەکەن.
 
 
دوایین هێڵ: لە ئەگەری بەردەوامیی دۆخەکەدا ئیسرائیل لە ھەراسانییەکی گەورەدا دەبێت و کێشەی گەورە بۆ ئابووریی ناوچەکە دروستدەبێت، چونکە حووسییەکان ئامادەنین واز لە ھێرشەکانیان بھێنن، لە ئەگەری ھەر ھێرشێکی سەربازی بۆ سەر گرووپەکان، بێگومان حووسیەکان بێدەنگ نابن و ناوچەکە دەکەنە قوربانی مووشەکە بالیستییەکانیان.
 
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان