محەممەدی حاجی مەحموود هۆکاری کۆکردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانی حیزبەکەی ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت

ئاڤا دیجیتاڵ

 

سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دۆخی نێوخۆی حیزبەکەیان باشە و "هیچ کێشەیەکمان نییە". لەبارەی کۆکردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانیشیان دەڵێت "بۆ خۆپارێزیی لە شەڕ ئامادەکاریی دەکەین".

 

بۆچی گرنگە: لە چەند ڕۆژی رابردوودا هەواڵی کێشەی ناوخۆیی لەنێو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڵاوبووەوە، بەتایبەت لەنێوان محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبەکە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگر و برای سکرتێر، واش چاوەڕوان دەکرا کێشەکان سەربکێشن بۆ جیابوونەوە، بەڵام هەردوولا ئەوە رەتدەکەنەوە.

 

لە نزیکەوە: ئەوەی زیاتر چاوی میدیای بەلای تووندبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات راکێشا، کۆبوونەوەی محەممەد حاجی مەحموود بوو لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی حیزبەکەی لە گوڵەخانە. بەپێی میدیا فەرمی و نزیکەکانی حیزبەکە "کۆبوونەوەکە لەگەڵ فەوجی سورێن بووە و ئەم هێزەشی بە تەواوی خستە ژێردەستی خۆی و وەک فەرماندەی گشتیی هێزەکانی حیزبی سۆسیالست خۆی ڕاگەیاند".

 

لێدوانی فەرمی: محەممەدی حاجی مەحموود لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بە ئاڤا میدیای گوت "تەنیا رێکخستنەوەی هێزەکانی خۆمانە، دنیا ئاگرە و ناوچەکە سەرتاپا بووەتە شەڕ، ئێمەش دەبێت خۆمان ئامادەبکەین و هیچ نەبێت خۆمان بپارێزین". "هیچ مەترسییەک بۆ جیابوونەوە لە پارتەکەمان نییە، لای منەوە هیچ شتێك نییە" لەبارەی کێشەکانی ناو حیزبەکەشی وا دەڵێت.

 

لە لایەکی دیکەوە: هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک بڕیار لە حیزبەکەوە بۆ هەندێک گۆڕانکاریی حیزبیی دران. بەڵام زۆری پێنەچوو عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: "ماوەیەکە هەندێک فەرمانی لابەلا و ناپەیڕەوی دەردەچێت کە دوورە لە بنەماکانی کاری ڕێکخراوەیی، بۆیە ئەو فەرمانانەی کە هەندێک لە هەڤاڵانمانی پێ لادراوە و هەندێکیش پلەیان پێ دراوە، نەکەس نیگەران ببێ و نەکەسیش دڵخۆش ببێ، چونکە سەرجەمیان پوچەڵە (باطل)ە".

 

باکگراوند: پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 بە جیابوونەوەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرا. تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە. لە دوایین کۆنگرەیدا کە لە  5-3-2022 بەسترا، محەممەد حاجی مەحموود بە سکرتێری گشتیی حیزب دانرایەوە و ناوی حیزبەکە لە "حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان" گۆڕا بۆ "پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان