لە گوندەکانی پاکستان پیاوان دەنگدان لە ژنەکانیان قەدەغە دەکەن

شەیری بکە لە:
لە گوندەکانی پاکستان پیاوان دەنگدان لە ژنەکانیان قەدەغە دەکەن

کۆلانێکی پاکستان. وێنە: ئاژانسی فڕانس پرێس

ئاڤا دیجیتاڵ

 

لە چەند ناوچەیەکی پاکستان بە بیانووی ئەوەی نابێت ژنان ماڵ چۆڵ بکەن، پیاوان دەنگدانیان لێ قەدەغە کردوون.

 

وێنە گەورەکە: پاکستان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە و پیاوانی پاکستانیش رێگە نادەن هاوژین و کچەکانیان بەشداری بکەن، هەرچەندە بەشێک لە ژنانی پاکستان دەیانەوێت دەنگبدەن بەڵام بۆ ئەمە دەبێت رێگەپێدان لە پیاوەکانیان وەربگرن.

 

لێدوانی فەرمی: "من حەزدەکەم دەنگ بدەم، ئەگەر پیاوەکانی نێو خێزانەکەم رێگەم بدەن. بەڵام ئەو پیاوانە نایانەوێت ماف بە ژنان بدەن". نەعیم کاسۆری، ئافرەتێکی پاکستانییە و ئەمەی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە.

 

بۆ چوونی لایەنی بەرامبەر: "ئەگەر ئافرەتەکان بە دوای پیاوەکانەوە بچنە دەرەوە بۆ دەنگدان، ئەی کێ ئاگای لە ماڵ و منداڵەکان بێت؟. مادام بۆ یەک دەنگیشە، پێویست ناکات ژنان بەشداری بکەن". پیاوانی پاکستان وادەڵێن.

 

هۆکارە زانراوەکان: هەرچەندە دەنگدان مافێکی دەستورییە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی لە سەرووی  18 ساڵیەوە بێت، بەڵام لە پاکستان، هێشتا سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی کۆن لەلایەن پیاوانی گوندەکان پەیڕەو دەکرێت. 

 

ژمارەکان وادەڵێن: لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پاکستاندا، تەنها 355 ژن کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وڵاتەکە دەکەن، لەکاتێکدا 6,094 پیاو لە لیستەکەدا هەن. لە کۆی 324 کورسیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی پاکستان، 60 کورسی بۆ ژنان و 10 کورسی بۆ کەمینە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە تەرخانکراوە کە زۆرینەیان موسڵمانن.

 

پاشخان: هەشتی شوباتی ئەمساڵ بە بەشداری 128 ملیۆن دەنگدەر، پرۆسەی دەنگدان لە سەرتاسەری پاکستان بەڕێوەدەچێت.

شەیری بکە لە: