وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

شەیری بکە لە:
وردەکاریی هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

ئاڤا دیجیتاڵ

 

لە هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، زیاتر لە 85 شوێن کراونەتە ئامانج، تاوەکو ئێستا کوژرانی 18 چەکدار لە سووریا و 10 چەکداریش لە عێراق راگەیێنراوە، لەگەڵ برینداربوونی دەیانی دیکە.

وێنە گەورەکە: لە تۆڵەی هێرشە درۆنییەکەی هەفتەی رابردووی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن کە کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، شەوی رابردوو ئەمریکا یەکەم هێرشی تۆڵەی دەستپێکرد و 85 بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کرد. ئەمریکاش جەختدەکاتەوە  لە شوێن و کاتی دیکەشدا هێرشی زیاتر ئەنجامدەدەن.


زیانە سەرەکییەکان: تاوەکو ئێستا زانیاری ورد لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران رانەگەیێنراوە. رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت 18 چەکدار کوژراون لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە. حەشدی شەعبیش کوژرانی 16 چەکدار و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

 

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری دوو سەرچاوەی ئاسایشی عێراقیەوە بڵاویکردەوە کۆگایەکی چەک و بنکەیەکی فەرماندەیی سەر بە گرووپەکانی لایەنگرانی ئێران لە رۆژئاوای عێراق بۆردوومانکراون و ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە. عێراق ئەم کردەوە سەربازییانە سەرکۆنە دەکات بەوەی سەروەریی عێراق پێشێلکراوە. 

 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا: ئەمڕۆ وەڵامەکەمان دەستیپێکرد. لە کات و شوێنی تری هەڵبژێردراوی خۆشماندا بەردەوام دەبێت. ئەمریکا نە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان بەدوای ناکۆکییەوە نییە، بەڵام با هەموو ئەوانە بزانن کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئێمە دەدەن: ئەگەر زیان بە ئەمریکی بگەیەنن، وەڵامیان دەدەینەوە.


فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا: هێرشەکان فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەوانی بەئامانج گرتووە. سوپای ئەمریکا زیاتر لە 85 ئامانجیان پێکاوە و زیاتر لە 125 تەقەمەنیی ورد بۆ هێرشەکان بەکارهێنراون. بنکەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و هەواڵگری و مووشەک و درۆن و کۆگای گرووپە میلیشیاکان و هێزەکانی ئێرانمان پێکاوە، کە لە هێرشەکانی سەر ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکاندا کارئاسانییان کردووە.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا: هێرشەکان نزیکەی 30 خولەکیان خایاندووە، بەڵام گەشتی فڕۆکە جەنگییەکان لە جۆری بی وەن زیاتریان خایانووە، چونکە لە ئەمریکاوە فڕیبوون بۆ ناوچەکە. هێشتا وەزارەتی بەرگری خەریکی خەمڵاندنی زیانی هێرشەکانە، کە لە حەوت ئامانجی شوێنی جیاوازیان داوە، بەڵام ئەمریکا بڕوای وایە هێرشەکان سەرکەوتوو بوون، هێرشی زیاتریشیان بەدوادا دێت. کێربی ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر واشنتن حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام لەبارەی وەڵامی بەغدادەوە نەدواوە.

رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە هێرشەکاندا زیاتر لە 18 چەکداری لایەنگری ئێران لو سووریا کوژراون. رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت: "لانیکەم 26 شوێنی سەرەکیی گرووپەکانی لایەنگرانی ئێران لە سوریا پێکراون، لەوانە کۆگای چەکیشیان تێدا بووە".

 

وەزارەتی بەرگری سووریا: بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک چەکدار و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیانێکی زۆر بەر موڵکی گشتی و تایبەتی  ناوچەکە کەوتووە.

 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار: زیاتر لە 10 چەکدارمان کوژراون و برینداربوون.

 

حکومەتی عێراق: لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر قائیم لە پارێزگای ئەنبار 8 هاووڵاتی مەدەنی بریندابوونە.

 

مایک جۆنسن، گوتەبێژی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: هێرشەکان کەم بوون و درەنگ بوون. بەداخەوە ئیدارەی سەرۆک هەفتەیەک چاوەڕێی کرد و جیهانی لەبارەی سروشتی وەڵامەکانمانەوە تێگەیاند، بە ئێرانیشەوە.نئەو کروزانەوە ئاشکرایە و توانامان لە کۆتاییهێنان بەو هێرشانە کەمدەکاتەوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا رووبەڕوویان بووینەتەوە.


باکگراوند: لەوەتەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵگیرساوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 165 جار لە عێراق و سووریا و ئوردن هێرشیان کردووەتەوە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، لە هێرشەکەی ئوردنیش بۆ یەکەمجار سەربازی ئەمریکی کوژران. لە دوای چۆڵکردنی ئەفغانستانیش لە 2021دا تەرمی سەربازی ئەمریکی نەگەڕاوەتەوە ئەمریکا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان