لە سلێمانی قوتابییەک گیان لەدەستدەدات و ژمارەیەکیش تەندروستیان تێکدەچێت

شەیری بکە لە:
لە سلێمانی قوتابییەک گیان لەدەستدەدات و ژمارەیەکیش تەندروستیان تێکدەچێت

ئاڤا دیجیتاڵ

لە قوتابخانەیەكی سلێمانی، قوتابییەکی پۆلی شەشی بنەڕەتی گیان لەدەستدەدات و چەند خوێندكارێكیش تەندروستییان تێكدەچێت. بەپێی زانیارییەکان ڕووداوەکە بەهۆی سۆپای غازەوە بووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە رەتیدەکاتەوە.

چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ یەكشەممە 4-2-2024 بەهۆی غازی زۆپاوە لە قوتابخانەی چەقڵاوای بنەڕەتی، قوتابی لاوین كاروان كە تەمەنی 12 ساڵە و لە پۆلی شەشە، گیانی لەدەستدا و نزیكەی 10 قوتابیش باری تەندروستیان تێكچوو.

زانیاری تایبەت: سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی شار بە ئاڤا میدیای گوت "ڕووداوەكە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە لەناو پۆلدا روویداوە. لاوین كاروانی تەمەن 12 ساڵ لەناو پۆلەكەدا گیانی لەدەستداوە و گەیێنراوەتە پەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی، نزیكەی 10 قوتابیش لە هەمان قوتابخانەدا باری تەندروستییان تێكچووە و، بردراونەتە نەخۆشخانەیەكی تایبەت و چارەسەری پزیشكی وەرگرن".

لەلایەکی دیکەوە: بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی، ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردووەتەوە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی مردنی قوتابییەکە، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەهۆی سۆپای غازەوە بووبێت.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: بەپێی ڕاپۆرتی پزیشیکی دادوەری دەرکەوتووە کۆچی دوایی ئەم قوتابییە بەهۆی سۆپای غازەوە نەبووە، بەڵکو هۆکاری نەخۆشی بووە، هەروەها هیچ قوتابییەک لە سنووری پەروەردەکەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبووە و نەبراوە بۆ نەخۆشخانە".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان