ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبێتەوە

شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ کۆدەبێتەوە

ئاڤا دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی گرنگی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێدەکات، لەوانە مووچە، هەموارکردنەوەی بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.

وێنە گەورەکە: سبەی چوارشەممە 31-1-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مەسرور بارزانی كۆدەبێـتەوە. بەپێی زانیارییەکان تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتین لە پرسی مووچە و بودجە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، دەنگدان لەسەر رەشنووسی رێنمایی كاركردنی کرێکارانی بیانی، ئەنجامی سەردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داڤۆس. 

لێدوانی فه‌رمی: پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ ئاڤا میدیای راگه‌یاند: لە كۆبوونەوەکە سه‌رۆكوه‌زیران بارزانی لەباره‌ی سەردانەكەی بۆ داڤۆس قسە دەكات. هاوكات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی له‌باره‌ی گفتوگۆكانی بودجە و مووچە و نوێترین پێشهاتەکان لەگەڵ بەغدا قسە دەکات. هه‌ر له‌ كۆبوونه‌كه‌دا كەمال محەممەد وەزیری سامانە سرووشتییەكان له‌باره‌ی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت قسه‌ ده‌كات. هەروەها د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان له‌باره‌ی رەشنووسی رێنمایی كاركردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان قسه‌ دەکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کێشەکانی نێوانیان بەتایبەت (مووچە و بودجە و نەوت) چوونەتە پێشەوە و پێشهاتی نوێ هەن. سێ رۆژ پێش ئێستا سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچە و هەموارکردنەوەی بودجە لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ مەبدەئییەن رێككەوتوون، تاوه‌كو پرسی مووچە لە ئینفاقی فیعلی (خەرجی راستەقینە) جیابكرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاكیمە"، ئێستاش چاوەڕوانی هەمواری ماددەی 11ی یاسای بودجە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

زانیاری زیاتر: دواتر ئاڤا میدیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی تایبەت، هەواڵی رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی لەبارەی خەرجی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بڵاوکردەوە. هەولێر و بەغدا لەبارەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت رێککەوتوون تێچووی هەر بەرمیلێک لە بودجەی ئەمساڵ بە 20.6 دۆلار دیاری بکرێت، ئەم نرخەش زۆر نزیکە لەوەی کۆمپانیاکان داوایان دەکرد، بەمەش یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت کە نزیکەی ساڵێکە راگیراوە.

ئێستا چی ڕوودەدات: ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیێنراوێکدا داوای کرد بەپەلە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە. ئەپیکور لە راگەیێنراوەکەیدا داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد بەر لە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی (کە تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیارینەکراوە)، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت و حکومەتی عێراق ناچاربکات دەست بە هەناردەکردنەوەی  بکاتەوە.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، بڕیارە له‌سه‌ر راسپارده‌ی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، به‌م نزیكانه‌ شاندی هه‌رێمی کوردستان بچێته‌وه‌ به‌غدا و، لەبارەی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هەمواری یاسای بودجە کارە تەکنیکییەکان تەواوبکەن، لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا بڕیار لەبارەی کاتی چوونی شاندەکە دەدرێت.


باکگراوند: رۆژی یەکشەممە 14-1-2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە تەوەرێکی سەرەکی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاردرا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە 618 ملیار دینار و 578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ مانگی یەکی ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بڕیارە لەم یەک دوو رۆژە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی درایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش لەگەڵ داهاتی ناوخۆ راستەخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ