گڕی جەنگی غەززە و پریشکی پڕژاو بە ناوچەکەدا

شەیری بکە لە:
گڕی جەنگی غەززە و پریشکی پڕژاو بە ناوچەکەدا

ئاڤا دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ دووشەممە، هێرشی ئاسمانی و شەڕێکی کوشندە غەززەی گەمارۆدا، سەرباز و تانکەکان بە نێو شارەکەدا دەڕۆن و هێشتا دەنگی تەقینەوە و تەقە دەبیسترێت، دوێنێش سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن کوژران و مەترسی فراوانتربوونی جەنگ لە ناوچەکەدا زیاتر بووە.


چیرۆکی سەرەکی: سوپای پیادەی ئیسرائیل بە پشتیوانیی تانکەکان لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە شەڕیان چڕکردەوە، وەزارەتی تەندروستی سەر بە حەماسیش ڕایگەیاند کە بۆمببارانی ئەمشەوی غەززە 140 کەسی کوشتووە، 20 کەسیان لە یەک خێزان بوون.


دەوترێت گوایە شەڕکەرەکان لە نێو توونێلەکانەوە شەڕ دەکەن و خۆیان حەشار داوە، کە ئەم توونێلانە بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر ژێر شاری غەززەیان تەنیوە و ئەمڕۆ سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند یەكێك لەو تونێلانە لەژێر گۆڕێكدا بووە.


هاوکات گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێک، تا لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا ئیسرائیل و حەماس گیراو و بارمتەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتن و ڕێککەوتنێک ڕانەگەیەنراوە.


دوێنێش بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەسەر سنووری ئوردن و عێراق و سوریا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و لانیکەم ٣٤ سەربازی تر برینداربوون،  ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئێرانی تۆمەتبار کرد و ئێرانیش نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی دەکات.


ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گیانی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا وای کرد مەترسیی فراوانبوونی شەڕی غەززە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ببێت.

 

لێدوانی فەرمی: نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی گفتوگۆی ئاگربەستەوە ڕایگەیاند "گفتوگۆکان بونیادنەر بوون، بەڵام درزی گەورە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، کە پێویستە لایەنەکان ئەم هەفتەیە لەسەریان ڕێکبکەون".


لەلایەكی دیكەوە: ئیتامار بێنگویر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئەگەر نامانەوێت حەوتی تشرینی یەکەمێکی تر ڕوو بداتەوە، ئەوا دەبێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەین".


سامی ئەبو زوهری، وتەبێژی حەماس ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئوردن پەیامێکە بۆ ئەمریکا و  دوژمنکارییەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان مەترسیی تەقینەوەی جەنگی ناوچەیی لێ دەکرێت".


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ڕۆژانی ڕابردوودا واشنتن پۆست هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە دەڵێت "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ولیەم بۆرنسی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) دەنێرێت بۆ دانووستان لەسەر ئاڵوگۆڕی زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر وەستاندنی دژایەتییەکانی ئیسرائیلدا" سەرچاوەیەکیش ئەم هەواڵەی بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس پشتڕاست کردەوە.


وێنە گەورەكە: لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە،  ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان کردووەتە سەر میلیشیاکانی یەمەن و سووریا و لوبنان و عێراق، کە ئێران پاڵپشتیی هەموویان دەکات ، توندوتیژییەکانیش بەردەوامن.


ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر سنووری ئیسرائیل ڕۆژانە دەکەونە شەڕەوە ، حووسییەکانی یەمەنیش چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە سەربازیی و بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور، کە بەریتانیا و ئەمریکاش لە تۆڵەدا بۆمببارانیان کردوون.


زیاتر لە 150 جار هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق و سوریا بە ئامانج گیراون، بەرگریی ئیسلامیی عێڕاق، کە هاوپەیمانێکی گرووپەکانی سەر بە ئێرانە، بەرپرسیارێتیی زۆربەی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.

 

کاریگەری و لێکەوتەکان: جەنگی غەززە ئاوارەبوون و برسێتییەکی زۆری بڵاو کردووەتەوە. ڕێکخراوی بەرنامەی جیهانیی خۆراک هۆشداریی داوە لەوەی بارودۆخی ناوچەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت.


دوای ماوەیەک لە تێکچوونی نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی پەنابەرە فەڵەستینییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNRWA، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرکەوت لانیکەم دوانزە کارمەندی ئەم ڕێکخراوە دەستیان لە هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەمدا هەبووە، کە جەنگی حەماس ئیسرائیلی هەڵگیرساند.


چەندین وڵات، لەوانە ئەمریکا، ئوستورالیا، کەنەدا، فینلاند، ئەڵمانیا، ئیتالیا، سویسرا، هۆڵاند، بەریتانیا، ژاپۆن پیتاکی ڕێکخراوەکەیان ڕاگرت، ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە نابێت ئەو ڕێکخراوە دوای جەنگ هیچ کارێک بکات.


لە ناو ئیسرائیلیشدا بەرەیەک پشتیوانی لە جەنگەکە دەکەن و بەرەیەکی تر خۆپیشاندان دەکەن و داوا دەکەن حکومەت کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ غەززەییەکان دروست بکات.


زانیاریی زیاتر: ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا غەزەی گرت، لە ساڵی 2005دا سوپای لەوێ کشاندەوە و لە ساڵی 2007ەوە بە دەست بزووتنەوەی ئیسلامیی حەماسەوەیە.


باکگراوند: بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا هێرشێکی دەستپێشخەریی لەناکاویان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 140 کەسیان کوشت، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. پاش کوشتنی زۆرێک لەوانەی بەر دەستیان دەکەوتن،  نزیکەی 250 سڤیلیان وەك بارمتە گرت، کە هێشتا نزیکەی 132یان لە غەززەی ئابڵۆقەدراودا ماون ، نزیکەی لانیکەم 28 تەرمی بارمتەشیان لایە.


دوای ئەم هێرشانەش ئیسرائیل بەڵێنی دا حەماس لە ناو ببات و ناتانیاهۆ هەڕەشەی  "سەرکەوتنی تەواو" ی بەسەر حەماسدا دا. لەو کاتەوە چەندین هێرشی کردووەتە سەر حەماس و کەرتی غەززە و تا ئەمڕۆ لانیکەم بیست و شەش هەزار و 422 کەسی کوشتووە، کە وەزارەتی تەندروستیی غەززەی سەر بە حەماس دەڵێت "زۆربەیان ژن و منداڵ بوون".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان