پسپۆڕان: پێشنیازەکەی سەرۆكوەزیران بارزانی بۆ ڕێگەی گەشەپێدان ئابووریی کوردستان دەبووژێنێتەوە

شەیری بکە لە:
پسپۆڕان: پێشنیازەکەی سەرۆكوەزیران بارزانی بۆ ڕێگەی گەشەپێدان ئابووریی کوردستان دەبووژێنێتەوە

گرافیک: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە گفتوگۆدان لەسەر تێپەڕینی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستان و شارەزایانی ئابووریش دەڵێن، گرنگە هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لە پڕۆژەكە.

 

وێنە گەورەكە: یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەكان كە لە عێراقدا دەكرێت، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت ببێتە بەشێك لەو پڕۆژەیە، سەرۆكووەزیران بارزانیش دەڵێت، چەند پێشنیارێكمان بۆ باشكردنی پڕۆژەكە داوەتە حكومەتی عێراق و لە گفتوگۆداین لەو بارەیەوە.

 

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: "پێمان باشە ڕێگەکە لە زاخۆوە بۆ مووسڵ و هەولێر، دواتر کەرکووک و ئینجا بۆ بەغدا بڕوات، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، هۆکارەکە هەرچییەک بێت پلانێکی هەڵەیە. ئەو پێشنیازەشمان پێشکەش بەغدا کردووە، هێشتا نازانین بە چ جۆرێک دەبێت". سەرۆکوەزیران بارزانی، ئەو قسانەی لە پانێلێکی سیمپۆزیومی نێودەوڵەتیی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و دیموگرافیای عێراق کرد.

 

لێدوانی تایبەت: تارا شوان ـ پەرپرسی ئینستتیوتیی ئابووریی كوردی ـ ئەمریكی لەوبارەیەوە بە ئاڤا نیوزی گوت: "ئەگەر پڕۆژەی گەشەپێدان بۆ هەموو عێراق نەبێت، ئەوا عێراق تەنیا دەبێتە پردی گەیاندنی كەنداو بە ئەوروپا و عێراقی و کوردستانییەکان هیچ سودێكی لێنابینن، بەڵام بە پێی پێشنیازەکەی سەرۆکوەزیران بارزانی دەبێتە شاڕێیەكی ئابووری گرنگ".

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەهرۆز جەعفەر، دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی پەیمانگەی مەدیتەرانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بۆ ئاڤا نیوز گوتی: "هەرێمی كوردستان دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگی لە پڕۆژەکە هەبێت و دەتوانێت بەشێك بێت لە پارێزەری ئاسایشەکەی. بۆ ئەوەی بشبێتە بەشێك لە پڕۆژەكە پێویستە گەڕێكی دیپلۆماسیی و لۆبییەکی بەهێزی ناوخۆیی و ناوچەیی بكات".

 

باکگراوند: تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە. ڕێگەکە لە بەندەری فاوی باشووری عێراق دەست پێ دەکات و بە شارەکانی دیوانییە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و موسڵدا تێدەپەڕێت، پاشان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای شڕناخەوە دەچێتە نێو خاکی تورکیا و لە بەندەری مێرسینی سەر دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ئەوروپا.

شەیری بکە لە: