ئەنجوومەنی وەزیران: بەغدا هیچ بیانوویەكی بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەماوە
- هەواڵ
- 31 کانوونی دووەم
ئاڤا دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتیی خۆی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکەشدا ڕایگەیاندووە "هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدڕاڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە".
چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکوەزیران بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە 31- 01-2024 سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، بابەتەکانی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ماستەرپلان و تەواوکردنی ڕەشنووسی کار باسی کۆبوونەوەکە بوون.
لێدوانی فەرمی: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی خستەڕوو، کە لە چوار بڕگەی سەرەکیی پێکهاتوون، بریتین لە:-
بڕگەی یەکەم: "لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، تیشکمان خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا لە ڕۆژانی 15 تاوەکو 19ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئاماژەمان بەوە دا کە کۆڕبەندی داڤۆس، یەکێکە لە گردبوونەوە گرنگەکان لە سەر ئاستی جیهان، بۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە و نیشانەی پێگەی گرنگی هەرێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ یەکەم جاریش ئەمساڵ لە داڤۆس، ( ماڵی کوردستان)مان بە بەشداری و ئامادەبوونی چەندین وەبەرهێنەری کوردستانی کردەوە بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان کەرتی تایبەتی کوردستان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری زیاتر".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دووپاتمان کردەوە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکانمان لە داڤۆس لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بوو بەو هێرش و پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم، جەختیشمان کردەوە کە هاوسۆزییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بە تایبەتی کە هێرشی ناڕەوا و بێ پاساو دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان ، دووبارە بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید پێشڕەوی دزەیی و هەموو شەهیدانی دیکە کرد کە بوونە قوربانی هێرش و زوڵم و ستەمێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان" ڕاگەیێنراوی ئەنجوومەنی وەزیران وادەڵێت.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە: بەپێی ڕاگەیێنراوی کۆبوونەوەکە "دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە بودجە ومووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، ئەندامانی شاندی دانوستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەی خۆی سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵیی پێشکەش بە لایەنی فیدڕاڵیی کردووە بە ئاراستەی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە یاسای ئێستای بودجەی فیدراڵ هەن کە ڕێگرن لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بە گوێرەی تەرخانکراوی خشتەکانی بوودجە، لەپێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بە تەمویلکردنی هەرێم بە بەشێک لە خەرجی مووچە لە ڕۆژی 1/14 بەڵام بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی 17 ڕۆژ تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە".
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە "هەرێمی کوردستان بە شایستەی خۆی دەزانێت لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی پابەندییەکانی، بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆی بۆ بنێردرێت هاوشێوەی سەرتاسەری عێراق، کە مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی ئەم دواخستن و بیانوو و ڕێکارانەوە، ماوەیەکی زۆرە مووچەکەنیان دواکەوتووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێویی دروست کردوون، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرچی زووە دوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ جێبەجێ بکات و لەهەمانکاتیشدا هەرچی زووە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، هەمواری یاسای بودجە پەسەند بکات بەوشێوەی لەسەری ڕێککەوتووین و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بۆ پەسەندکردنی تاوەکو چیدیکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدەست بێ بودجەیی و بێ مووچەییەوە زیانی زیاتریان بەرنەکەوێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی ئەم بابەتە بکرێت، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە بە زیادەوە جێبەجێکراوە چ لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر میلاکی گشتی و داهات و خەرجییەکانی هەرێم و واڵاکردنی دەرگا و تۆماری دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وردبینی چاودێری دارایی فیدراڵ، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەموارکردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووردا جێگیر کراوە".
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە: بەپێی ڕاگەیێنراوەکە "تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکانی ماستەرپلانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار خرایەڕوو، کە تێیدا کێشە وگرفت و پێشنیاری چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو گرێبەستانە خرانەڕوو بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ماستەرپلان لە چوارچێوەی نەخشەی پەسەندکراو کە گرنگیەکی زۆری هەیە و بنەمای پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمە و زامنی ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەیە بۆ مەودایەکی درێژخایان بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ئابووریی و ژینگەیی وکۆمەڵایەتیەکان و دوور لە بەکارهێنانی نادروستی زەوی گشتیی و بە ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی وگەشەسەندنی هەڕەمەکی و بێ پلانیی سێکتەرەکان ، وێڕای ئەوەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی دارایی تێدەپەرێت ، بەلام بە هۆی کاریگەری ماستەرپلان وەک بنەمایەک بۆ پێشخستن و ڕێکخستنی تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی شار و ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی زەوی و ئاراستەی فراوانبوون و بووژاندنەوەی شار ، هەروەها بابەتەکە کاریگەری لەسەر ئەرک و ئەدای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەیە و ئەو پڕۆژانەی کە گرێبەستیان لەسەر ئەنجامدراوە بە ڕاگیراوی ماونەتەوە بارگرانی لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر حکومەت دروست کردووە، بۆیە لە دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاریی پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە گوێرەی تایبەتمەندیی و توانای دارایی بەردەست ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکان بگیرێنەبەر".
دوایین بڕگەی کۆبوونەوەکە: "ڕەشنووسی کۆتایی ( ڕێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ) خرایەڕوو کە لە لایەن لیژنەیەکی وەزاریی هاوبەش ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەچاوی ئەو تێبینیانەکرابوو کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە ماوەی پێشوو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو ، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان ڕەشنووسەکەی پەسەند کرد کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانیە لە هەرێم بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی گرێبەستیی نێوان خاوەنکار و کرێکاریی بیانی و کۆمپانیای هێنەری کرێکاری بیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت و پابەندیەکانی هەمووان ئاشکرا بێت و لە کاتی سەرپێچی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە و لە هەمان کاتدا ڕێنماییەکان بنەماکانی پاراستنی مافی کرێکاری خۆماڵی لەخۆگرتووە و پێدانی هەلی کار بە کرێکاری بیانی تەنها لەو دەرفەت و بوارانە دەبێت کە کرێکاری خۆماڵی ناتوانێت پڕیان بکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مافەکانی کرێکاری بیانی بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان بەشێکی گرنگی ڕێنماییەکە پێک دەهێنێت". ڕاگەیێنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وادەڵێت.
لەلایەکی دیکەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە 31-01-2024 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بووبێت کردوویەتی و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە.
گوتیشی "هەموو بیانووەکانی حکومەتی عێراقمان بڕیوە و چاوەڕوانین لە سبەیەوە ئەو پارەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی داوە بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین". وەزیری دارایی و ئابووری ئەمەشی گوت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە داوای 875 ملیار دیناری مانگانەی لە بەغدا کردبوو، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، ئەگەر بەغدا ئەو بڕە پارەیەش بنێرێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بخاتە سەر و مووچەی ئەم مانگەی پێ دابەش بکات.
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 37 خولەک لەمەوپێش
گەندەڵی دارایی لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عێراق ئاشکرا دەکرێت
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری درێژکردەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 تشرینی دووەم
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
21 تشرینی دووەم
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
دیمەنی چۆڵبوونی شەقامەکانی شاری هەولێر
- هەواڵ
- 20 تشرینی دووەم
سەرژمێری له گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر