ترەمپ: نەتانیاهۆ لە دواساتدا لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی کشایەوە

شەیری بکە لە:
ترەمپ: نەتانیاهۆ لە دواساتدا لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی کشایەوە

وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی لە ساڵی 2020. وێنە: AP

ئاڤا دیجیتاڵ


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دوای چوار ساڵ زانیاری نوێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوو، بەڵام لە دواساتەکاندا کشایەوە.


بۆچی گرنگە: قاسم سولەیمانی، فەرماندەیەکی چالاکی سوپای پاسداران بوو کە داڕێژەری چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوژرانی گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئێران کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاری دەکرد لە ناوچەکەدا.


لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و گوتی، "هاوشانی ئەمریکا دەبین بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی" لە ناوچەکەدا.

 

لێدوانی فەرمی: دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند، "کاتێک کە قاسم سولەیمانیمان کوشت، دەبووایە ئیسرائیلیش لەگەڵمان بووایە"، بەڵام دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی هێرشەکە بنیامین نەتانیاهۆ گوتی، " ناتوانین ئەوە بکەین" و لە پرۆسەکە کشانەوە.


"جەنەراڵێکم لەگەڵ بوو، زۆر نایاب بوو، پێم گوت، دەتوانین بەتەنیا ئەو کارە بکەین؟ ئەویش گوتی: بەڵی گەورەم دەتوانین، بڕیارەکە دەکەوێتەوە سەر خۆت، منیش گوتم، ئەنجامی دەدەین"، ئەمە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە.


باکگراوند: کاتژمێر دووی بەرەبەیانی 03-01-2020 فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە سێ مووشەک ئۆتۆمبێلەکانی هەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەئامانج گرت و لە هێرشەکەدا هەردووکیان کوژران.

شەیری بکە لە: