سەرۆکی حەماس بۆ دانوستان دەگاتە قاهیرە

شەیری بکە لە:
سەرۆکی حەماس بۆ دانوستان دەگاتە قاهیرە

ئیسماعیل هەنیە

ئاڤا دیجیتاڵ


چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ   ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەكتەبی سیاسی  حەماس، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ئاگربەستی جەنگی غەززەوە بگاتە قاهیرە ، لەكاتێكدا هێشتا هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامە.


بۆچی گرنگە: هێشتا بۆمباران و شەڕ لە غەززە بەردەوامە، لە ئێستادا جەنگەکە لە خان یونس چڕ بووەتەوە، کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززەوە. ئیسرائیل دەڵێت  چەکدارانی حەماس لەوێ خۆیان شاردووەتەوە ، سەرچاوەكانی هەواڵ ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە   ئیسرائیل چەند هێرشێكی ئاسمانی كردووەتە سەر شارەكە،  چەند ڕۆژێکیشە کارمەندانی تەندروستی و فریاگوزاری دەڵێن شەڕی سەخت لە نزیك دوو نەخۆشخانە دروستبووە.


چیرۆکی سەرەکی: پاش ئەوەی نێوەندگیران بە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ڕاگرتنێکی جەنگی غەززە لە پاریس کۆبوونەوە، ئێستا حەماس بە پێشنیازی ئاگربەستێکی شەش هەفتەییدا دەچێتەوە. ئاژانسی فرانس پرێس ئەمەی ڕاگەیاندووە.


دوای چڕبوونەوەی نێوەندگیرییەکانی قەتەڕ و میسر، چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی حەماس بۆ گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی ئاگربەست بگاتە قاهیرە، کە هەفتەی ڕابردوو قەتەڕ و میسر لە پاریس لەگەڵ ولیەم بۆرنسی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)دا ڕێکیان خست.
 
ژمارەکان وا دەڵێن: بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوودا 119 کەس کوژراون.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئیسرائیل حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە نێو تونێلەکانی ژێر نەخۆشخانەكانی غەززەدا کار دەکات و دامەزراوە تەندروستییەکان وەک ناوەندی فەرماندەیی خۆی بە کار دەهێنێت، حەماسیش ئەم تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە.


شێوازی جێبەجێکردن: سەرچاوەیەکی سەر بە حەماس بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە  "نەخشەی ئاگربەستەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، جەنگەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە ڕادەگیرێت و هاوکاریی زیاتر بە کەرتی غەززە دەگەیێنرێت".


"لەو قۆناغەدا تەنها نەخۆش و ژن و منداڵ و پیاوی سەروو تەمەن 60 ساڵان ئازاد دەکرێن، کە حەماس لە غەززە بە بارمتە گرتوونی ،  لە بەرامبەردا هەندێک گیراوی فەڵەستینیی نێو بەندیخانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن ، هەروەها گفتوگۆ لەسەر کشانەوەی سوپای ئیسرائیلیش لە غەززە دەکرێت ،  لەوانەشە قۆناغی تریش بۆ ئەم ئاگربەستە پێکبهێنرێت و بارمتە و گیراوی دیكە ئازاد بکرێن ".


بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی پەسەند نەكردووە کە سوپای ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە و لە تۆڵەی هێرشەکانی تشرینی یەکەمدا هێشتا لەسەر ئەو هەڕەشەیەی بەردەوامە كە حەماس لە ناو ببات. هەروەها دژی ئازادکردنی  "هەزاران زیندانیی فەڵەستینیشە کە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە خراوەتە بەردەمی، گەرچی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو نووسینگەکەی ڕایگەیاند "دانوستانەکان  بونیادنەر" بوون.


باکگراوند: بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا هێرشێکی دەستپێشخەریی لەناکاویان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 140 کەسیان کوشت، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. پاش کوشتنی زۆرێک لەوانەی بەر دەستیان دەکەوتن، 250 كەسیان وەك بارمتە گرت، کە هێشتا نزیکەی 132یان لە غەززەدا ماون، لانیکەم 29 تەرمی بارمتەشیان لایە.


قەتەڕ و میسڕ و ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا نێوەندگیرییان لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کرد، لە ئەنجامدا ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی ڕاگەیەنرا و 105 بارمتە ئازاد کران.


زیانە سەرەكیەكان: بەپێی ڕاپۆرتێكی کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان  ، غەززە لە ئێستادا ژیانی تێدا ناکرێت و بونیادنانەوەی حەوت دەیەی تر و دەیان ملیار دۆلاری پێویستە، چونكە نیوەی ژێرخانەکەی ڕووخاوە، یان زیانی پێ گەیشتووە.


ئیسرائیل لەحەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە چەندین هێرشی کردووەتە سەر حەماس و کەرتی غەززە و تا ئەمڕۆ لانیکەم  بیست و شەش هەزار و 900 کەسی کوشتووە، کە وەزارەتی تەندروستیی غەززەی سەر بە حەماس دەڵێت "زۆربەیان ژن و منداڵ بوون .

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان