جەنگ و برسییەتی تەنگیان بە مرۆڤایەتیی هەڵچنیوە

شەیری بکە لە:
جەنگ و برسییەتی تەنگیان بە مرۆڤایەتیی هەڵچنیوە

ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

 

ڕۆژی سێشەممە 28ئایاری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانی برسێتیی دەدەنرێت، بەگوێرەی داتا جیهانییەکان زیاتر لە 300 ملیۆن هاووڵاتیی لە جیهاندا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.


 
وێنە گەورەكە: جەنگ هۆكاری سەرەكی برسێتیی و قاتی قڕییە، لەسەرجەم جەمسەرەكانی جیهان شەڕ هەیە، ڕووسیا و ئۆكراینا، ئیسرائیل و حەماس، شەڕی ناوخۆ لە ئەفریقیا، ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران و ئەمریكا و چەندین ناوچەی دیكە، ئەمەش هۆكارە بۆ دروستبوونی برسێتیی و كەمی خۆراك و نەبوونی پێداویستی سەرەتایی.


 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی ئەو داتایانەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی هەژاریی و برسێتییەوە بڵاویكردوەتەوە، تادێت برسێتیی و هەژاریی زیاتر ڕوو لە خەڵكی دەكات و چینی ناوەڕاست و چینی هەژار تا دێت زیاتر دەبێت و كەمتر دەستیان بە خۆشگوزەرانیی و پێداویستییەكان دەگات.


 
درێژەی ڕاپۆرتەكە…


 
خێزانە کەمدەرامەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی توندترین لێکەوتەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و پەتای کۆرۆنا بوون. لە هەژارترین وڵاتانی جیهاندا، تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی یان قەرزێکی کاتی نییە بۆ ئەوەی کارەکان بە کراوەیی بمێننەوە و کرێکاران دامەزراو بن. بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی کردووە هاووڵاتییانی وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند، تا 10%ـی تێکڕای داهاتی ساڵانەی داهاتوویان لەدەست دەدەن.
 
بانکی نێودەوڵەتی مەزەندەی کرد، ئەگەری زۆرە 198 ملیۆن کەسی دیکە بچنە ڕیزی هەژارییەوە، ئەوانەی لەڕادەبەدەر هەژارن. لەم دواییانەدا دامەزراوەکە ڕایگەیاندووە کە نیوەی ٧٥ وڵاتی لاوازی جیهان بۆ یەکەمجار لەم سەدەیەدا ڕووبەڕووی فراوانبوونی جیاوازی داهات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئابوورییەکەیان دەوڵەمەندە، بوونەتەوە.
 
ژمارەکان سەرنجڕاکێشن:


لە دە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهاندا تێکڕای هێزی کڕینی ساڵانەی هەر تاکێک زیاترە لە 110هەزار دۆلار، لە 10 وڵاتی هەژارتریندا کەمترە لە 1500 دۆلار. خراپترین بەش ئەوەیە کە زۆرجار هەژاریی ئەگەری ئەوەی هەیە هەژاریی زیاتر پەروەردە بکات.
 
 
دە خراپترین وڵاتی جیهان لە هەژاریدا


یەمەن 


ئەم وڵاتە کە نزیکەی 35 ملیۆن کەسی تێدایە و یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014ـەوە لە ئەنجامی ململانێی دەسەڵاتی نێوان حکومەتی سعودیە و بزووتنەوەی حووسییەكان تووشی ململانێ بوو. شەڕەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 150 هەزار کەس و ئابووری وڵاتەکەی تێکشکاندووە و ژێرخانی گرنگی یەمەنی لەناوبردووە. لە ئەنجامدا ئەمڕۆ لەم خاکە دەوڵەمەندە بە نەوت زیاتر لە 80%ـی دانیشتووان لە هەژاریدا دەژین.
 
ماداگاسکار
 
لە ساڵی 1960ـەوە لە فەرەنسا سەربەخۆ بووە، ماداگاسکار تووشی هێرشی ناسەقامگیری سیاسیی و کودەتای توندوتیژ و هەڵبژاردنی ناکۆک بووە. ئاندری ڕاجۆلینا سەرۆککۆمار لە ساڵی 2019 هەڵبژێردرا، بەدروشمی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی هەژاریی و پەرەپێدانی ئابووریی لە وڵاتەکەیدا هاتە سەر دەسەڵات. بەڵام سەرۆککۆمار بەڵێنەکانی نەبردە سەر و ئێستاش ماداگاسکار بەرزترین ڕێژەی هەژاریی لە جیهاندا هەیە کە دەگاتە 75%. گەشەی ئابووری وڵات هێشتا سستە و هەڵاوسانیش نزیکەی 8%ـە. سەرباری ئەوەش ڕاجۆلینا لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە.
 
لیبێریا
 
کۆنترین کۆماری ئەفریقیا، ساڵانێکی زۆرە لە ڕیزبەندی هەژارترین وڵاتانی جیهاندایە, هەڵاوسان زۆر بەرزە و یەكێكە لە ترسناكترین وڵاتەكان كە لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو داڕووخانی تەواوەتی دەچێت.
 
 
ئەفریقیا لە پلەی یەكەمدایە


ئەفریقیای باشوور لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كە خراپترین دۆخی ئابووریی هەیە بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە، ئەوەی لە ئەفریقیا دەگوزەرێت مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی، چونكە بە بەردەوام هەژاریی و شەڕی تێدایە.
 
بۆچی گرنگە


ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر دانیشتوانی جیهان و ئەگەری هەیە برسێتیی و هەژاری ببێتە هۆكارێكی گەورە كە كاریگەری لەسەر جیهان هەبێت، نەخۆشی و قاتوقڕیی ڕوو لە جیهان بكات و ملیۆنان مرۆڤ بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستبدەن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان