سیروان بارزانی: جووڵەی داعش ئەمساڵ زیاتر بووە

شەیری بکە لە:

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ – مەخموور)

ئاڤا دیجیتاڵ

 

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ – مەخموور) لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا باس لە دووبارە چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش و جموجووڵەکانیان دەکات، کە ئێستا جیهان چاوی لە مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەیانە لە چەند ناوچەیەکی عێراق. هەر لەو گفتوگۆیەدا کە لەگەڵ رۆژنامەوانی ئاڤا میدیا هەڵۆ محەممەد کردوویەتی، هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان، پێشمەرگە و سوپای عێراق، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش باس دەکات.

 

ئاڤا میدیا: دۆخی پێشمەرگە چۆنە؟

 

سیروان بارزانی: ورەی پێشمەرگە باشە، لە لایەنی داراییشەوە وەک هەر کارمەندێکی دیکەی حکومەت، کێشەی مووچە و بودجە لەلایەن بەغداوە بۆ ئێمە دروست دەکرێت و ئێستاش دروستکراوە و چارەسەر ناکرێت، ئەو کێشەیە هەر هەیە.

 

ئاڤا میدیا: گۆڕانکاریی لە بودجەی فەوجەکان کرا؟

 

سیروان بارزانی: نزیکەی سێ مانگە کێشەیەکی زۆر لە نەسرییەدا هەیە، بەڵام کێشەکە هەر ئەوەیە کە پەیوەستە بە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە بەغداوە نایەت، هەمووی پێکەوە بەستراوەتەوە وەک هەر بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتێکی دیکە. وەزارەتی پێشمەرگەش ئەو کێشەیەیان هەیە، بەڵام پێشمەرگە لە ئەرکدان و لە سەنگەری پێشەوەن و ئازووقە و سووتەمەنییان نەمێنێ قورسە، جار هەبووە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە کێشە بۆ "کامێراکانی شەو و حەراری" بۆ بەرگری و پاراستنی ژیانی پێشمەرگەش دروست بووە.

 

"ئەم مانگە هەشت جار چەکدارانی داعش بینراون"

ئاڤا میدیا: دۆخی ئەمنی لە سنوورەکە بە گشتیی چۆنە؟

 

سیروان بارزانی: دۆخی ئەمنی باشترە، داعش وەکو پێشتر نییە، بەڵام جموجووڵیان زیاتر بووە، ئەمڕۆ کە کۆتایی مانگی یەکە (ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 31-1-2024 تۆمارکراوە) تەنیا لەمانگی یەکی 2024ـدا، هەشت جار چەکدارانی داعش لە ڕێگەی کامێراکانی حەراری پێشمەرگەوە بینراون، ئەمە تەنیا لە سنووری میحوەری شەشی ئێمە لە شاخی قەرەچووغ و دەوروپشتی کوشاف و زێی گەورە و زێی بچووک، تا ئێستا لەم مانگەدا (مەبەست مانگی یەکی ڕابردووە) هەشت جار بینراون.

 

ئاڤا میدیا: جموجووڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست بووە بەتایبەتی لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی، سنووری ئێوە چۆنە؟

"هیچ کاتێک لە قەرەچووغ داعش تەواو نەبوون"

 


سیروان بارزانی: لە سنوورەکەی ئێمە گوێڕ و مەخموور بەتایبەتی لە بناری چیای قەرەچووغ، دەتوانم بڵێم هیچ کاتێک داعش تەواو نەبوون، بەتایبەتی چیای قەرەچووغ کە بەردەوام هەبوون، ڕەنگە لەو کاتانەی کە ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە یاخود ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ دوو ڕۆژ نەمابن و هەڵاتبن یان کوژرابن، بەڵام دواتر گەڕاونەتەوە. جموجووڵیش هەر هەیە و لەو بۆشاییە ئەمنییە جموجووڵیان زۆرە، ساڵی ڕابردوو تا ڕادەیەک خاوتر بوو، بەڵام لەمانگی 12ـی 2023 و بەتایبەتی 2024 جووڵەیان زیادبووە.

 

ئاڤا میدیا: تازەترین دەرکەوتنی چەکدارانی داعش کەی بووە؟

 

سیروان بارزانی: دوو شەو پێش ئێستا  (مەبەستی ڕۆژی 29-1-2024ـ) لە نزیک گوندی عەلییە ڕەش لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەرەچووغ بە دووربینی شەو و حەراری لە خاڵەکانی پێشمەرگە لە دەشتاییەکانی قەراج بینراون، لەماوەی ئەم مانگەدا (مانگی یەکی ئەمساڵ) ئەمە هەشتەم جارە دەیبینین.

ئاڤا میدیا: ئێستا دەرکەوتنەکانیان بەشێوەی گرووپی فراوانە یاخود پارتیزانییە؟

 

سیراوان بارزانی: نەخێر هەمووی پارتیزانییە، پێش ئێستا لەنێوان دوو بۆ پێنج کەس بوون، ئێستا ئەمە جاری دووەمە کە دەیانبینین بە گرووپ. جارێک ئەوەی گوێڕ کە لە ناو زێوە هاتن و سەربازێکی سوپای عێراقیان شەهیدکرد، کە لە پشوودا بوو و بۆ ماسیگرتن ڕۆیشتبوون، ئەو کاتە هەشت چەکداریان پێکەوە بینیوە، پێش مانگێكیش لە نزیک قەرەچووغ هەشت کەسیان پێکەوە بینراون، ئەگەر نا هەر لەنێوان دوو تاوەکو پێنج کەسن و مەفرەزەی بچووکی پارتیزانین.

 

ئاڤا میدیا: هەماهەنگی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق و هەواڵگریی چۆنە؟

 

سیروان بارزانی: هەماهەنگیمان زۆر باشە لە ژووری ئۆپەراسیۆن و لە ڕووی هەواڵگریی و زانیارییەوە لەڕێی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و لەگەڵ عێراقیش، لەسەر ئاستی میحوەریش لەگەڵ فیرقەکانی بەرامبەرمان هەماهەنگی هەیە و جاری وا هەیە کە هەواڵێک یان بینینێکی خێرا دەبێت، ڕاستەوخۆ هەواڵیان پێدەدەین.

 

ئاڤا میدیا: پێشووتر هاوپەیمانان بۆردوومانی مۆڵگە و بارەگاکانی داعشیان دەکرد، ئێستا هەر ئەوان دەیکەن یاخود سوپای عێراق دەیکات؟

"ئێستا ئەگەر هاوپەیمانان بۆردوومان بکەن دەبێ رەزامەندیی پنتاگۆن وەربگرن"



سیروان بارزانی: نەخێر ئەوان لەدوای ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هاوپەیمانان و سوپای عێراقدا کراوە ناویان گۆڕاوە بۆ ڕاوێژکار و ئێستا ئەوە نەماوە، تەنانەت ئەگەر ئامانجێکی زۆر گرنگ و هەستیاریش بێت، جگە لەوەی دەبێت پێنتاگۆن ڕەزامەندی بدات، دەبێت باڵیۆزی ئەمریکاش لە بەغدا ڕەزامەندی لەسەر بدات، بۆیە توزێک قورسە، دەتوانم بڵێم هەمووی 100٪ لەسەر هێزی ئاسمانیی عێراقە.

 

ئاڤا میدیا: ئەم بۆشاییانە بڕیاربوو بە هێزی هاوبەش پڕبکرێنەوە، مەشقی هێزە هاوبەشەکان بەکوێ گەیشتووە؟

 

سیروان بارزانی: هێزی هاوبەش زیاتر لە سێ ساڵ لەلایەن بەغداوە دواکەوت، بە بیانووی بودجە و کێشەی دیکەی لۆجستی. ئێمە نازانین بڵێین وردەکارییەکە چییە، بەڵام لەلایەن بەغداوە دواکەوتووە. خۆشبەختانە ئێستا لەدوای کابینەی بەڕێز سوودانی بودجەی بۆ دیاریکراوە و لەمەشقدان و لەماوەی یەک دوو هەفتەی داهاتوودا مەشقیان تەواو دەبێت، ئینجا دەمێنێتەوە سەر ئەوەی پڕچەک بکرێن لەلایەن هاوپەیمانانەوە و زیاتر ئەمریکا بڕیاری داوە پڕچەکیان بکات. من لەو باوەڕەدام ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلان بڕوات لەماوەی دوومانگی دیکە بخرێنە سەر ئەرک و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە.

 

ئاڤا میدیا: هەماهەنگیتان لەگەڵ هاوپەیمانان چۆنە، ئەم ڕاوێژکارانەی کە ئێستا لێرەن تا چەند پاڵپشتییەکی باشن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق؟ 

 

سیروان بارزانی: هەماهەنگی بەردەوامە، ئەوان وەک ڕاوێژکار پشتگیرییەکی بەهێزن بۆ هێزە عێراقییەکان بەگشتی و بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە. لەلایەنی مەعنەویەوە و لایەنی پڕچەککردنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پلانەکە هەر بەردەوامە. دوو فیرقە لە ساڵی ڕابردوو پێکهێنراون کە فیرقەی یەک و دوون، لەدوای ئەو کۆبوونەوەی لە سەرۆکایەتی هەرێم کە پێش دوو ڕۆژ کراوە (مەبەست لێی کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 29-1-2024)، بڕیاردراوە پشتیگیرییان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت، هەروەها دوو فیرقەی دیکە لەم ساڵدا 2024، هیوادارین ئەوانیش پێکبهێنرێت.

 

ئاڤا میدیا: یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بەکوێ گەیشتووە، هەنگاوەکان چۆن دەڕۆن و چەند لیوا خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟


"کۆتایی 2026 یەکەی هەشتا نامێنێ و دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە"


سیروان بارزانی: هەنگاوەکان زۆر باشن، بەگوێرەی پلان ئەوەی کە گوێم لێبووە و بڕیار دراوە بەتایبەتی کە ئاگام لە یەکەی هەشتایە کۆتایی 2026 کە هاوپەیمانانیش پلانەکەیان هەروایە، تاوەکو ئەو کاتە کۆتایی پێدێت و هیچ هێزێک لەسەر هێزەکانی هەشتا نامێنێت، هەموویان بەفەرمی دەچنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. ئێستاش بەردەوامن لە ڕاهێنان و دەکرێنە لیوا و لەسەر داواکاریی هاوپەیمانان و بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی واژۆکراوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، پلانەکە هەر وایە و بڕیاری کۆتایی دراوە، کە بەپێی پلانەکە یەکەی هەشتا نەمێنێت، هەروەها یەکەی حەفتاش بەردەوامن لە ڕاهێنان و ئەوانیش بە هەمان شێوە نازانم هەمان کات بۆیان دیاریکراوە بە زیاتر یان کەمتر، بەڵام ئەوەی دەزانم یەکەی هەشتا بەگوێرەی پلانی هاوپەیمانان کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت و نامێنێت. دوو فیرقە دامەزراوە و لەمساڵیشدا دوو فیرقەی دیکە دادەمەزرێن، چونکە بودجە و کات و ڕاهێنانیان پێویستە و تیمەکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان ڕۆژانە لە کۆبوونەوە و ڕاهێناندان لەگەڵ ئەو فیرقانە.


ئاڤا میدیا: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە چەک و تەقەمەنی بەردەوامن؟

 

سیروان بارزانی: تائێستاش بەردەوامە و جێگەی سوپاسە، چونکە بۆ ئێمەی کورد و بۆ پێشمەرگە خەون بوو کە بەفەرمی هاوپەیمانان و ناتۆ و بەتایبەت ئەمریکا ڕاهێنانمان پێ بکەن و چەک و تەقەمەنی و هەمەڕ و باجەرمان پێ بدەن، بەڵام ئەگەر بڵێین ڕازین کە ئەوە پێداویستی پێشمەرگەیە نەخێر، چونکە ئەوە کەمە بەتایبەت لە بودجە و تەقەمەنی، سوپا کە دەبێتە شێوازێکی سەربازی بەڕاستی بودجەیەکی زەبەلاحی پێویستە لە ڕاهێنان و تەقەمەنی و فیشەک. ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ نین و ناتوانین بەبێ ڕازیبوونی بەغدا شت بکڕین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ