خامنەیی بە نزیكەكانی گوتووە "نایەوێت لەگەڵ ئەمریكا بچێتە جەنگەوە"

شەیری بکە لە:
خامنەیی بە نزیكەكانی گوتووە "نایەوێت لەگەڵ ئەمریكا بچێتە جەنگەوە"

ئاڤا دیجیتاڵ


بۆ خۆ بە دوورگرتن لە هێرشەکانی ئەمریکا کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ڕابەری ئێرانیش پەنا بۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران دەبات، خامنەیی ڕاستەوخۆ بە نزیكەكانی گوتووە "نایەوێت لەگەڵ ئەمریكا بچێتە جەنگەوە".


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: دوای هەڕەشە و جەختکردنەوەکانی ئەمریکا کە بڕیاری گورز وەشاندنی داوە لە پێگە ئێرانییەکان لە ناوچەکەدا، ئەویش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئوردن کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 ی دیکەش برینداربوون، جموجوڵەکان لە تاران زیاتربوون وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو وەڵامەی ئەمریکا دەیبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجامداوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران کە هەریەک لە عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دوو ڕاوێژکاری و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوە و  چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئێرانیشی تێدان،  لە کۆبوونەوە بە پەلەکەیاندا باسیان لە چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ گورزەکانی ئەمریکا کردووە لەوانەش هێرشی ئەمریکا بۆ ناوخۆی ئێران و هێرشکردنە سەر گروپەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکە. ئەم زانیارییە سێ بەرپرسی باڵای ئێران بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز درکاندوویانە.


زانیاری زیاتر: خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕاشکاوی گوتویەتی پێویستە ئێران دووربکەوێتەوە لە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ، هاوکات داواشی کردووە ئێران خۆی بەدوور بگرێت لەو گروپانەی نزیکن لێی و هێرشەکەی ئوردنیان "بەشێوەی سەربەخۆ" ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خامنەیی جەختیکردووەتەوە پێویستە ئێران ئامادەبێت ئەگەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ خاکەکەی کردە ئامانج.


پێش ئەو گوتانەی خامنەیی، ئێران سەرجەم هێزە سەربازیەکانی خستە ئامادەباشییەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمان و زەویشی چالاککرد و بەدرێژایی سنووری لەگەڵ عێراق مووشەکە بالیستییەکانی بڵاوەپێکرد، وەک ئەو سێ بەرپرسە ئێرانییە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان گوتووە.


ئەوەی پێشبینی دەکرێت: دوای سێ ساڵ ئێران ناچار دەبێت ئەو وەزیرەی پشتگوێی خست لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی بیهێنێتەوە بەرچاو، ئەویش محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێرانە ، دەوروبەرەکانی خامنەیی پەنایان بۆ ئەو وەزیرە و نزیکەکانی بردووە کە شارەزان لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەمریکادا.


ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: بەگوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە عەلی خامنەیی ، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە وەک کەسێکی سیاسی و سەربازی ستراتیژی ئێران ناوی براوە، ڕابەری ئێران بە نزیکەکانی خۆی گوتووە "نایەوێت لەگەڵ ئەمریکا بچێتە شەڕی ڕاستەوخۆوە ئێستا ئەوەی گرنگە بەلایەوە پاراستنی سیستەمی ئێرانە" چونکە ئەو شەڕە "لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران کاریگەری خراپی دەبێت". لەکاتێکدا ئێران گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەرە و ئابوورییەکەی لاوازە.


کاریگەری و لێکەوتەکان: ترسی هەڵگیرسانی شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران، وایکردووە بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی داببەزێت و بەهای شتوومەکیش ڕاستەوخۆ لەو وڵاتە بەرزببێتەوە، ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆ دوای لێدوانی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا هات کە باسی لەوەکرد وڵاتەکەی وەڵامی جۆراوجۆری دەبێت بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و ئێرانیشی بە پشتیوانی ئەو گروپانە تۆمەتبار کرد کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.


باکگراوند: لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، بنکەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ناوچەکە، ڕووبەڕووی زیاتر لە 160 هێرش بووەتەوە، هێرشەکانیش لەڕێگەی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە بوون کە بەشێکیان دروستکراوی ئێرانن ، زۆربەی هێرشەکانیش ڕاستەوخۆ لەلایەن گروپەکانی نزیک لەئێران لەناوچەکە لە ئەستۆ گیراون کە دیارترینیان "مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق" ە .

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان