بلینکن نەیتوانی ئاوێک بەئاگرەکەدا بکات

شەیری بکە لە:
بلینکن نەیتوانی ئاوێک بەئاگرەکەدا بکات

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەشت جار بە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕەکە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، بەڵام بە چەندین هۆکار نەیتوانی هیچ سەوز بکات.

 

وێنە گەورەکە: هەرچەندە پێگەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرنگییەکی گەورەی هەیە لە جیهانداو بەتایبەت لە ئەمریکا، بەڵام دوای هەشت جار سەردانیکردنی ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن نەیتوانی ئاوێک بەگاری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بکات.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس 37 وڵات لە نێویاندا ئەمریکا هەوڵی جددییان هەبووە بۆ ئاگربەست، بەڵام هیچ ئاگربەستێک تا ئێستا نەکراوە.

 

ژمارەکان وادەڵێن: لەحەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا 35 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و70 هەزار کەسیش برینداربوون و ملیۆنێک و 400 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

 

زانیاریی زیاتر: ئەنتۆنی بلینکن تا ئێستا هەشت جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، بەهیوای ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بکات و بەلایەنی کەمەوە ئاگربەستێکی سەرەتایی بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات، شاڕەزایانیش کێشەکە دەگێڕنەوە بۆ چەند بابەتێک.

 

درێژەی ڕاپۆرت
 
د. محەممەد شەریف، مامۆستای زانکۆی کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: " ئیسرائیل نایەوێت شوێنێک بمێنێت بەناوی غەززە، حەماس حوکومڕانی بکات و ڕاگرتنی شەڕ بەواتای گەڕانەوەیە بۆ شەشی ئۆکتۆبەر وهەروەها ئیسرائیل نیازی نییە ڕێگە خۆشبکات بۆ چارەسەری دوو دەڵەت بەهیچ شێوەیەک".

 

ئاگربەست بۆ نەتانیاهۆ خراپە
د. محەممەد شەریف دەڵێت "لە رووی سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیل چارەنووسی سیاسی نەتانیاهۆ بەرەو لەناوچوون دەچێت ئەگەر ئاگربەست رابگەیێنێت، هەروەها حەماس پێی خۆش نییە ئاگربەست ڕابگەیێنرێت لەبەر ئەوەی بە سەرکەوتن دەیبینێت لەم کارەیدا و هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت ئەو خاکەی غەززە کە” داگیری کردووە” جووی تێدا نیشتەجێ بکات".

 

ئەمریکا  سەرکەوتوو نەبوو
تارا شوان، سەرۆکی ئینستتیوتی ئابووری کوردی- ئەمریکی بە ئاڤا نیوزی گوت:"ئەنتۆنی بلینکن لەبەر چەندین هۆکار نەیتوانی سەرکەوتووبێت لە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لە دۆخی ئاڵۆزی شەڕەکە، کە ئەمریکا ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە قورساییەکی زۆرەوە بچێتە پێشەوە".

 

ئاڵۆزی هەیە
"هەرچەندە ئاڵۆزی زۆر هەیە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵام ئەمریکا نەیتوانیوە ئەو گفتوگۆیانە درێژەپێبدات کە دەرگاکانی ئاگربەست دەکاتەوە لە نێوان دوو لایەنی جەنگدا، دۆخەکە هێندە نالەبارە کە بلینکنیش نەتوانێت چارەسەری دۆخەکەی پێبکات". تارا شوان وای گوت.

 

حەماس ئاگربەستی هەمیشەیی دەوێت

د. نەوزاد هیتوتی، مامۆستای زانکۆ بە ئاڤا نیوزی گوت:" هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەمریکا تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بڕوا بە ھەردوو لایەنی شەر لە غەززە بکات بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، ئەمەش بۆ چەند ھۆکاریک دەگەڕێتەوە، لە لایەک حەماس  داوای ئاگربەستی بەردەوام دەکات، لەگەڵ  کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی دیلەکان، لەبەرامبەردا نەتەنیاهۆ جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە  دەبێت حەماس بەتەواوتی تێکبشکێت و سەرکەوتن لە غەزرە رابگەیێنرێت.

 
نەتانیاهۆ دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت

 ئەمریکا زۆر ھەولێداوە چ لە ڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکان و چ لە ڕێگەی دەوڵەتانی هەرێمی ناوچەکە، بۆ  ئەوەی کۆتایی بە شەرەکەی غەزە بهێنێت،.بەڵام تاوەکو ئێستا  ھەوڵەکانی  سەرکەتوو نەبووە، بە تایبەت دوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە  نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت راگرتی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕیی دیلەکان، دواتر گەیشتن بە ئاگربەستی ھەمیشەیی.

 

فشار لەسەر ئەمریکا هەیە
د. سەردار موسێ شەریف، مامۆستای زانکۆ بە ئاڤانیوزی گوت:" لەبەر ئەوەی شەڕێکی گەورە هەیە و ناوچەکە لە ئاڵۆزییەکی زۆردایە و فشارێکی گەورە لەسەر ئەمریکا هەیە و حەماس دەیەوێت دەنگی جیهانی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی پشتیوانی بکرێت و ڕێگری لە ئیسرائیل بکرێت کە بەردەوامی بەشەڕەکە بدات، بەدەر لەمەش ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە ئەنتۆنی بلینکن چارەسەر ناکرێت چونکە شەڕەکە لە ناوچەکەدا قەبارەیەکی گەورە تری هەیە.

 

دۆخەکە ئاڵۆزە
ئاڵۆزی دۆخەکە وایکردووە کەس نەتوانێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ چارەسەری شەڕەکە بکات، بەجۆرێک کە دۆخەکە پێویستی بە گفتوگۆی فرە لایەنە بۆ ئەوەی بتوانن هەموو شتێک لە ئاستێکی باشتردا چارەسەر بکەن، کوشتنی هاووڵاتییان و بەردەوامی هەموو هێرشەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دۆخەکە دروستکردووە.

 

دەسەڵاتی هەرێمی لە سوپەر پاوەر بەهێزترە

د. زوبێر ڕەسوڵ، شارەزا لە سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڤا نیوزی گوت:" ئێستا شەڕەکە لە دەستی حەماس و ئیسرائیلدا نییە ڕۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی لە دەسەڵاتی سووپەر پاوەرەکان گەورەترە، بۆنمونە ڕۆڵی ئێران و تورکیا و ئەوانی دیکە، چونە ئەوانە دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە بگێڕن لە چارەسەری دەیان کێشە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بڵێین کە ئاڵۆزییەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا نەماوە.

 

دەستی هەموو لایەکی دەوێت
ئەمە پرسێک نییە بەئاسانی ئەمریکا بتوانێت چارەسەری بکات، ئەمە پێویستی بە دەستی هەموو لایەکە بۆ ئەوەی بتوانن ئاوێک بەو ئاگرەدابکەن، لەڕاستیدا قوڵایی بابەتەکە پەیوەستە بە هەندێک پرسی ستراتیژی گەورە و گرنگ کە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی دەبات. د. زوبێر ڕەسوڵ وای گوت.

 

ئەمە گرێکوێرەیە
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستتیوتی ئەمریکی- کوردی پێی وایە" ئەم پرسە گرێ کوێرەیەکی زەحمەتە و بەئاسانی  ناتوانرێت بکرێتەوە، چونکە شەڕەکە کاریگەری هەیە لەسەر هەموولایەکهەیە و دەیەوێت بڵێت ئیسرائیل بەیەکجارەکی لەناودەبات، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکی کوشتندەیە، چونکە ئیسرائیل تازە لە هێزێکی بچووکەوە بۆ سووپەر پاوەر هەنگاوی ناوە.

 

سڕینەوەی ئیسرائیل هەڵەیە
"حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕێتەوە، لەڕاستیدا ئەمە قسەیەکی دروست نییە، هەرچەندە گورزەکەی حەماس گەورەبوو، بەڵام ناکاتە ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەواوەتی لەناوببات".

 

ئیسرائیل برینەکەی قوڵە

"ئیسرائیل برینێکی قووڵی هەیە بەهۆی ئەو هێرشەوە، تەنیا بەوەش چارەسەر دەبێت کە حەماس لەناوببات، حەماسیش بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵییە و ناتوانێت لە ئامانجەکەی خۆی بکشێتەوە، ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەنتۆنی بلنکن و وڵاتانی جیهانیش شکست بهێنن لە پرسی ئاگربەستدا".کاروخ خۆشناو وای گوت.
 
 
 


 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان