مۆساد: ئێران مافیا کوردەکان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمان بەکاردەهێنێت

شەیری بکە لە:
مۆساد: ئێران مافیا کوردەکان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمان بەکاردەهێنێت

وێنەی پاسپۆرتی ڕەوا مەجید کە ئیسرائیل تۆمەتباریکردووە بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە سوێد

ئاڤا نیوز

 

ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران پاڵپشتیی تۆڕێکی مافیایی کردووە تا هێرش بکەنە سەر باڵیوێزخانەکانی ئیسرائیل لە سوێد و بەلجیکا.

 

وێنە گەورەکە: ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و سوێد  گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئێران گرووپی مافیایی 'فۆکسترۆت' و 'رومبا'ی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەکارهێناوە.

 

چی ڕوو دەدات: لە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لە چەندین شوێنی ئەوروپا بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و کەسانی جوو کراونەتە ئامانج؛ لەوانەش باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە سوێد و بەلجیکا.

 

درێژەی ڕاپۆرت...

 

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان

لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و سوێد گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەڵقەی مافیایی فۆکسترۆت لە پشت هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی ئیسرائیلە لە سوێد کە رۆژی 17ی ئەم مانگە ڕوویداوە، ئەوەش بە فەرمانی ئێران بووە.

 

ڕێوی کورد

 

سەرکردەی فۆکسترۆت کوردێکی عێراقییە بە ناوی ڕەوا مەجید، بە ڕێوی کورد ناسراوە. لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە (ئینتەرپوول) داوا کراوە. ئیسرائیل تۆمەتباری دەکات بەوەی چەندین مانگە لەگەڵ ئێران دەستی تێکەڵ کردووە. ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە لە تورکیاوە بۆ ئێران رایکردووە، بەڵام لەو کاتەی سەرقاڵی کارکردنە بۆ ئێران دەستگیر دەکرێت. 

 

ڕومبا، ڕکابەری ڕێوی

گرووپێکی دیکەی مافیایی بە ناوی 'ڕومبا' لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی ئیسماعیل عەبدۆ ڕێبەرایەتیی دەکرێت، ئەویش هەر کوردە و ڕکابەری ڕەوا مەجیدە. ئەم گرووپەش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ تەقەیان لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کردووە لە سوێد، لەسەر ئەو ڕووداوە کورێکی 14 ساڵان دەستگیرکراوە. بە گوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی مۆساد، کە زۆر بەکەمی ڕاگەیێنراوی لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمانیش لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن و ئاڕاستە دەکرێن. بەو واتایەی ئێران هەردوو گرووپە مافیاییە دژبەرەکە بەکار دەهێنێت.

 

ڕاگەیێنراوی ئاژانسی هەواڵگریی سوێد

هەواڵگریی سوێد دەڵێت: پۆلیسی ئاسایشی سوێد زانیویەتی ڕژێمی ئێران تۆڕە تاوانکارییەکانی ناو سوێد بەکار دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی کردەی تووندوتیژی لە دژی دەوڵەتانی دیکە و ئەو گرووپ و کەسانەی لە ناو سوێد دان کە ئێران بە هەڕەشەیان دەیانبینێت.

 

لە بەلجیکاش چالاکن

مۆساد گرووپە مافیاییەکان بە بەرپرسیاری ‌هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەلجیکاش تۆمەتبار دەکات کە دوو نارنجۆکی دەستی فڕێدرابوونە ناو باڵیۆزخانەکەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان