چیای مەتینا لە سنووری دهۆك ئەمڕۆ سێ جار بۆردوومانكرا

شەیری بکە لە:
چیای مەتینا لە سنووری دهۆك ئەمڕۆ سێ جار بۆردوومانكرا

ئاڤا دیجیتاڵ

 

بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرە چیای مەتینا، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ناحیەی دێرەلووك لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان، سێ جار لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا.


زانیارییە سەرەتاییەكان: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاڤا میدیا كەوتووە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ ناوچەی چیای مەتینایان بۆردوومان كردووە، كە دوورن لە ئاوەدانیی، بەڵام جموجووڵی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە ، تاوەكو ئێستاش هیچكام لە وەزارەتی بەرگریی توركیا و باڵی سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستان (هەپەگە) زیانەكانی بۆردوومانەكەیان بڵاو نەكردووەتەوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ژیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی سەختكردووە ، بەهۆی ئەو شەڕەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی 800 گوند چۆڵكراون، ناوچە گەشتیارییەكان سوودیان لێ وەرناگیرێت و زەوییە كشتوكاڵییەكانیش جێهێڵراون، كە زۆرینەیان دەكەونە سنووری پارێزگای دهۆك.


باكگراوند: لە ساڵی 1984 ەوە پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا لە شەڕدان، تاوەكو ئێستا نزیكەی 80 هەزار كەس لە هەردوولا گیانیان لەدەست داوە و بەشێكیشیان بریندار بوون. 


لە لێدوانێكی پێشوویدا دوران كالكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەكەكە رایگەیاندبوو "ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە لە ساڵی 1984 ەوە تاوەكو ئێستا لە شەڕی سوپای توركیا گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 50 هەزار كەس". ئاژانسی ئانادۆڵی توركیاش پێشتر بڵاویكردەوە نزیكەی 10 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی توركیا و 15 هەزار هاووڵاتی مەدەنی كە زۆربەیان كوردن، لە شەڕی 39 ساڵەی توركیا و پەكەكە گیانیان لەدەست داوە.


 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ