حیزبوڵای لوبنان چەكی نوێ دژی ئیسرائیل بەكاردەهێنێت

شەیری بکە لە:
حیزبوڵای لوبنان چەكی نوێ دژی ئیسرائیل بەكاردەهێنێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

حیزبوڵای لوبنان چەكی نوێ لە شەڕی ئیسرائیلدا بەكاردەهێنێت، گەورە بەرپرسانی تەلئەبیبیش هەڕەشەی كۆنترۆڵكردنی باشووری لوبنان دەكەن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە حیزبوڵای لوبنان چەکی نوێی خستووەتە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە سنووری باشووری لوبنان، ئەمەش مەترسی لە ناو ئیسرائیل دروستكردووە، ئەو حیزبە جبەخانەیەکی دروستکردووە کە زیاتر لە ملیۆنێک مووشەکی جۆری جیاواز لەخۆدەگرێت.


زانیاريی بەدەستهاتوو: ئێستا حیزبوڵای لوبنان توانای هەڵدانی نزیکەی سێ هەزار مووشەکی ڕۆژانەی هەیە  بۆ سەرخاكی ئیسرائیل، لە هێرشەکانیدا بە پلەی یەکەم پشت بە مووشەکی دژە زرێپۆشی کۆرنێت دەبەستێت.


درێژەی راپۆرتەكە


چەکی نوێ لە مەیداندان
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر كە بە دوو مووشەکی "ئێس پێنج" تەیار کراوە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سووپ.
مووشەکی ڕێنمایی کراو و قورس.
مووشەکی ئەلماسی ئێرانی: شکستی بە قوبە ئاسنینەکەی ئیسرائیل هێناوە.
مووشەکی قورسی بورکانی مەودا کورت
مووشەکی فاتحی ئێرانی 110 كە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات


چڕکردنەوەی هێرشەکان
حیزبوڵای لوبنان هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر کردەوە، ئەمەش لە کاردانەوەی ئەو تیرۆرانەی کە هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئەو حیزبەی کردە ئامانج، دوایینیان كوشتنی سەرکردە سەربازییە دیارەکەی ئەو حیزبە، تاڵب عەبدوڵڵا بوو، لە هەڵمەتێکدا لە باشووری لوبنان.
حیزبوڵای لوبنان هێرشێکی وردی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی باکووری ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو ئەنجامدا، زیانی زۆری نەبوو بەڵام مەترسی دروستكردووە.


بنكەی هەواڵگری بۆردوومان كرا
ئەو حیزبە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی داڤید کە بارەگای فەرماندەیی هەرێمی باکوورە، بنکەی میشار کە بارەگای هەواڵگری سەرەکییە بۆ ناوچەی باکوور کە بەرپرسە لە كردەوەكان.
"پادگانی کاتساڤیا" کە بارەگای لیوای حەوتی زرێپۆشی ئاسایی فیرقەی 210ی جۆلانە.


شەڕەكە بەردەوامە

حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هاوتەریب لەگەڵ شەڕی کەرتی غەززە شەڕ دەکەن، ئەمەش نوێنەرایەتی خراپترین ململانێ دەکات لە سەرانسەری سنووری باشووری لوبنان لە ساڵی 2006ەوە، كە ترسی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا دروستکردووە. 


ئیسرائیل پەیامی تووندی هەیە
سوپای ئیسرائیل دەڵێت توانیویانە وەڵامی هێرشەكان بدەنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە هێزەكانی سوپا بەرگەی فشاری گەورەش دەگرن، هەرچەندە وەك مەترسییەكی گەورە چاو لە دۆخەكە كراوە.


هەڕەشەی تووند هەیە
ئیسرائیل بە تووندی هەڕەشە لە حیزبوڵا دەكات و دەڵێت "ئەگەر بەردەوامبن دەچنە ناو خاكی لوبنانەوە و باشووری لوبنان كۆنترۆڵ دەكەن".


فەڕەنسا نێوەندگیری دەكات
ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا نێوەندگیری دەكات و نایەوێت دۆخەكە بگات بە دۆخێكی وەها كە ئاستەنگییەكە بگەیەنێتە ئاستێك كە مەترسی دروستببێت و دەیەوێت هەموولایەك ئارامبن، بەڵام هیچ كەس گوێ لە ماكرۆن ناگرێت.


خامنەیی قسەی هەیە
بەبەردەوام عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران پەیامی هەیە و دەڵێت "ئەوەی لە لوبنان ڕوودەدات هیچی كەمتر نییە لەوەی كە لە غەززە ڕوودەدات و دەستخۆشیش لە حزبوڵای لوبنان دەكات".


شەڕ گەورەتر دەبێت
ڕۆژ نییە فڕۆكەكانی ئیسرائیل لە كەرتی  باشووری لوبنان چالاكی نەكەن، حیزبوڵاش ڕۆژ نییە مووشەك نەگرێتە بارەگا و بنكەكانی ئیسرائیل و تەنانەت بوورجەكانی چاودێریش دەتەقێنێتەوە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوی شەڕەكە بەرەو شەڕی مەزنتر هەنگاو بنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان