ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: بڕینی پشتیوانی دارایی بۆ دەزگای فریاگوزاری فەڵەستین كارەساتی لێدەكەوێتەوە

شەیری بکە لە:
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: بڕینی پشتیوانی دارایی بۆ دەزگای فریاگوزاری فەڵەستین كارەساتی لێدەكەوێتەوە

بارەگای رێکخراوی مرۆیی (UNRWA) لە غەززە

ئاڤا دیجیتاڵ


لیژنەی هەمیشەیی نێوان دەزگاکان(IASC)کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ڕێکخراوەکانی یارمەتی مرۆیی لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاندووە ڕاگرتنی پشتیوانی دارایی لەلایەن هەندێک وڵاتەوە بۆ دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) كە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستین ، کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی بۆ خەڵکی غەزە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


چیرۆکی سەرەکی : دەزگای (IASC) راگەێینراوێكی بڵاوکردووەتەوە "تیایدا تۆمەتبارکردنی ئەندامانی رێکخراوی مرۆیی (UNRWA) بە کارێکی ترسنۆکانە ناودەبات ، ئەمەش لەدوای ئەوە دێت 13 وڵات بە تۆمەتی تێوەگلانی کارمەندانی ئەو رێکخراوە لە کردەوە تیرۆرستییەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری غەززە، هاوکارییەکانییان بۆ ئەو رێکخراوە راگرت، لە کاتێکدا ئەو رێکخراوە سەرچاوەی سەرەکی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ خەڵکی لێقەوماوی غەززە".


لێدوانی فەرمی: "هەموو ئەو کەسانەی لە کردەوە تیرۆرستییەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر تێوەگلاون، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت،  بەڵام نابێ ڕێگری لە تەواوی ڕێکخراوێک بکەین لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵکێک کە لە دۆخێکی خراپدان لە غەززە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا سەدان هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ و لە لێواری برسێتیدان لە غەززە". ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وادەڵێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ئەندامانی ئەو رێکخراوە دەبێتەوە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە و كوژرانی چەندین ئەندامیان ،  بەڵام ڕێكخراوەكە بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی وڵاتان بۆ خەڵکی غەززە.

 

هۆکارە زانراوەکان: دوای ئەوەی ئیسرائیل تۆمەتی دەستێوەردانی کارمەندانی UNRWA لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر بڵاوکردەوە،  ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی سەبارەت بە تۆمەتەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد.


زانیاریی زیاتر: لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەی گۆتێرێس، هەریەک لە وڵاتانی: ئەڵمانیا، سوید، سویسرا، ئیتاڵیا، کەنەدا، فینلاند، ئایسلەندا، ئوسترالیا، ئینگلتەرا، هۆڵەندا، ئەمریکا، فەرەنسا، نەمسا، ژاپۆن و ئیستۆنیا ڕایانگەیاند " بڕیاریانداوە پاڵپشتی داراییەکانیان بۆ UNRWA بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرن". بەڵام، وڵاتەکانی: نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا ڕایانگەیاند "بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنیان بۆ UNRWA."


لە لایەکی دیکەوە: رێکخراوی UNRWA لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ ئەو پرسە، لێکۆڵینەوەکە لەلایەن فەرمانگەی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OIOS) ەوە ئەنجامدراوە.


مەترسییە پێشبینیکراوەکان: راگرتنی پاڵپشتی دارایی بۆ UNRWA قورسە و دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی مرۆیی لە غەززە. لەبەر ئەوەی لە دۆخی ئێستادا زۆرترین رێژەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی وڵاتان لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە دەگاتە خاکی فەڵەستین، سەرەڕای ئەو هاوکارییانەش، بە گوێرەی ئاماری رێکخراوە مرۆییەکان  600 هەزار کەس لە ژێر مەترسی مردندان بە هۆی برسێتییەوە لە غەززە، ئەمە جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و بێ ماڵ بوونی هەزاران کەسی دیکە. گەر ئەو پاڵپشتییە مرۆییە کەمەی ئێستا هەیە ئەویش بوەستێت، کارەساتیی مرۆیی دوور مەودا چاوەرێی فەڵەستینییەکان و ناوچەکە بە گشتی دەکات.


باکگراوند: UNRWA بە هاوکاری خۆبەخشانەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پارەدار دەکرێت، لە ساڵی 1950ەوە لەو کاتەوەی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە، ڕێکخراوێکی سەرەکی بووە کە یارمەتییە مرۆییەکانی وەک (خۆراک، تەندروستی، پەروەردە و شوێنی نیشتەجێبوون) پێشکەش بە پەنابەرانی فەڵەستینی کردووە.


رێکخراوەکە ماوەی 74 ساڵە پشتیوانی لە نزیكەی شەش ملیۆن پەنابەری فەڵەستینی دەکات بەڵام ئێستا لەدۆخێكی سەختدایە و بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە سەدان تۆن دەرمانیان لەناوچووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان