
ئاڤا دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو سبەی بەغدا 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بۆچی گرنگە: لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.
لێدوانی فەرمی: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە 29-1-2024، تاوەکو سبەینێ سێشەممە 618 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆران بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان. باسی لەوەش کرد کە نابێت ناردنەکە زیاتر دوابخرێت و پێویستە پێش سەری مانگ پارەکە بنێردرێت.
هاوکات ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای راگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژمارێکی بانکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بخاتە سەری.
ڤیان سەبری گوتیشی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 15 رۆژ پێش ئێستا بڕیاری لەسەر ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان دا، بۆیە لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق پێویستە پابەندی بڕیارەکە بێت و وەکو خۆی جێبەجێی بکات، بەڵام وەزیری دارایی بەهۆی کۆمەڵێک بیانووی نایاسایی بە بڕیارەکە پابەند نەبووە و کێشەی دروستکردووە.
باکگراوند: رۆژی یەکشەممە 14-1-2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە تەوەرێکی سەرەکی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بڕیاردرا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە 618 ملیار دینار و 578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ مانگی یەکی ساڵی 2024 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەمە لەکاتێکدا بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ مووچە داوای 875 ملیار دیناری مانگانەی لە بەغدا كردبوو، تاوەکو یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە.
خاڵە ئەرێنییەکان: پرسی مووچە کێشەیەکی بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە، بڕیارە بە هەموارکردنەوەی بودجە کێشەکە بەیەکجاری چارەسەربکرێت و مووچە لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیاش، هەردولا مەبدەئییەن رێککەوتوون، بەمپێیە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموو سەرەمانگێک لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق مووچە وەردەگرن. لە بودجەی ئەمساڵ زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
رێککەوتنەکە چۆنە: دوو رۆژ پێش ئێستا سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای گوت: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچە و هەموارکردنەوەی بودجە لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ رێككەوتوون، تاوهكو پرسی مووچە لە ئینفاقی فیعلی (خەرجی راستەقینە) جیابكرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاكیمە"، ئێستا چاوەڕوانی هەمواری ماددەی 11ی یاسای بودجە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە".
زانیاری زیاتر: دوێنێش ئاڤا میدیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی تایبەت، هەواڵی رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی لەبارەی خەرجی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بڵاوکردەوە. هەولێر و بەغدا لەبارەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت رێککەوتوون تێچووی هەر بەرمیلێک لە بودجەی ئەمساڵ بە 20.6 دۆلار دیاری بکرێت، ئەم نرخەش زۆر نزیکە لەوەی کۆمپانیاکان داوایان دەکرد، بەمەش یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت کە نزیکەی ساڵێکە راگیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، بڕیارە لهسهر راسپاردهی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بهم نزیكانه شاندی ههرێمی کوردستان بچێتهوه بهغدا و، بۆ پرسی مووچهی فهرمانبهران و هەمواری یاسای بودجە کارە تەکنیکییەکان تەواوبکەن.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هاکان فیدان سەردانی فەرەنسا دەکات
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
وەقفی سوننی عێراق بەهۆی ڕۆژی جەژنەوە سزای مامۆستایەکی ئایینی دەدات
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە تورکیا سزای مێتا دەدات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
عێراق و هەرێمی کوردستان بە جیا پەنا بۆ بەکارهێنانی بارانی دەستکرد دەبەن
2 کاتژمێر لەمەوپێش
نانسی عەجرەم دێتە هەولێر و لە پاڤیلیۆن کۆنسێرت دەکات
1 نیسان
لە ئەمڕۆوە شەپۆلی گەشتیاری ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
1 نیسان
ژنانی ئێران بەشدارییان لە نوێژی جەژن کرد
31 ئازار
ئاڤا ڕەمەزانێکی ملیار بینەری تێپەڕ کرد
30 ئازار