خەلیل مەولانایی: دەنگدانەوەی گۆرانی 'فەریدە' بۆ خۆشم سوپرایز بوو

شەیری بکە لە:
خەلیل مەولانایی: دەنگدانەوەی گۆرانی 'فەریدە' بۆ خۆشم سوپرایز بوو

هونەرمەند خەلیل مەولانایی

ئاڤا نیوز

 

هونەرمەند خەلیل مەولانایی دوای چەندین ساڵ دەرنەکەوتنی لە ڕاگەیاندنەکان، قسە بۆ ئاڤا میدیا دەکات و دەڵێت، بەهۆی کەمتەرخەمی خۆیەوە دابڕاوە و باس لەوەش دەکات، دەنگدانەوەی بۆ گۆرانییەکەی "فەریدە"، تووشی سەرسووڕمانی کردووە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەمە یەکەمین چاوپێکەوتنی هونەرمەند خەلیل مەولاناییە دوای چەند ساڵێک و تێیدا لەبارەی بەرهەمەکانی خۆی، بەرهەمەکانی ئێستای هونەرمەندانی دیکە و هۆکاری کەمدەرکەوتنی قسە دەکات و دەشڵێت ئەگەر هونەرمەند نەبایە، حەزی دەکرد لە بواری خواردن و چێشتخانە کاری کردبایە.

 

لێدوانی فەرمی: لەبارەی ئەو دەنگدانەوە گەورەی بۆ گۆرانی 'فەریدە' دروست بوو، خەلیل مەولانایی بە ئاڤای گوت، "گۆرانی فەریدە  لە دوایین خولەکەکاندا بڕیارم دا لە نێو ئەلبوومەکەمدا دایبنێم،  بۆ خۆشم سوپرایزێک بوو کە ئاوا دەنگدانەوەی هەبوو".

 

تەواوی چاوپێکەوتنەکەی ئاڤا لەگەڵ هونەرمەند خەلیل مەولانایی:

 

ئاڤا: هونەرمەند خەلیل مەولانایی ئێستا سەرقاڵی چییە؟


خەلیل مەولانایی: زیاتر سەرقاڵی شاییەکان و بۆنە تایبەتەکانم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هۆڵێکی زەماوەندیشم هەیە کە سەرقاڵی کردووم.

 

ئاڤا: زانیاری هەیە لە هونەر دانەبڕاویت، بەڵام بۆ بەرهەمت کەمە؟


خەلیل مەولانایی: زیاتر لە هەموو شتێک کەمتەرخەمی خۆمە، یەکێک لەبەڵگە بەرچاوەکان بۆ دیارنەبوونم ئەوەیە لە باری ڕۆحییەوە و میلۆدییەک کە بە هەست و ناخی من بگات و بتوانێت هەستم دەرببڕێت و بەو جۆرەی پێم خۆشە، پەیدا ناکەم.

 

ئاڤا: ئەو ئاوازانەی ئێستا لە گۆرانییە کوردییەکاندا هەیە، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟


خەلیل مەولانایی: ئاوازە نوێیەکانی ئێستا هەستە کوردییەکەی تێدا نەماوە، تەنیا تێکست و زمانی کوردییە لە کاتێکدا میلۆدیەکان زیاتر بووە بە فارسی و تورکی و بیانی. من دەزانم کە ئەمە تا ڕادەیەک ئاساییە و دژی میوزیکی نوێ نیم، بەڵام ناکرێت میوزیکی خۆمان لەناوببەین و ڕەسەنایەتی گۆرانی کوردی بڕواتە کەنارەوە.

 

ئاڤا: بەشێک لە گۆرانییەکانت بە تایبەت 'فەریدە' و 'مەڕۆ مەڕۆ' دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو لەنێو خەڵک، بڕیارت داوە دووبارە بەو ستایلە کار بکەیتەوە؟


خەلیل مەولانایی: ئەو گۆرانیانە تەنیا بە هۆی کوردیی بوونیانەوە بوو کە بەو جۆرە دەنگدانەوەیان هەبوو،  چونکە هەر کوردێک کاتێک گوێ لە گۆرانییەکی کوردی و فۆلکلۆری دەگرێت هەستێکی جیاوازی هەیە. ئەگەر ئاوازدانەرێک هەبێت  بەو شێوەیە، پێم خۆشە ئاواز دابنێت، من پێشوازی لێ ئەکەم و پێم خۆشە گۆرانی نوێم هەبێت.


ئاڤا: لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆنسێرتت لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، پێتوایە گڕوتینی خەڵك کە جاران دەهاتن بۆ کۆنسێرتەکانت زیاتر بوو لە ئێستا؟
 
خەلیل مەولانایی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، چەند جارێک تەنیا  بۆ لایف میوزیک و بۆنە تایبەتەکان هاتووم بۆ سلێمانی و پێشوازییەکی باشیان لێکردووم، بەڵام بەراورد بە پێشوو ڕاستیەکەی نەخێر، هۆکارەکەشی دیار نەبوونی خۆم بووە.


ئاڤا: خەلیل مەولانایی ئەگەر هونەرمەند نەبووایە حەزی بە چ کارێکی دیکە دەکرد و شارەزایت لە چ بوارێکی دیکەدا هەیە؟

خەلیل مەولانایی: من بەر لەوەی بێمە نێو هونەری گۆرانی و میوزیکەوە، کاری وێنەکێشانم دەکرد،  بەڵام ئەگەر هونەرمەند نەبام حەزم لە بواری خواردن لێنان و چێشتخانەیە.

 

ئاڤا: زۆر کەس بە گۆرانی فەریدە تۆی ناسی، ئەم گۆرانییە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟


خەلیل مەولانایی: گۆرانی فەریدە  لە دوایین خولەکەکان دا بڕیارم دا لە نێو ئەلبوومەکەمدا دایبنێم، هونەرمەند هەوڵی خۆی دەدات، بەڵام  نازانێت  چیی دەبێت.  بۆ خۆشم سوپرایزێک بوو کە ئاوا دەنگدانەوەی هەبوو.

 

ئاڤا: پەیامی هونەریت چییە بۆ ئاڤامیدیا؟


خەلیل مەولانایی: دەستخۆشی لە ئاڤا میدیا دەکەم بۆ گرنگیدان بە کارە هونەرییەکان و بەسەرکردنەوەی ئەو هونەرمەندانەی ماوەیەکی زۆرە لەبەرچاو نین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: