چیرۆکی لەسێدارەدانی چوار گەنجەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ لە زیندان داوای چییان کردووە؟
- هەواڵ
- 30 کانوونی دووەم

ئاڤا دیجیتاڵ
هاوژینی یەکێک لە چوار گەنجە لەسێدارەدراوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قسەی بۆ ئاڤا میدیا کرد، وێڕای رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتەی درابووە پاڵیان، قسە و داواکاری ئەوانی پێش لەسێدارەدان گێڕایەوە.
چیرۆکی سەرەکی: ئەو چوار گەنجە کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن 29 ساڵ، خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵووم، تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان، محەممەد فەرامەرزی (هەژیر)، تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە هەواڵی لەسێدارەدانیان ڕاگەیێنرا.
لێدوانی فەرمی: جوانە تەیمەسی، هاوسەری موحسین مەزلووم، کە ساڵێک بوو هاوسەرگیریان کردبوو، لەبارەی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەی و سێ هاوڕێی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "ئەو تۆمەتانەی ئێران گوایە ئەو چوار گەنجە بریکاری مۆساد و هاوکاری ئیسرائیل بوون، بەتەواوەتی ناڕاستن و ڕەت دەکەینەوە، 19 مانگ بوو دەستگیرکرابوون، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێمە نەدراوە هاوژینەکانمان ببینین، تەنیا یەکجار کەسوکارەکانمان توانیویانە چاویان پێبکەوێت ئەویش پێش لەسێدارەدان بوو".
زانیاریی زیاتر: ئەو چوار گەنجە کوردە خێزانداربوون و تەنیا پژمان فاتیح خاوەنی منداڵ بووە و باوکی کوڕێکی پێنج ساڵی بووە بە ناوی سەباح، لەکاتی سەردانی کەسوکارەکانیان پژمان پێیگوتوون، "چەند مانگە داوای وێنەی سەباحی کوڕم دەکەم، بەڵام پێشانم نادەن و بە منیان گوتووە، ئەوکاتەی دەتبەینە بەر پەتی سێدارە نیشانتی دەدەین".
لە دیداری ئەو چوار گەنجە کوردەدا کە کەسوکاریان پێش لە سێدارەدانیان سەردانی زیندانی تارانیان کردبوو، هەر چوار گەنجەکە پێیان ڕایانگەیاندبوون، "دەزانین لە سێدارە دەدرێین، بەڵام ئێوە شین مەگێڕن و ڕەشیش مەپۆشن و بە هاوڕێیانمان بڵێن لە ئەگەری هەر ڕووداوێکدا خۆڕاگر و ورەبەرز بن و شانازی بە ئێمەوە بکەن".
جوانە تەیمەسی زیاتر دەڵێت، "کەسوکارانمان دوای لەسێدارەدان چوونە تاران بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکانیان، بەڵام تەرمەکانیان ڕادەستنەکراون و پێیانگوتراوە خۆمان لە شوێنێک بەخاکیان دەسپێرین کە خۆشتان نەزانن لە کوێن".
ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوای لەسێدارەدانی ئەو چوار گەنجەی کورد، مانگرتنی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، جوانە تەیمەسی لەمبارەیەوە گوتی"سوپاسی هەڵوێست و هاوخەمی خەڵک دەکەم، خەڵک بە تەواوی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سێدارەدانی ئەو چوار گەنجە تووڕەیە".
لەلایەکی دیکەوە: ئارام مودەریسی، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەبارەی ڕووداوەکەوە بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "ئەو چوار پێشمەرگەی ئێمە بە ئەرکی حیزبی چووبوونە شاری ورمێ و هیچ جۆرە چەکێکیان پێنەبوو و دەستگیرکرابوون، ئەو دەنگۆیانەی کە ئێران دەڵێت لە ئەسفەهان دەستگیرکرابوون ڕاستنییە و لەژێر ئەشکەنجەی توند و دروستکردنی سیناریۆ دانپێندایان بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتەکانی ئێران لەبارەی بوونی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ڕاست نییە".
مودەریسی زیاتر گوتی: "لەو 19 مانگەدا نە پارێزەر و نەکەسوکاریان نەیانبینیبوون و ڕۆژێک پێش لەسێدارەدانیان کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممە، بنەماڵەکانیان بانگکرابوون بۆ تاران بۆ چاوپێکەوتنیان، دوای بانگی بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە زیندانی قزڵ حەسار لەسێدارەدراون".
گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: لەبارەی مانگرتنی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئارام مودەریسی گوتی، "ئێستا وەک جارانی پێشوو خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان بە شێوازی مانگرتن دەستیان بە ناڕازایەتی دەربڕین کردووە، دەتوانم بڵێم لە سەرتاسەری کوردستان خەڵ دووکان و بازاڕیان داخستووە و نەچوونەتە سەر کار و دەوام، ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن".
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
فڕۆکەیەکی عێراقی لە جیاتی نەجەف؛ بەهەڵە لە بەغدا دەنیشێتەوە
- عێراق
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
پاسەوانی سنووری عێراق دەستبەسەر 30 هەزار حەبی کەپتاگۆندا دەگرێت
- عێراق
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق کار لەسەر پڕۆژەیەکی تایبەت بە بارانی دەستکرد دەکات
- کوردستان
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی ئاسایش: هێرشبەرەكەی ئەمڕۆی دهۆك سوورییە و سەر بە داعشە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
نانسی عەجرەم دێتە هەولێر و لە پاڤیلیۆن کۆنسێرت دەکات
15 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئەمڕۆوە شەپۆلی گەشتیاری ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
16 کاتژمێر لەمەوپێش
ژنانی ئێران بەشدارییان لە نوێژی جەژن کرد
31 ئازار
ئاڤا ڕەمەزانێکی ملیار بینەری تێپەڕ کرد
30 ئازار
ئایا خواردنەوەی چا بۆ خانمانی دووگیان زیانبەخشە؟
29 ئازار