ڕاپرسییەکی ئاڤا میدیا؛ وەڵامی 23 پرسیار لەبارەی منداڵانی ئیشکەر

شەیری بکە لە:
ڕاپرسییەکی ئاڤا میدیا؛ وەڵامی 23 پرسیار لەبارەی منداڵانی ئیشکەر

ئەحمەد ساڵح، وەستایەکی تەمەن بچووکە لە ناوچەی پیشەسازیی باشووری هەولێر- وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز - ڕاپۆرت

لە ڕۆژی جیهانیی 'ڕووبەڕووبونەوەی کارکردنی منداڵان'، ئاڤا میدیا لە ڕێگەی فۆڕمێکی زانستیییەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانە کردووە کە لە بازاڕەکانی شاری هەولێر کار دەکەن. دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی فۆڕمەکە لە لایەن منداڵ و مێرمنداڵەکانەوە، چەندین پرس و تێڕامانی گرنگ دەرکەوتوون کە جێگەی سەرەنج و بەدواداچوونی زیاترن.

ژمارەکان وا دەڵێن: لە کۆی 50 فۆڕم، 45 منداڵ و مێرمنداڵی کرێکار وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە و سەرجەمیان نێرن، لەو ژمارەیە %27ـیان تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ نۆ ساڵە، 33%ـیان  تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 13 ساڵە،  %40ـشیان لە نێوان 14 بۆ 18 ساڵ بوون.


منداڵ و مێرمنداڵە کرێکارەکانی هەولێر لە کام نەتەوەن؟

تەنیا چواریان کورد بوون، %73ـیان عەرەبی عێراقی و %27ـشیان عەرەبی سووری.

باری دارایی خێزانەکانیان:

یەکێک لەو منداڵانە وتوویەتی "باری داراییمان زۆر باشە" کە لە 2%ـە، %58ـیان "باشە"، لە %9ـیان  مامناوەندە، %22ـیان "زۆر خراپە" و %9ـیان "خراپە". لە 45 منداڵە کرێکارەکەی  نێو ڕاپرسییەکەی ئاڤا میدیا، %73ـیان دەڵێن "خێزانەکەمان کرێچین"، %27ـیان کرێچی نەبوون.

قۆناغی خوێندنی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانە بەمجۆرە بووە:

%33ـیان دەڵێن "نەمانخوێندووە"، %40ـیان پۆلی سێی سەرەتایی بوون، %22ـیان لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی دەخوێنن و %5ـشیان تا پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییان خوێندووە.

ماوەی کارکردنیان:

%47ـی منداڵەکان لە نێوان یەک بۆ سێ ساڵە کار دەکەن، %22ـیان چوار بۆ شەش ساڵە و %9ـشیان لە نێوان حەوت بۆ نۆ ساڵە، ئەوانەی کەمتر لە یەک ساڵ کاردەکەن ڕێژەکەی لە %22.

کاتژمێری کارکردنیان

%44ـیان ڕۆژانە لە نێوان حەوت بۆ نۆ کاتژمێر کار دەکەن،  %33ـیان رۆژانە 10 کاتژمێر کار دەکەن، لە %16ـیان ڕۆژانە چوار بۆ شەش کاتژمێر کاردەکەن و %7ـشیان ڕۆژانە یەک بۆ سێ کاتژمێر کار دەکەن.

داهاتی ڕۆژانەیان چەندە؟

%67ـیان داهاتی ڕۆژانەیان لە نێوان شەش بۆ 10 هەزار دینارە،  %29ـیان داهاتیان لە نێوان 11 تا 20 هەزار دینارە و %4ـشیان  داهاتیان لە نێوان 21 تا 30 هەزار دینارە.

لەکاتی کارکردن ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سۆزداری و دەروونی بوونەتەوە؟

لەو ژمارەیەی پرسیاریان لێ کراوە، %44ـیان دەڵێن "بەڵێ"، %56ـیان دەڵێن "نەخێر".

بە گرووپ کار دەکەن؟

ڕێژەی %53ـیان دەڵێن "بەڵی بە گرووپ کار دەکەین"، %47ـیان دەڵێن "نەخێر".

ئەو شوێنەی لێی کار دەکەن بە پارە گرتوویانە؟

%22ـیان بە پارە شوێنی کارکردنیان گرتووە، %78ـیان هیچ بڕە پارەیەك نادەن.

خەرجیی ڕۆژانەیان چەندە؟

چوار لەو منداڵانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە ڕۆژانە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکەن بە ڕێژەی %9، هاوکات لە %51ـیان دەڵێن یەک بۆ دوو هەزار دینار خەرج دەکەن، %27ـیان سێ بۆ چوار هەزار دینار خەرج دەکەن، %9ـیان پێنج بۆ شەش هەزار دینار خەرج دەکەن و تەنها دوو لە منداڵەکانیش دەڵێن سەرووی حەوت هەزار دینار خەرج دەکەن، بە ڕێژەیی %4.

لە کوێ نان دەخۆن؟

%76ـیان دەڵێن لەبازاڕ نان دەخۆین، %24ـیان دەڵێن لە ماڵەوە نان دەخۆین.

بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن؟

%53ـیان دەڵێن "بە ئارەزووی خۆمان کار ناکەین"، %47ـیان  دەڵێن "بەڵێ بە ئارەزووی خۆمان کار دەکەین".

چەندجار دەستگیرکراون؟

%76ـیان دەڵێن "هیچ جارێک دەستگیر نەکراوین"، %22ـیان دەڵێن "یەکجار دەستگیر کراوین" و یەکێکیشیان دەڵێت "دووجار دەستگیر کراوم".

وەرزش دەکەن؟

%78ـیان دەڵێن وەرزش ناکەین، %22ـیان وتوویانە وەرزش دەکەین.

سەردانکردنی نەخۆشخانە

 %47ـیان یەک بۆ سێ ساڵە نەڕۆیشتوونەتە نەخۆشخانە، %42ـیان چوار بۆ شەش ساڵە نەڕۆیشتوونەتە نەخۆشخانە، لە  %4ـیان حەوت بۆ نۆ ساڵ سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە و %7ـیان دەڵێن "زیاتر لە 10 ساڵە نەخۆشخانەمان نەبینیوە".

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان