گرووپە چەكدارەكان خۆیان بۆ قۆناغی سێیەمی ململانێ لەگەڵ ئەمریكا ئامادە دەكەن

شەیری بکە لە:
گرووپە چەكدارەكان خۆیان بۆ قۆناغی سێیەمی ململانێ لەگەڵ ئەمریكا ئامادە دەكەن

سوپای ئەمریكا لە عێراق... وێنە: ڕۆیتەرز

ئاڤا دیجیتاڵ


گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە ناوی خۆیان ناوە "مقاوەمەی ئیسلامی" خۆیان ئامادەکردووە بۆ قۆناغی سێیەمی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا، پلانیان بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق.


 ئەمریکا شەوی هەینی لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازەکەی لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سنووری ئوردن، هێرشی تۆڵەی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دەستپێکرد، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی کە ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن.


هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکانی عوکاشات و قائیم بوون لە پارێزگای ئەنبار، 16 کەس کوژران و 25 بریندار کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویشیاندا خەڵکی سڤیل هەیە.
وەک هاوسۆزییەک بۆ قوربانیانی هێرشەکە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ماتەمینی گشتی لە تەواوی دامودەزگاکان ڕاگەیاند.


بەرەو قۆناغی سێیەمی ململانێکان


کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا دەڵێت "بەئامانجگرتنی پێگەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی نامۆ نییە، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لەنێوانیاندا دەستیپێکردووە".


سەبارەت بە دەنگۆی بەشداریکردنی ئوردن لە هێرشەکان، فەرتووسی دەشڵێت "پەیامێکی روون و ئاشکرا گەیشتووەتە ئەو وڵاتە دراوسێیانەی عێراق کە بنکەی سەربازی ئەمریکایان لێیەو بەشداری لە هێرشەکانی سەر عێراق دەکەن، وەکو کوەیت و سعودیە و ئوردن کە توانای ئەوەیان هەیە بچنە قۆناغی سێیەمی ململانێکانیان لەگەڵ ئەمریکا، ئەویش ئەوەیە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ بکەنە ئامانج و توانای ئەوەشیان هەیە و بەڵگەشیان بۆردوومانکردنی چەند ڕۆژی رابردووی بەندەری ئوسدود و حەیفایە لە ئیسرائیل".


سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان باسی ئەوە دەکەن، فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 ی ئوردن بەشداری کردووە لە هێرشی سەر بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکان، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو هێرشەی کە بە درۆن کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سنووری ئوردن کە ناسراوە بە تاوەر 22.


 رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردووەتەوە؛ چەند ئامانجێک دیاریکراون بۆ فڕۆکە ئوردنییەکان و گورزیان لێوەشاندوون، وەکو هاوسۆزیی و پشتیوانییەک بۆ ئەمریکا.


بەڵام ئاژانسی هەواڵی فەرمیی "ئوردن بەترا" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە " سوپای وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک بەشداری نەکردووە لە هێرشەکان و رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرێت".


هەوڵ بۆ دروستکردنی پشێویی نێوان وڵاتان


عامر تەل، شرۆڤەکاری سیاسیی ئوردنی دەڵێت "هێرشەکانی ئەمریکا زیاتر نمایش بوون، بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانی رای گشتی بووە لە ئەمریکا بەتایبەت کە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڕوات. هەروەها ئەمریکا پێویستی بە فڕۆکەی ئوردنی نییە بۆ ئەنجامدانی هێرش، ئەوەندە فڕۆکەی هەیە بتوانێت لە هەر شوێنێک بدات، لەبەرئەوە  ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ئوردنیش بەشدارە بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی ناوچەکەیە لەڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە لەڕێگەی دروستکردنی پشێوی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا".


محەممەد بەلداوی، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت "کردەوەکانی ئەمریکا  بەڵگەیە لەسەر بوونی مەترسییەکی گەورە کە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جیهان دروست دەکات، بەهۆی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆیە پێویستە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە بکشێتەوە لەپێناو جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری."


بەلداوی دەشڵێت "ناوچەی کەنداو سەرچاوەی هێزەکەی دەکەوێتە عێراقەوە، بۆیە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، لەبەرئەوە پێویستە ئەو کارە دوژمنکاریانە رابگیرێن کە خەریکە جیهان بەرەو جەنگێکی نوێ رادەکێشن، پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە حکومەت دەکات بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: بەپێی راگەیێنراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر هێرشەکان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی  هەڵوێستە بکات لەسەر هێرشەکان و دووبارە نەبوونەوەیان، لەگەڵ دانانی سنوورێک بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رێزگرتن سەروەریی و گیانی هاوڵاتیانی عێراقی".


 مەترسییە پێشبینی کراوەکان: عەلی ساحب، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت "ناکۆکی نێوان عێراق و ئەمریکا تادێت قوڵتر دەبێت، گرووپە چەکدارەکان پێیان وایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مەترسییەکی گەورەیەو دەبێت نەمێنێت، ئەمریکاش رەتیدەکاتەوە هێزەکانی بکشێنێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق  هەوڵدەدات دۆخەکە هێوربکاتەوە بەڵام وا دیارە لە کۆنترۆڵ دەرچووە".


ساحب جەخت دەکاتەوە "لەسەر گرنگیی هەڵوەستەکردنێکی جددی دیپلۆماسی عێراق لە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، نامەی توند ئاڕاستەی باڵیۆزی ئەمریکا بکرێت، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش سکاڵا تۆمار بکرێت".


سەبارەت بە قسەکانی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کە گوتبووی  پێش ئەنجامدانیان حکومەتی عێراق لە هێرشەکان ئاگادار کراوەتەوە. عەلی ساحب دەڵیت "ئەوە درۆیەکی ئەمریکایە بۆ لەرزاندنی واقعی سیاسی عێراق و درووستکردنی ئاژاوە لەنێوان خەڵک و حکومەتدا".


"ئەمریکا بەو بانگەشە ناڕاستانە دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیێنێت بە لایەنە سیاسییەکان و خەڵک کە حکومەتی عێراق لەو بە ئامانجگرتنانەی گرووپە چەکدارەکان هاوسۆزە لەگەڵی، ئەوەش جاری یەکەم نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە هێرشەکانی بە رەزامەندی حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام ئەوە ناچێتەوە عەقڵەوە، لەبەر ئەوەی سەروەریی عێراق بەرپرسیاریێتی حکومەتی عێراقە" ئەو شرۆڤەکارە وادەڵێت.


بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: باسم عەوای گوتەبێژی حکومەتی عێراقیش رەتیکردەوە، هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان واشنتن و بەغدا هەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر گرووپە چەکدارەکان.


هۆشداریی لە هێرشی پێچەوانە


نەبیل میخائیل مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتن پێی وایە "ئەو هەڵکشانە سەربازییەی ئەمریکا دەستیپێکردووە لە عێراق و سووریا، جۆرێک لە ناسەقامگیری درووست دەکات،  وادەکات هێرشی پێچەوانە بەتایبەتیش لە عێراقەوە دەستپێبکات.


میخایل پێی وایە “ وەڵامەکەی ئەمریکا نالۆژیکی بوو،  وا دەکات جەنگ درووستبێت، بایدنیش ببێت بە   سەرۆکی جەنگ، بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای گرووپە چەکدارەکان لە سووریا ببێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تازەی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: