ئاڤا دیجیتاڵ
سێگۆشەی سنووریی نێوان (ئوردن- عێراق- سووریا) ماوەی چەند ساڵێکە وەکو بەرمیلەباروتی لێهاتووە و لە ئانوساتدایە لەنێوان ئێران و ئەمریکا بتەقێتەوە، وەڵامی واشنتنیش بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی، لە سووریا ئاسانترە تا لە نێوخۆی عێراق.
بۆچی گرنگە: سێگۆشەی سنووری هەرسێ وڵات لەدوای هێرشە درۆنییەکی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بووەتە تازەترین ناوچەی هەڵگیرسان و فراوانبوونی شەڕی هەرێمی، دەمێکیشە مەترسی ئەوە هەیە هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لەو ناوچەیە راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، کە ئەمەش دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەباتە قۆناغێکی مەترسیدار و، رەنگە پەلبکێشێت بۆ شەڕێکی فراوان و گەورە و درێژخایەن.
وێنە گەورەکە: ناوچە بیابانەکانی نێوان عێراق و ئوردن و سووریا، کە هێزەکانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و پاشماوەکانی داعش ئامادەییان تێدا هەیە و چالاکن، بەردەوام لەژێر چاودێریی وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا دایە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەدرێژایی رێگەی ستراتیژی نێوان دیمەشق و بەغدا، ماوەیەکی زۆرە بازگە و بنکەیان داناوە و بووەتە ناوەندێکی تۆڕی قاچاخیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەک و تەقەمەنی و کاری مافیایی. ئەو ناوچەیە لەدوای هێرشەکەی ئوردن بووەتە تازەترین ناوچەی هەڵگیرسان و فراوانبوونی شەڕی هەرێمی.
لێدوانی فەرمی: دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی بە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی راگەیاندووە، ئەو ناوچە سنوورییە ماوەیەکی زۆرە وەکو بەرمیلەبارووتی لێهاتووە، بەردەوام هەستمان بە نیگەرانی کردووە لەوێوە هێزەکانی ئەمریکا و ئێران راستەوخۆ رووبەڕووی یەک ببنەوە، جا لەڕێگەی سوتفەوە بێت یان بە ئەنقەست.
هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تەنەف لە ئوردن، ئەوە رووندەکاتەوە کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵنگارییەکە رووبەڕووی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا دەبێتەوە کە لەهەوڵدایە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە، لەهەمانکاتدا رانەکێشرێتە نێو شەڕێکی فراوانی هەرێمییەوە.
لە ئوردن نزیکەی 3 هەزار سەربازی ئەمریکی هەن، لە عێراق و سووریاش هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی لاوازیدان و بە گرووپی چەکدار دەورەدراون. ئەمریکا لە سووریا و عێراق تێکەڵی هەڵکشانی ئەمنی و سەربازی بووە لەگەڵ ئێران، ئەو دوو وڵاتە بوونەتە خاڵی سەرەتای تۆڵەسەندنەوە لە بایدن. ئەمریکا پێیوایە وەڵامدانەوەی هێرشەکان لە سووریا ئاسانترە بەراورد بە عێراق، بەوپێیەی لەگەڵ بەشار ئەسەد پەیوەندی نییە و هاوپەیمانی ئێرانیشە.
لەبەرامبەردا دیپلۆماتکارەکە پێیوایە، لەسەر ئەمریکا پێویستە بەهۆشداری زیاترەوە لە عێراق مامەڵە بکات، بەوپێیەی بە یەکێک لە ئاڵنگارییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە لەبەردەم ئیدارەی بایدن دادەنرێت.
ئەوەی ئێستا روودەدات: دوای 20 ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، هەژموونی ئەمریکا لە عێراق پاشەکشەی کردووە و ئێران جێگەی گرتووەتەوە و کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی بەغدای کردووە، دوای کوژرانی قاسم سولێمانیش، ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق بەڵێنیاندا بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و، ماوەیەکە عێراق بووەتە ناوەندێکی راپەڕیوی دژ بە ئەمریکا.
رێناد مەنسوور، لێکۆڵەر لە پەیمانگای چاتم هاوس بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، بەشێک لە گرووپەک چەکدارەکان باڵی سیاسییان هەیە و لە حکومەت بەشدارن و بەرژەوەندی ئابووریی و سیاسییان هەیە، بەڵام هەندێکی دیکەیان نزیکترن لە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و، سنوورەکانی عێراقیان تێپەڕکردووە و بۆ ناکۆکییە هەرێمییەکان پێکهێندراون، گوێنادەن بە سیاسەت و گرتنەدەستی دەسەڵات و پرسی نیشتمانییەوە، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە ناکۆکییەکان لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.
کاریگەری و لێکەوتەکان: ریم مومتاز، لێکۆڵەر لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی پێیوایە، تۆڵەی ئەمریکا بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی دەکرێت وەکو ئەو وەڵامانەی دیکە بێت کە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ئەنجامیداون لە هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان. ئیدارەی بایدن ئێستا زیاتر پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و کەمکردنەوەی توانای گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە، لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لایەنیکەم لە مانگەکانی داهاتوودا.
واشنتن هەوڵدەدات هەژموونی دارایی خۆی بەکاربهێنێت تا پاڵ بە بەغداوە بنێت هاوکاری ئێران نەبێت بۆ هەڵهاتنی لە سزاکانی سەری و پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکان، لە یەک هەنگاویشدا سزای بەسەر خاوەنی بانکی هودای عێراقی و کۆمپانیای فلای بەغداد سەپاند.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: ئیدارەی بایدن پێشتر رژد بوو لەسەر ئەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمبکاتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆریی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دودڵە لەوەی هەر بەیەکجاری بکشێتەوە، دانوستاندنەکانی ئێستایشی لەگەڵ حکومەتی بەغدا پەیوەندی نییە بە هەڵکشانە ئەمنییەکانی ئەمدواییەوە، بەڵام دیپلۆماتکارێکی باڵای رۆژئاوایی بە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی گوتووە، هێرشەکەی تەنەف هێڵی سووری بەزاند، واشنتن ناچار دەکات دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی کشانەوەی بکاتەوە.
دیپلۆماتکارەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دوایینجار کە لە ساڵی 2019 بەڵێندەرە ئەمریکییەکە لە عێراق کوژرا، دۆناڵد ترەمپ قاسم سولەیمانی کوشت، بۆیە پێویستە لەسەر هێرشەکەی تەنەفیش وەڵامێکی بەهێز هەبێت، ئەگینا بەپێچەوانەوە وادەکات کە بایدن ئەو پەیامە بگەیێنێت بە ئێران کە لاوازە و تێکشکێنراوە.
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
هونەرمەندان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵاوایی لە 'زاهیر عەبدوڵڵا' دەکەن
- کولتوور
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرهەمەکانی زاھیر عەبدوڵڵا بەرز دەنرخێنێت
- تەندروستی
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
پەڵەی ڕەشی پێست؛ هۆکار و چارەسەرەکانی
- ژینگە
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دانانی چەند زەنگێکی مۆبایل لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی فشاری دەروونی
4 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی دانانی سمێڵ لە مانگی نۆڤەمبەردا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
شارۆچکەیەک لە ئالاسکا دوو مانگ خۆر نابینێت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە بۆ ئاڤا: کێشەکان بەدروستی چارەسەرنەکراون
7 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبەر ئەحمەد: داعش ئێستا زۆر لە ساڵی 2014 بەهێزترە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
دیمەنی چۆڵبوونی شەقامەکانی شاری هەولێر
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
سەرژمێری له گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر