حەشدی شەعبی؛ نەزیفێک لە بودجەی عێراقدا

شەیری بکە لە:
حەشدی شەعبی؛ نەزیفێک لە بودجەی عێراقدا

چەکدارانی حەشدی شەعبی

ئاڤا دیجیتاڵ

 

گرووپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی چیتر لەنێو بازنەی داخراوی چالاکییەکانیاندا بانگەشەو پەیامە سیاسییەکانی خۆیان بڵاوناکەنەوە، بەڵکو ئەمجارە فشار لە دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی عێراقی دەکەن هاوڕی و هاوبیریان بن، فشارێک رەنگە زۆر هاوکێشەی سیاسی لەسەر شانۆی حوکمڕانی عێراق بگۆڕێت، چونکە گروپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی بەشێوەیەک گەورەو بەرفراوان بوون وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتی عێراقدا رەفتاردەکەن. “راستییەکی مەترسییدار” کە زۆرێک لە سەنتەرەکانی توێژینەوە لەجیهاندا جەختی لێدەکەنەوە.

 

مەترسییە چاوەڕوانکراوەکە: تەمەنی حەشدی شەعبی لە 10 ساڵ نزیکدەبێتەوە، ئەو ئامانجەشی لەپێناویدا دروست بوو لە 4 ساڵی یەکەمیدا توانی جێبەجێی بکات، کە بریتی بوو لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ئەو ناوچە جوگرافییانەی بەهۆی لاوازی سوپای عێراقییەوە کۆنترۆڵی کردبوون. 


بەپێی بانگەوازەکەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کە لە 13ی حوزەیرانی 2014دا داوای جیهادی کیفایەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش، دەبوو دوای نەمانی مەترسییەکانی داعش حەشدی شەعبی کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنێت، بەڵام دوای نەمانی مەترسییەکانی داعشیش هێشتا حەشدی شەعبی لە گەورەبوون و فراوانبوونێکی ناسروشتی و پلان بۆدارێژراودایە. ئێستا نەک خاوەنی هێزێکی سەربازی گەورەو پڕ چەکی هاوچەرخە، بەڵکو لە چەندین ئاستی سیاسی و ئابوری و رێکخراوەیی و میدیاییەوە توانیویەتی هەژموونی خۆی لە چەندین کایەو پنتی جیاوازی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقیدا بسەپێنێت، بەشێوەیەک ئێستا وەکو سێبەری حکومەتی عێراقی تواناو دەسەڵاتی راپەڕاندنی هەیە، هەندێ راپۆرتی سیاسی سەنتەرەکانی توێژینەوەی جیهانی، حەشدی شەعبی بە “ئیمپڕاتۆریەتێکی شاردراوە” وەسفدەکەن و بەپێی ئەو داتاو زانیارییانەی لەبەردەستن، پێیانوایە “تواناو دەسەڵاتەکانی حەشدی شەعبی زۆر لە تواناو دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراقی زیاترن”، تەنانەت تا ئەو رادەیە دەرۆن کە “ئێستا حکومەتی عێراقی روخسارێکی فەرمیی حەشدی شەعبییە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی نافەرمی گروپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی”.


لە ئۆکتۆبەری 2021دا پەیمانگەی ئینلیل بۆ توێژینەوە راپۆرتێکی 100 لاپەرەیی لەسەر مەترسییەکانی گەورەبوونی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە. هەردوو توێژەری ئامادەکاری راپۆرتەکە مایکڵ نایتس و ئەلیکس ئەلمیدا لە میانی راپۆرتەکەیاندا دەڵێن "حەشدی شەعبی بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە دەوڵەتێک لە نێو دەوڵەتی عێراقدا، چونکە هەموو زانیاری و داتا بەردەستەکان ئاماژە بەوەدەکەن حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی نائاسایی گەورە دەبێت، رەنگە بگاتە ئاستێک هیچ دەسەڵاتێکی فەرمی و یاسایی لە عێراقدا نەتوانێت بەر بە هەژموون و دەسەڵاتەکانی بگرێت، بەتایبەتی ئەگەر بزانین بەشێکی گەورەی گروپە چەکداریەکانی نێو حەشدی شەعبی نوێنەرایەتییەکی نافەرمی زامنکردنی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و سەربازییەکانی ئێران دەکەن لەعێراقدا".

 

وێنە گەورەکە: حەشدی شەعبی لە 70 گروپی جیاواز پێکهاتوون، هەندێکیان پێشتر رێکخراوی سەربەخۆبوون و لە چالاکیدا بوون، هەندێکی دیکەیان دوای فەتواکەی عەلی سیستانی لە ساڵی 2014دا دروست بوون. بەشێوەیەکی گشتی گروپەکانی حەشدی شەعبی بریتین لە :


  • * رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامری، خاوەنی 10 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان لیوای بەدر، لیوای کەربەلاو لیوای ئەلحسێنە.
    * حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، خاوەنی 4 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتائیبی ریسالیونە.
    * ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی جەلالەدین سەغیر، خاوەنی 3 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان سەرایای عاشورایە.
    * رەوتی سەدری موقتەدا سەدر، خاوەنی گروپی سەرایا سەلامە، کە لە سێ لیوای سەرەکی پێکهاتووە.
    * کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەبو حسێن ئەلحمێداوی، خاوەنی 5 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان بزوتنەوەی نوجەباو سەرایای جیهادە.
    * عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خزعەلی، خاوەنی 3 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتیبەکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە.
    * حەشدی عەتەبات، خاوەنی 4 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان  فیرقەی عەباسی شەڕکەرە.
    * موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، خاوەنی 7 گروپی چەکدارە، گرنگترینیان کەتائیبی ئیمام عەلی، کەتائیبی سەیدولشوهەداو سەرایای ئەلخوراسانییە.
    * حەشدی کەمینەکان، خاوەنی 2 گروپی چەکدارن، گرنگترینیان کەتائیبی بابلیونە.

 

وەلائییەکانی نێو حەشدی شەعبی: وەلائییەکان وشەیەکی تایبەتییە لە شەقامی عێراقیدا بەکاردەهێنرێت و بەو گروپانەی نێو حەشدی شەعبی دەوترێت، کە زیاتر وەلائیان بۆ فەیلەقی قودسی ئێرانی هەیە و بەیعەتییان بە عەلی خامەنەئی رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران داوە. ئەو گروپانەی راستەوخۆ وەلائیان بۆ رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەیە زۆرینەی گروپەکانی حەشدی شەعبین و زیاتر لە 41 گروپی نێو حەشدی شەعبی پێکدەهێنن. لەوانە : فەیلەقی بەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق  بزوتنەوەی نوجەبا و حیزبوڵای عێراقی و سەرایای خوراسانی.


 17 گروپی دیکەی حەشدی شەعبی وەلائیان بۆ مەرجەعی باڵای شیعەکان عەلی سیستانی هەیە و پێیاندەوترێت حەشدی شوێنە پیرۆزەکان (حەشدی عەتەبات) وەکو سەرایای عاشوراو ئەنساری مەرجەعییەو چەند گروپێکی تری سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و زۆرجاریش سەرایای سەلام هەر لەم چوارچێوەیەدا پۆلێن دەکرێن بەڵام زیاتر بڕیار لە رێبەرەکەیان موقتەدا سەدر وەردەگرن.
12 گروپی حەشدی شەعبی وەلائیان بۆ چەند مەرجەعیەتێکی دیکە هەیە لەوانە سادق ئەلشیرازی و محمد یەعقوبی و کازم ئەلحائیری.

 

بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی فریدریش ئیربت، رێژەی وەلائی گروپەکانی حەشدی شەعبی بەم شێوەیەیە :

وەلائیان بۆ عەلی خامەنەئییە ٦٦٪
وەلائیان بۆ عەلی سیستانییە ٢٦٪
وەلائیان بۆ مەرجەعە جیاوازەکانی دیکەی شیعەیە ٩٪

 

ژمارەکان وا دەڵێن : حەشدی شەعبی 10 ساڵ لەمەوبەر کە دروست بوو، ژمارەیان تەنها 60 هەزار چەکداربوو، دوای 2 ساڵ واتە لە 2016دا ژمارەیان زیادیکرد بۆ 140 هەزار چەکدار. بە پێی لێدوانێکی رۆژنامەوانی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ژمارەی کارمەندو چەکدارانی حەشدی شەعبی بەسەرجەم گروپە جیاوازەکانییەوە لە ساڵی 2023دا گەیشتە 200 هەزار چەکدار. بەڵام لە راستیدا ژمارەیان زۆر لەوە زیاترە، راپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتۆن بۆ توێژینەوە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی نزیک،  ژمارەی راستەقینەی کارمەندو چەکدارانی حەشدی شەعبی بە 238 هەزار چەکدار دەخەمڵێنێت، واتە زیاتر لە نیوەی ژمارەی هێزە چەکدارەکانی سیستمی بەرگری عێراق بەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانییەوە. ئەو راپۆرتەی پەیمانگەی واشینتۆن ئاماژە بەوەدەکات رێژەی زیادبوونی چەکدارانی حەشدی شەعبی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ساڵانە 20٪ بووە، لە کاتێکدا رێژەی زیادبوونی کارمەندانی وەزارەتی بەرگری 6٪ و وەزارەتی ناوخۆ 3٪ بووە.

 

لێکەوتەکان لەسەر بودجەی گشتی عێراق : رۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2016 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ دوای بایکۆتی لایەنە سونیەکان، یاسای ژمارە 40ی دەستەی حەشدی شەعبی پەسەندکرد، بەوەش هەم شەرعییەتی یاساییان پێدراو هەم سەرجەم گروپە جیاوازەکانی نێو حەشدی شەعبی وەکو هێزێکی سەربازی سەربەخۆ بوو دەستنیشانکرد. 


بەپێی یاسای ژمارە 40 هەردوو مەرجی تەمەن و خوێندنی ئەکادیمی هەڵاوێرد کران بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی، بەوەش دەرگای بەڕووی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو هێزانەدا کردەوە، ببنە خاوەنی پلەیەکی باڵای سەربازی، ئەوەش دەسەڵات و هێزێکی زۆری پێدان، بەوپێیەی بە ئاسانی توانیان هەژموونی خۆیان لە رووی سەربازی و سیاسییەوە لە زۆر ناوچەی جوگرافی عێراقدا بسەپێنن، بەتایبەتی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.


لە لایەکی دیکەوە، یاسای ژمارە 40 حکومەتی عێراقی پابەندکرد بودجەو پێداویستی دارایی و لۆجیستی بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی لەنێو بودجەی گشتی عێراق دابین بکات.


خەرجی حەشدی شەعبی لە بودجەی گشتی عێراقدا لە نێوان ساڵانی 2021 هەتا 2023 رێژەی 23٪ زیادیکردووە. لە بودجەی تەرخانکراوی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا (2023_2025)، ساڵانە گەیشتۆتە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار، کە دەکاتە 2 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار. ئەوەش زیاترە لە بودجەی وەزارەتەکانی دەرەوەو رۆشنبیری و وەرزش و لاوان.


لەو کاتەوەی یاسای ژمارە 40ی حەشدی شەعبی پەسەندکراوە، بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو هێزە بەردەوام زیادیکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە بودجەی دامەزراوە سەربازییەکانی دیکەی عێراق کەمیانکردووە. بۆ نمونە لەکاتێکدا بودجەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی بەرگری بەرێژەی 26٪ و دەزگای دژە تیرۆر بەرێژەی 20٪ لە بودجەی گشتی 2021ی حکومەتی عێراقیدا کەمیانکردووە، کەچی بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی 17٪ زیادیکردووە.


سەرباری هەموو ئەوانە، لەبودجەی سێ ساڵەی حکومەتی عێراقیدا، خانەیەک بەناوی "خەرجییە نهێنییەکان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی" زیادکراوە، بە بڕی ملیارێک و 500 هەزار دینار، کە بووە جێگەی سەرنجی زۆرێک لە چاودێران، بەوپێیەی زیادکردنی ئەو خانەیە شتێکی پێشبینی نەکراو بوو، چونکە "خەرجی نهێنی" لە ساڵانی رابردوودا لە یاسای بودجەی گشتیدا، تەنها بۆ دەزگا هەواڵگرییە فەرمییەکان دیاریکراوە.


کیتاب ئەلمیزان، توێژەرێکی عێراقییە، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی عەرەبی ئەلجەدید دەڵێت "ئەمە یەک مانای هەیە، ئەویش زیادکردنی رووبەرەکانی کارکردنی نهێنی گروپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبییە کە مەترسییەکی گەورە بۆ خودی دامەزراوەکانی حکومەت دروست دەکات". 

 

لە هێزێکی سەربازییەوە بۆ هێزێکی ئابوری: یاسای ژمارە 40ی حەشدی هیچ سیستمێکی دیارینەکردووە بۆ شێوازی زیادکردن و دامەزراندنی کارمەندی نوێ لە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبییدا، هەربۆیە ژمارەی کارمەندو هێزەکانی حەشدی شەعبی بە "رووبەرێکی زۆر بەپیت دادەنرێت بۆ گەندەڵی"، بەوپێیەی ئاسان دەتوانرێت ژمارەی وەهمی بۆ ئەو هێزانە زیادبکرێت. هەندێ توێژینەوە ژمارەی چەکدارە وەهمییەکانی نێو حەشدی شەعبی بە 82 هەزار چەکدار دەخەمڵێنێت، کە بە زمانی شەقامی عێراقی بە "فەزاییەکان" ناسراوە. واتە مانگانە لە بودجەی عێراق 82 ملیۆن دۆلار بە "گەندەڵی" لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی حەشدی شەعبییەوە وەردەگیرێت، کە ساڵانە دەگاتە 984 ملیۆن دۆلار.


 فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک جەخت لەو "گەندەڵییە بەرفراوانە" دەکاتەوە کە لەنێو حەشدی شەعبییدا روودەدات، لەوبارەیەوە نوسیویەتی "کەسیش ناتوانێ چاودێری ولێپێچینەوە بکات بەرامبەریان".


جگە لەو بودجە "گەورەیەی" لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ حەشدی شەعبی دابیندەکرێت، هاوکات پاسەوانی شۆڕشی ئێرانیش بودجەی تایبەتی هەیە بۆ ئەو هێزانە، بەوپێیەی زیاتر لە نیوەی گروپەکانی حەشدی شەعبی وەلائی راستەوخۆیان بۆ رێبەری شۆڕشی ئیسلامی عەلی خامەنەئی هەیە.


بەپێی نامەیەکی دزەپێکراوی سایتی ویکیلیس، کریستۆفەر هیڵ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، نامەیەکی بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردووەو ئاماژەی بەوەداوە ئێران ساڵانە لە نێوان 100 بۆ 200 ملیۆن دۆلار دەدات بە رێکخراوە شیعییەکان لە عێراقدا. ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقیەوە بڵاویکردۆتەوە "تەنها گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق مانگانە 1 ملیۆن و نیو بۆ 2 ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە وەردەگرن".


جگە لەو سەرچاوە داراییانە، حەشدی شەعبی سەرقاڵی بونیادنانی سەرمایەی تایبەت بەخۆیەتی لەرێگەی ئەنجامدانی وەبەرهێنانەوە. بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی عێراق لە ئێستادا خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەشدی شەعبی، ئەویش کۆمپانیای "ئەلموهەندیس"ە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە رێگەپێدانی یاسایی پێدراوەو لەسەر بودجەی گشتی عێراقیش بڕی 70 ملیۆن دۆلاری پێبەخشراوە، وەکو سەرمایەی بنەرەتی کۆمپانیاکە.

 

دەوڵەتی قوڵ : بەهۆی بوونی سەرچاوەی دارایی بەردەست، حەشدی شەعبی تۆڕێکی بەرفراوانی کەناڵ و میدیای بینراویشیان دامەزراندووە.


بە گشتی حەشدی شەعبی خاوەنی 27 کەناڵی ئاسمانین، لەو ژمارەیە 15 کەناڵییان بە ئاشکراو بێ هیچ پێچ و پەنایەک پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن و لە بەرهەمە میدیاییەکانیاندا سیمبول و هێما دیارەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، پەخش و بڵاودەکەنەوە. 


ژمارەی کارمەندانی هەر یەکێک لەو کەناڵانە لە نێوان 50 بۆ 200 کەسدایە، هاوکات خەرجی ساڵانەی هەر کەناڵێکیش بە پێی گەورەیی کەناڵەکان لە نێوان 3 بۆ 5 ملیۆن دۆلاردایە. کۆی گشتی خەرجی ساڵانەی ئەو کەناڵانە بە زیاتر لە 81 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. زۆرینەی ئەو کەناڵانە سەر بە "یەکێتی کەناڵە ئیسلامییەکانن" کە رێکخراوێکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانەو لەلایەن ئەو رێکخراوەوە پلانی میدیاییان بۆ دادەڕێژرێت.


جگە لەوانەش، حەشدی شەعبی  پرۆژەیەکی ستراتیژی تریشی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە پەسەندکراوە، ئەویش دروستکردنی ئەکادیمیایەکی سەربازییە بۆ مەشق و راهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبی.


هاوکات بەمدواییانە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق رەزامەندیدا بە کردنەوەی "زانکۆی ئەلشوهەدا" کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بڕیارە بکرێت بە یەکێک لە ناوەندە ئەکادیمییە گەورەکانی عێراق، کە تایبەت دەبێت بەتەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی و خانەوادەکانیان.


هەروەها چەندین ناوەندی توێژینەوەی فیکری و ستراتیژیشیان کردۆتەوە لەوانە ناوەندی توێژینەوەی هەدەف و ئوفوق کە سەر بە گروپی حیزبوڵای عێراقیین و ناوەندی بەدر سەر بە فەیلەقی بەدرە.


دەیڤید شینکەر، بەریوەبەری سیاسەتە عەرەبییەکان لە پەیمانگەی واشنتۆن دەڵێت "لەو کاتەوەی کابینەکەی محمد شیاع سودانی دەستبەکار بووە حەشدی شەعبی هێزو هەژموونی زۆر زیاتر بووە لەعێراقدا، بەشێوەیەک دەسەڵات و تواناکانییان ئەگەر زیاتر نەبن لە دامەزراوە حکومییەکان، ئەوا هاوتان لەگەڵییدا، ئەوەش بۆ حوکمرانییەکی دیموکراسی لە عێراقدا زەنگێکی مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بزانین زۆرینەی گروپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراقدا دەستەبەر دەکەن".

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: گروپەکانی حەشدی شەعبی وەک بەشیک لە سیستمی بەرگری عێراق سودمەند دەبن لە هەمان رێککەوتنی ئەمنی کە ئەمریکا بە بڕی 1 ملیارو 600 ملیۆن دۆلار پێشکەشی سوپای عێراقی دەکات بەپێی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان ئەمرکاو حێراق لەساڵی 2011دا واژووکراوە. هەربۆیە زۆرجار ئەو چەک و تەقەمەنی و کەرەستە سەربازییانەی ئەمریکا پێشکەشی سوپای عێراقی دەکات، دەچێتەوە دەستی گروپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی و لە دژی هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاریدەهێنن لە چوارچێوەی ئەو بەرەیەی ناویان لێناوە "بەرەی موقاوەمەت لە عێراقدا".


لە عێراقدا جگە لە تیمە دیبلۆماسیی و کۆمپانیا بازرگانییە ئەمریکییەکان، زیاتر لە 2500 سەربازی شەڕکەر لە چەند ناوچەیەکی عێراق جێگیرکراون، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. 


حەشدی شەعبی بە تایبەتی ئەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەیانەوێت ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق پاشەکشە بکات. هەربۆیە بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. لە سێ مانگی رابردوودا 122 هێرشی جیاواز کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سوریاو عێراق و هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن پنتاگۆنی سەرپشک کردووە لە وەڵامدانەوەی خێراو تۆڵەسێن بۆ ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو هێرشانە.


کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بەوشێوەیەی گروپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی داوای دەکەن، کارێکی نزیکە لە مەحاڵەوە، جگە لەوەی ئابوری عێراق کە خۆی لە بنەڕەتدا فشۆڵەو تەنها پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە، لە کاتی کشانەوەی ئەمریکادا بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو هەرەسدەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر. ئەمە سەرباری ئەوەی کە خودی ئەمریکا ئامادەی ئەو هەنگاوە نییەو پلانی کشانەوەی نییە لە عێراق، بە تایبەتی لەژێر هیچ فشارێکی ئێرانی و پرۆئێرانییدا، لەوبارەیەوە ئیلینا رۆمانۆفسکی بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکسدا نوسیویەتی "زۆر بە سادەیی لەوە دڵنیابن ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە".

 

ئامانجەکانی دوای داعش : حەشدی شەعبی لەمێژە ئەو ئامانجانەی جێبەجێکردووە کە لە پێناوییدا دروست بووە، کە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش بوو. هەربۆیە لە سالانی رابردوودا هەندێ چالاکی دیکەی ئەنجامدا کە بوونە مایەی نیگەرانی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.


جگە لەوەی لە هەردوو راپۆرتی ساڵانەی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ بۆ ساڵەکانی 2017 و 2018 ئاماژە بە چەندین پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دراوە لەو ناوچانەدا، کە هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکیی سەربازیی تێدا ئەنجامداوە.هاوکات هێزەکانی حەشدی شەعبی بە بەرپرسیاری سەرەکی دادەنرێن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ساڵی 2019دا کە تیایدا نزیکەی 1000 خۆپیشاندەری مەدەنی کوژران و هەزارانی دیکەشیان بریندار بوون. 


لە ئێستادا جگە لە ئەرکە سەربازییەکانیان، هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە جێبەجێکردنی چەندین چالاکی مەدەنیش کردووە، کە جێەبجێکردنیان لە ئەستۆی دامەزراوە مەدەنییەکانی حکومەتی عێراقی بوون، لەوانە لابردنی زیادەڕۆیی لە بازاڕەکان و هەڵمەتی پاککردنەوەی روبارەکان و بەشداریکردن لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. رەنگە ئەم ئەرکانە بەشێکیان بۆ سەرقاڵکردنی ئەو هێزە زۆرە بن، کە لە ئێستادا ئاسایشی عێراق پێویستی پێی نەماوەو بە تایبەتی ئەگەر بزانین مەترسی داعش و تیرۆر بەشێوەیەکی نیمچە تەواوەتی کۆتاییان پێهاتووە.  


هەندێک لە چاودێران پێیانوایە راگەیاندنی "شەڕی بەرگری" وەک خۆیان دەڵێن دژی هێزەکانی ئەمریکا هەوڵێکی دیکەی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بێت بۆ ئەوەی پاساوی بەردەوامبوونیان بە زیندوویی بهێڵنەوە. ئامانجێک رەنگە عێراق بەرەو خەرەندێکی ترسناک بەرێت.
 
حوکمڕانییەکی شاراوە: حەشدی شەعبی لە ئێستادا دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتی عێراقییدا، لە هەندێ ناوچەی باشوری عێراق دادگای تایبەت بەخۆیان هەیەو بە بێ فەرمانی دادوەری فەرمی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هاوڵاتییان دەردەکەن. 


لە مانگی ئەیلولی 2022 چەند گروپێکی حەشدی شەعبی هەڵمەتێکی ئەمنیان راگەیاند بەمەبەستی "راوەدوونانی بەعسییە نوێیەکان و گروپە لادەرە ئایینییەکان". لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 44 کەس لەلایەن حەشدەوە دەستگیرکران. لە بەیاننامەیەکدا کە مێژووی 9ی ئەیلولی 2022 لەسەرە، حەشدی شەعبی لەوبارەیەوە رایگەیاند "ژمارەیەک گروپی لادەرییان دەستگیرکردووە، کە چەندین بڵاوکراوەو کتێبی دژ بە پیرۆزییەکانی گەلی عێراقییان پێبووە".


 هەر لەو هەڵمەتەدا ژمارەیەک مامۆستای زانکۆو کەسانی رۆشنبیریشیان لە هەندێ شاری باشوری عێراق دەستگیرکردووە، بە پاساوی نزیکیان لە ئایدۆلۆژیای حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە. هەندێ لە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بەوەداوە ئەشکەنجەدراون و یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش دوای ئازادبوونی گیانی لەدەستداوەو گومان دەکرێت لەژێر ئەشکەنجەدا وەفاتی کردبێت.


ئیقبال دۆحان، کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە پزیشکی ڤێتێرنەرییدا، یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای دیوانییەو دوای دوو رۆژ لە ئازادکردنی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گیان لەدەستدەدا.

 
سەجاد سالم پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئەو رووداوەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی فەیسبووک نوسیویەتی "ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەوی گروپەکانی حەشدی شەعبی دەستیانپێکرد پێشێلکارییەکی ئاشکرا بوو بەرامبەر دامەزراوە یاساییەکانی وڵات چونکە لێپێچینەوەو دەستگیرکردنی خەڵک بەهیچ شێوەیەک لە دەسەڵاتی حەشدی شەعبییدا نییە".

 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ