عێراق لە دووڕیانی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و دەرچوونیاندا

شەیری بکە لە:
بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار

بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار

ئاڤا میدیا - هەولێر

 

چی دەگوزەرێت؟: چوار ساڵە قاسم سولەیمانی لە عێراق کوژراوە و بەرپرسانی عێراقیش بەردەوام داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، ئەو هێزانە کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراقن، راهێنان و راوێژی سەربازی بە سوپای عێراق دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە لەژێر هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی گرووپە لە یاسادەرچووەکانی نزیک لە ئێراندان.

 

پاڵنەری سەرەکی: لە رێکەوتی 5-1-2020، دروست دوو رۆژ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لە فرۆکەخانەی بەغدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە، لەم کۆبوونەوەیە تەنیا لایەنەکانی شیعە بەشداربوون، بڕیاردرا بە دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا درێژکرایەوە.

 

هۆکاری مانەوە: لە ساڵی 2014 عێراق رێککەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پەلاماری داعش بۆسەر ئەو وڵاتە کرد، نزیکەی 76 وڵات لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکا بەشداری ئەم رێککەوتنە بوون، هێزەکانی هاوپەیمانان لە رووی هێزی شەڕکەر، راوێژکاری سەربازی، هەواڵگری، دابینکردنی چەک و تەقەمەنی هەروەها لە ئاسمانەوە بەردەوام بوردوومانی مۆڵگەکانی داعشیان کردووە بۆ نەهێشتنی مەترسیی ئەو رێکخراوە، بەراورد بەو کاتە جووڵە و چالاکیی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کەمبوونەتەوە، بە جۆرێک ساڵی 2018 و ساڵێک دوای کۆتایی هاتنی داعش 456 کردەی تیرۆریستی لە پارێزگا جێناکۆکەکانی دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و موسڵ کردووە، بەهۆیەوە هەزار و 442 کەس کوژراو، بریندار و رفێنراون، هاوکات لە ساڵی 2023 لەو ناوچانە 40 کردەی تیرۆرستی کراون بەهۆیەوە 54 کەس بوونەتە قوربانی، ئێستا رۆڵی هاوپەیمانان لە عێراق زیاتر راوێژکارییە و لە ساڵی 2019ـەوە هیچ هێرشیکی ئاسمانیان نەکردووە و ژمارەی هێزە شەڕکەرەکانیان رۆژ دوای رۆژ کەمتر دەبنەوە.


خوێندنەوەی سەربازییانە: بە بڕوای فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر، پسپۆڕی بوارەکانی سەربازی و ئەمنیی، هێشتا عێراق پێویستی بە هاوکاری هاوپەیمانان هەیە، چونکە لە رووی بەرگریی ئاسمانییەوە وڵاتەکە ناتوانێت سەقامگیری ئەمنی زامن بکات "رۆژانە فڕۆکەی وڵاتانی دراوسێ بە ئاسمانی بەڕەلای عێراقەوە دێن و دەچن و ئامانجەکانیان لە ناوچەکە دەپێکن، جگە لەوەی عێراق پێویستی بە چەک و پێداویستی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە."

 

" کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئیستیوتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی بە ئاڤامیدیای گوت: بوونی ئەمریکا لە عێراق هێندەی بۆ وڵاتەکە گرنگە هێندە بۆ ئەمریکا گرنگ نییە، چونکە ئەمریکا رزگارکەری عێراقە و خوێنی بۆ ئازادکردنی ئەو وڵاتە رشتووە، لەلایەکی دیکەوە رێگرە لەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆنتڕۆلی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بکەن، ئەمە سەرنجی کارۆخ خۆشناوە لەسەر گرنگی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها پێی وایە، "بە نەمانی ئەمریکا لە عێراق مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە."

 

"عێراق بەبێ ئەمریکا لە رووی ئابووری، سیاسی و سەربازی دادەڕمێت" ئەو وادەڵێت.

 

گوشاری حکومی: رۆژی هەینی 5-1-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەمیانی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمێکدا کە لە بەغدا لە چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی حەشدی شەعبی سازکرابوو، سەرکۆنەی هێرشی ئەمریکای کرد بۆ سەر بارەگای حەشدی شەعبی و ئاماژەی بەوە کرد کە "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکین بۆ کشانەوەی یەکجارەکی هێزەکانی هاوپەیمانان و لە پێناو پاراستنی سەروەری عێراقدا هیچ شتێک پشتگوێ ناخرێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی لە وڵاتدا."


نزیکتر لە رووداوەکە: هەرێمی کوردستان پریشکی ململانێیەکانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی بەرکەوتووە، تا ئێستا گرووپی مقاومەی ئیسلامی، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە و زۆرینەی هێرشەکانی لە رێگەی درۆنەوە بوون، فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر دەڵێت: هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق هۆکاری سەرەکین بۆ دەستدرێژی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

 

مێژوویێکی 20 ساڵە: لە دوای پرۆسەی داگیركردنی عێراق لە نیسانی 2003، هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق جێگیر بوون، بەتایبەت لە دوای هێرشەكانی داعش لە 2014 رۆڵی هێزە ئەمریكی و بیانییەكان زیاتر بووە و زیاتر دەرگای هاتن و چوونیان بۆ واڵا کرابوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ