لە نێوان 650 تا 750 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەیە

شەیری بکە لە:
لە نێوان 650 تا 750 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەیە

فەرمانبەرێكی عێراق لە كاتی وەرگرتنی مووچە لە بانكی رافیدەین

ئاڤا دیجیتاڵ

 

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، لە عێراق 650 تا 750 هەزار مووچەخۆری بندیوار هەن، بەڵام وەزیری دارایی عێراق پاساو بۆ نەناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێتەوە. 


چیرۆکی سەرەکی: لە نێوان 650 هەزار تا 750 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەن، تەیف سامی باش دەزانێت چەند سەد هەزار شەریفی بندیوار لە لیستی مووچەی عێراقدا هەیە!”، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  وا دەڵێت.


لێدوانی فەرمی: "لە چوارچێوەی ئەو پاساوە یەك لە دوای یەكانەی بۆ دواخستنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەیهێنێتەوە كە بەداخەوە ئامانج لێی برسیكردنی گەلی كوردستان و هەوڵدانە بۆ نانەوەی دووبەرەكی لەنێو هەرێمەكەماندا، هەرێمی كوردستان پێشتر لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم، چاكسازییەكی گەورەی كرد و مووچەی سەرجەم ئەوانەی بڕی كە زیاتر لە مووچەیەكیان هەبووە". ئەمە گوتەی مەریوان قەرەنییە بۆ ئاڤا میدیا.


جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت " بۆیە هیچ گومانێكمان لەوە نییە كە ئەو پاساوەی باسی دەكەن راست نییە و تەنانەت یەك كەسیش نییە زیاتر لە مووچەیەكی هەبێت، مەگەر یاسا خۆی ڕێگەی بەوە دابێت، بۆ نموونە كەسێك مووچەخۆر بێت، لە هەمان كاتدا وارسی شەهید بێت، ئەوە یاسا ڕێگەی داوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانێكی عێراق پێی گوتم كە 650 هەزار بندیوار لە عێراقدا هەن".


بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: ڕەحیم دەڕاجی كە سەرۆكی جووڵانەوەی (كفی)یە، ئەو دەڵێت 750 هەزار مووچەخۆری بندیوار لە عێراق هەن، پێشتر لە میدیاكانەوە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق  ئەوەی ڕاگەیاندووە كە سەدان هەزار بندیواریان تێبینی كردووە كە مووچە لە حكوومەتی فیدڕاڵی وەردەگرن.

 

چارەسەر: "باشترین چارەسەر بۆ تەیف سامی تاوەكو بتوانێت شەریفە بندیوارەكانی نێو لیستی مووچەكەی عێراق بدۆزێتەوە، ئەوەیە كە سوود لە ئەزموونی پرۆسەی بایۆمەتریی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەویش ئەگەر بوێرێت داوای ناو و ژمارەی لیستی مووچەخۆرانی (دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكانی عێراق، حەشدی شەعبی، وەقفی شیعی و زۆر جێگەی دیكەش) بكات"، مەریوان قەرەنی وای گوت.


لەلایەكی دیكەوە: ئەمڕۆ دووشەممە ڕێککەوتی 29-01-2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤا میدیای گوت "وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژمارێکی بانکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بخاتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".


بەگوتەی ڤیان سەبری "  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  15 ڕۆژ پێش ئێستا بریاری لەسەر ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان داوە، بۆیە لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق پێویستە پابەندی بڕیارەکە بێت و وەکوو خۆی جێبەجێبکات، بەڵام وەزیری دارایی بەهۆی کۆمەڵێک بیانووی نایاسایی پابەندی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران نەبووە،  کێشەی بۆ ناردنی پارەکەی هەرێم دروستکردووە".


زانیاری زیاتر: بڕیار وایە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا 618 ملیارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەیشتنی پارەکە ڕاستەخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ